ڕاپۆرتی جیهانی

03:48 - 20/01/2021

باجی رووکردنە مۆسکۆ؛ ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەڕەشە لە تورکیا دەکات‌

پەیسەر

ئەنقەرە بەبێ گوێدانە واشنتن رووی لە مۆسکۆ کرد و ئێس ٤٠٠ی کڕی، ئەمریکاش وەڵامی دایەوە و چەند سزایەکی بەسەر تورکیادا سەپاند، بەڵام ئیدارەی نوێی ئەمریکا پێی وایە سزاکان کەمن، هەر بۆیە بلینکن وەزیری داهاتووی دەرەوەی ئەمریکا تورکیا بە "بە ناو هاوپەیمان" ناو دەبات و دەڵێت "بە سزاکاندا دەچینەوە و چاویشمان کراوەیە."

پەیامێکی روون لە بلینکنەوە
ئەنتۆنی بلینکن کاندیدی جۆ بایدن ٤٦مین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی تورکیا کرد، هۆشداریشی داوە لە نزیکبوونەوەی زیاتری ئەنقەرە لە مۆسکۆ.

بلینکن لە دانیشتنی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی کۆنگرێسدا قسەی کرد و وتی، "هاوئاڕاستەیی و نزیکی هاوپەیمانێکی ستراتیژی، واتە بە ناو هاوپەیمانی ستراتیژیمان لەگەڵ روسیا کە یەکێکە لە رکابەرە ستراتیژییە گەورەکانمان، مایەی قبوڵکردن نییە."

بەکارهێنانی "هاوپەیمانی بە ناو ستراتیژی" بۆ تورکیا پەیامێکی روون و ئاشکرای ئیدارەی نوێی ئەمریکایە بۆ تورکیا کە هەمان هەڵوێستی ئیدارەی پێشووییان هەیە دژی نزیکبوونەوەی ئەنقەرە لە مۆسکۆ، بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠وە هەیە.

سزادانی تورکیا
ناوەڕاستی مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئەمریکا دەستی بە سەپاندنی سزاکان بەسەر تورکیادا کرد، ئیدارەی ترەمپ بەپێی ماددەی ٢٣١ لە یاسای سەپاندنی سزا بەسەر دوژمنانی ئەمریکا سزای بەسەر تورکیادا سەپاند و سزاکانیش پیشەسازی تورکیایان بەئامانج گرت.

سزاکان پێدانی مۆڵەت و بەڵگەیان بە پیشەسازی بەرگریی سەرۆکایەتی کۆمار راگرتووە کە کەلوپەلی تەکنۆلۆجی هەناردە بکەن.

هەر بەپێی سزاکانی ئەمریکا، تورکیا ناتوانێت هاوکاری دارایی و قەرز لە ئەمریکا و ئەو دەزگایانەش وەربگرێت کە هاوپەیمانی ئەمریکان. هەروەها سزای ئیسماعیل دەمیر سەرۆکی پیشەسازی بەرگری تورکیا و سێ کەسی دیکەی دەزگاکە درا کە رۆڵیان هەبووە لە کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی بۆ تورکیا.

جەختکردنەوەی بلینکن لەسەر سزاکان
بلینکن لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژە بە سزاکانی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "تەماشای کاریگەریی سزاکانی ئێستا بۆ سەر تورکیا دەکەین، دواتریش بەپێی ئەوە بڕیار دەدەین ئایا پێویستە سزاکان زیاد بکەین یان نا."

پەیامەکەی بلینکن کە بۆ دەستبەکاربوون وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێویستی بە دەنگدانی کۆنگرێس هەیە، جدییەتی ئەمریکا بۆ دژایەتی نزیکبوونەوەی تورکیا لە روسیا دەردەخات کە مایەی چاوپۆشیلێکردن نییە.

بلینکن دەربارەی رەفتاری تورکیا بە روون و ئاشکرایی قسەی کرد و هۆشداری بە تورکیا دا، "تورکیا لە زۆر ڕووەوە وەک ئەوەی پێویستە لەسەری، وەک هاوپەیمان رەفتار ناکات، ئەمەش بۆ ئێمە کێشەیەکی جددی، زۆر جدییە، لەم رووەوە چاو کراوەین."


فروانکردنی سزاکان
دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی نزیک و بەرژەوەندیخوازانەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان هەبوو، بۆیە بەشێوەیەکی سەیر نەرم و نیانی بەرامبەر سەرۆکی تورکیا دەنواند و هەمیشە وەک دۆست و هاوپەیمانی وڵاتەکەی ناوی دەبرد، هەر بۆیە نزیکبوونەوەی تورکیا لە دوژمنە هەرە گەورە و مێژوویەکەی وڵاتەکەشی نەبووە هۆی ئەوەی سزای "زۆر توند" بەسەر ئەنقەرەدا بسەپێنێت.

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە چاوەڕوان دەکرێت بایدن ئاستی سزاکان بۆ سەر تورکیا فراوان و توندتر بکاتەوە، چونکە رەنگە ئیدارەی نوێ پێی وابێت سزاکان کەمترن لەو هەڵە گەورەیەی تورکیا کردوویەتی و لە دوژمنەکەی واشنتن نزیکبووەتەوە.

ئەنتۆنی بلینکن کێیە؟
ئەنتۆنی جۆن بلینکن لە ١٦ی نیسانی ١٩٦٢ لە شاری نیویۆرک لەدایکبووە، ساڵی ٢٠٠٢ لەگەڵ ئیڤان ریان هاوسەرگیری کردووە، سەر بە پارتی دیموکراتە، دکتۆرای لە یاسا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا تەواو کردووە، نووسەری کتێبێکە بە ناوی (Ally Versus Ally: America, Europe, and the Siberian Pipeline Crisis).

لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٨ بەڕێوەبەری کارمەندانی دیموکرات بووە لە لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی سەر بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بووە و لەنێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە.


بەرەو پۆستە گەورەکە
بلینکن ماوەی ٣٠ ساڵە لە بواری پەیوەندییە دەرەکییەکانی ناو حکومەتەکانی ئەمریکادا کاری کردووە و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، لە حاڵەتی بەدەستهێنانی متمانەی سێناتی ئەمریکا، دەبێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کابینەکەی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.

چاوەڕوان دەکرێت بلینکن پەیڕەوی سیاسەتی گەڕانەوە بۆ ئەو پەیوەندییانە بکات، کە لە سەردەمی کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ زیانیان بەرکەوت، واتە گەڕانەوە بۆ بە بەڕێبەریکردنەوەی ئەمریکا.


دۆستەکەی رۆژئاوای کوردستان و رکابەرەکەی تورکیا
بلینکن لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی رۆژئاوای کوردستانە و تورکیاناسێکی دیاریشە، بە ئاشکرا پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان دەکات و ئەمەش کردوویەتی بە دوژمنی تورکیا.

بلینکن یەکێک بوو لەوانەی بە توندی رەخنەی لە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان گرت و وتی، " بە کشانەوەی لە سووریا، دۆناڵد ترەمپ متمانەی ئەمریکای شکاند، کوردەکانیش کە هاوپەیمانی ئەمریکان لە شەڕی دژی داعش لە دۆخێکی ناهەمواردا بە تەنیا بەجێمان."

بلینکن پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات کە پێکهێنەرە سەرەکییەکەی یەکینەکانی پاراستنی گەلە، لەگەڵ ئەوەی دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزی تورکیا، بە نوێنەرایەتی ئۆباما سەردانی ئەنقەرەی کرد و پشتیوانی بۆ تورکیا دەربڕی، بەڵام دواتر دەستی بە دژایەتیکردنی سیاسەتی تورکیا لەبارەی قوبرسەوە کرد.

برینکلن چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا دیدار و کۆبوونەوەی هەبووە.

وتارەکەی برینکلن و کورد
لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی (The New York Times)
دژایەتی بڕیارەکەی ترەمپی کرد بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ئەوەش دوای گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئەردۆغان.

لە بەشێکی وتارەکەیدا نووسیویەتی، "وەک جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەمەبەستی رێککەوتن و یەکلاکردنەوەی بابەتی بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات چەند کاتژمێرێکم لەگەڵ هاوڕێ تورکەکاندا بردەسەر. تورکەکان دژایەتی ئازادکردنی منبج و بابەتی رەقەیان دەکرد، هەڕەشەی داخستنی بنکەی ئینجیرلیکیان بە رووی فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکرد و هەوڵی خاوکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە تیرۆریان دەدا."

بلینکن بەم جۆرە بەردەوام دەبێت، "لە ناو میدیای تورکیادا هەڵوێستی دژە بە ئەمریکا زیاتر دەبوو، بۆیە بەردەوام ئۆباماش راستەوخۆ پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە دەکرد. ئەگەر سەرۆک ترەمپ ئامۆژگاری پنتاگۆن بۆ پڕچەککردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات جێبەجێبکات، ئەوا تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ راگرتنی ئەردۆغان لە کەشتییەکەی و توانا دیپلۆماسییەکانی."