ڕاپۆرتی جیهانی

11:46 - 22/01/2021

چیرۆکی وهان؛ ساڵێک لەژێر سێبەری کۆرۆنا‌

پەیسەر


ساڵێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهان تێپەڕیوە و هێشتا شارەکە لە ترس و لەرزدایە، تیمی رێکخراوی تەندروستی جیهانیش لە شارەکەن و سەرقاڵی دۆزینەوەی سەرەداوی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەن، چیرۆکی شارەکە لەگەڵ کۆرۆنا چۆن بوو؟

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩، چین تۆمارکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند و ڤایرۆسەکەش لە ماوەیەکی کەمدا بە وڵاتانی جیهاندا بڵاوبوویەوە. یەکەم حاڵەتی کۆرۆنا لە ١١ی مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا تۆمار کرا. بەرپرسانی چین لە ٢٠ی مانگ رایانگەیاند، ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

لە ٢٣ی مانگی یەکدا شاری وهان کەرەنتینە کرا، وێنەکانی شاری وهان بووە شۆکێک بۆ جیهان و ترس و دڵەڕاوکێی خستە دڵی مرۆڤایەتییەوە.

یەکێک لە وێنە بەناوبانگەکان پاکژکردنەوەی شانۆیی کیانتی بوو لە شاری وهان، لەلایەن گروپێکەوە بە ناوی "ئاسمانی شین".

شارە ١١ ملیۆنییەکەی وهان چۆڵ و هۆڵ دەبینرا و بوو بە شۆکێکی جیهانی.

بۆ ئەوەی رێگری لە چوونە دەرەوەی خەڵکی شارەکە لە ماڵ بکەن، بەرپرسانی شاری وهان بەربەستیان دروستکرد.

بەشێک لە دانیشتوانی شارەکە لە پشتی بەربەستەکانەوە کڕین و فرۆشتنیان دەکرد.

کەرەنتینەی شارەکە ٧٦ رۆژ بەردەوام بوو.

سەرەڕای دۆخی خراپی شارەکە، وڵاتانی رۆژئاوا رەخنەیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە چین دەگرت.

بازاڕی ئاژەڵانی (Huanan) داخرا کە گومان دەکرا سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بووبێت.

سپی پۆشەکانی وهان، تاکو چواری مانگی سێ بەردەوام بوون لە پاکژکردنەوەی بازاڕی ئاژەڵانی شارەکە.

لە سەرەتای مانگی دوو، نەخۆشخانەیەک بۆ تووشبوانی کۆرۆنا دروستکرا و لە ماوەی هەشت رۆژدا تەواو کرا.

ئەم وێنەیە لە هەرە وێنە بینراوەکانی شاری وهان بوو، کە بریتییە لە ژووری چاودێری ورد.

دکتۆر لی وێنلیانگ لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە هۆشداریدا، هەر بۆیە لەلایەن حکومەتەوە دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجامدرا. لە حەوتی مانگی دوو لی بەهۆی توشبوون بە کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.

لە ١٧ی مانگی دوو، سوپای رزگاری نیشتمانیی چین بۆ هاوکاری شارەکە، روویان لە وهان کرد.


شی جیپینگ سەرۆکی چین لە ١٠ی مانگی سێ سەردانی وهانی کرد، وتارەکەی سەرۆکی چین بۆ وهانییەکان لە شاشە گەورەکانی شارەکەوە بڵاوکرایەوە.

لە ١٨ی مانگی سێ ژمارەی توشبوون بە کۆرۆنا هاتەوە سفر. ئەو کارمەندە تەندروستییانەی لە دەرەوەی شارەکەوە هاتبوون گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان.

لە هەشتی مانگی چوار بە فەرمی کەرەنتینەی شارەکە کۆتایی پێهێنرا. بەم جۆرەش خەڵکی شارەکە دوای ٧٦ رۆژ توانیان بڕۆنە دەرەوەی شارەکە. فڕۆکەخانەکان لە گەشتیار جمەیان دەهات.

لە کاتێکدا ڤایرۆسەکە جیهانی گیرۆدە کردبوو، خەڵکی وهان سەرقاڵی ئاهەنگێڕان بوون بەبەۆنەی سەری ساڵیانەوە.

لە ئێستادا تیمێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە شاری وهانن و دەیانەوێت بگەن هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.