ڕاپۆرتی جیهانی

03:42 - 20/01/2021

وتاری ماڵئاوای دۆناڵد ترەمپ‌

پەیسەر

رۆژی 19 ی کانوونی دووەم 2021، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دواین وتاری خۆی وەک چل و پێنجەمین سەرۆکی ئەمریکا پێشکەش کرد.

لە وتارەکەیدا،  دۆناڵد ترەمپ، سوپاسی خێزانەکەی، ئەندامانی کابینەکەی، کارمەندانی کۆشکی سپی و خەڵکی ئەمریکا کرد و چوار ساڵی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی خۆی وەک پڕ شانازیترین ماوەی ژیانی  لە قەڵەمدا. پاشان ، باسی دەستکەوتەکانی حکومەتەکەی کرد.

ترەمپ ئەوەی بەبیرهێنایەوە، یەکەمین سەرۆکی ئەمریکایە پێشینەی سیاسی نەبووە و وازی لە خۆشگوزەرانی خۆی هێناوە، تاوەکو بتوانێت خزمەت بە وڵاتەکەی بکات و گەورەترین بزوتنەوەی سیاسی لە ئەمریکا بە یارمەتی خەڵک دروستبکات.

ترەمپ جەختی لەوەکردەوە، لە دەستووری کاری ئەودا چەپگەرای و راستگەرایی نەبووە و هەمیشە ئەوەی لە بەرژەوەندی گەلی ئەمریکادا بووە ئەنجامم داوە.

ئەو سەرەرای باسکردنی دەستکەوتە زانستی، سیاسی و ئابورییەکانی حکومەتەی، ئاماژەی بەوەدا "جیهان دووبارە رێز لە ئێمە دەگرێتەوە، تکایە ئەم ڕێزگرتنە لەدەست مەدەن."

لە درێژەی قسەکانیدا ترەمپ گوتی "حکومەت دەبێت وەڵامی خەڵك بداتەوە و ئێمە لێرەین تاوەکو خزمەت بە خەڵك بکەین. من لە ماوەی سەرۆکایەتیم قورسترین کارم ئەنجامداوە، چونکە ئێوە منتان لەبەر ئەوە هەڵبژاردبوو، تاوەکو  خەڵكی ئەمریکا بتوانن دووبارە کۆنترۆڵی وڵاتەکەیان بگرنەوە دەست."

گوتیشی "من بیر لەو مەترسیانە دەکەمەوە کە هەڕەشە لە میراتمان دەکات. وەک بەهێزترین گەلی جیهان، هەمیشە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە هەرەشەمان لێکراوە، بەڵام گەورەترین مەترسی لەدەستدانی باوەربەخۆبوونمانە، باوەر بە مەزنێتیمانە."

 لە بەشێکی دیکەی دوا وتاریدا، چل و پێنجەمین سەرۆکی ئەمریکا گوتی:کلیلی مەزنێتی وڵات پاراستنی شوناسی نیشتیمانی و میراتیەتی کە پەیوەستە بە هەموو خەڵكی ئەمریکاوە و ناوەندی ئەم میراتە بەجێماوەش باوەڕبوونی بەهێزە بە ئازادی رادەربڕین  و ئازادی قسەکردن. ئەگەر لەبیری بکەین کێین و چۆن گەشتووینەتە  ئێرە، ئەوکاتە سانسۆری سیاسی و لیستی رەشی کەسەکان جێگەی ئازادی رادەربڕین لە وڵاتدا دەگرێتەوە. لە ئەمریکادا، ئێمە واز لە بیروباوەڕی خۆمان ناهێنین بۆ ئەوانی دیکە و خەڵکی ئەمریکا، خەڵکێکی شەرمن نییە بە رۆحیەتێکی رامکراوەوە پەنا بۆ پاراستنی رکابەرەکانیان ببەن. لەماوەی  250 ساڵی رابردوودا، خەڵکی ئەمریکا هەموو ئاڵنگارییەکانیان بە ئازایەتی و هێز و سەربەخۆیەوە تێپەڕاندووە."

 سەبارەت بە چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەی خۆشی ترەمپ بەمجۆرە دوا"لە چوارساڵی رابردوودا، وێنەیەک کە لە سەرووی هەموو وێنەکانەوە لە زیهنمدا بوو، هەزاران هەزار خەڵك بوو کە بەدرێژای گەشتی من، لەگەڵ خێزانەکانیان لە هەردوو بەری ڕێگاوە وەستابوون، تاوەکو تێپەڕین و ئاڵاکانیان راوەشێنن. من ئەزانم ئەوانە تەنها بۆ پشتگیریکردن لە من نەهاتبوون، بەڵکو هاتبوون تاوەکو پشتگیری و ڕێزگرتنیان سەبارەت بە وڵات بە من نیشان بدەن.
ئێمە دەبێت هەمیشە وڵاتی ئومێد و نور و شکۆ بین  بۆ هەموو جیهان. ئەمە میراتێکە کە دەبێت بەهەموو شیوەیەک بیپارێزین.

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، لە زۆر جێگای دنیاداشەڕم بۆ خەڵکی ئەمریکا کردووە و لە ئێستاشدا بەهەمان شیوە ئامادەم کە حکومەت رادەست بکەم ، دەمەوێت بزانن بزووتنەوەیەک کە  دەستمان پێکردووە، تازە سەرەتایەتیی و هەرگیز  شتێکی لەوجۆرە نەبووە.باوەرێک کە  گەلێک دەبێت خزمەت بە هاووڵاتیانی بکات، هەڵنەوەشاوەتەوە، بە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهیزتر دەبێت، تا کاتێک خەڵكی ئەمریکا عەشقی پاک و قوڵیان بۆ وڵاتەکەیان لە دڵدا بێت، شتێک بوونی نییە ئەو گەلە نەتوانێت بەدەستی نەهێنێت."
.
لە کۆتایدا گوتی "من بەدڵێکی خۆشحاڵ و وەفادار، رۆحێتێکی ئەرێنییەوە و متمانەی تەواوەوە، بەوەی کە باشترینەکان هێشتا بۆ وڵاتەکەمان و نەوەکانمان نەهاتووە، ئەم جێگەیە بە شکۆوە واز لێدێنم سوپاسی هەمووتان دەکەم. خوا پشت و پەنای ئێوە و ئەمریکا بێت."