ڕاپۆرتی جیهانی

12:31 - 22/01/2021

باشترین جێگرەوەکان بۆ وەتس ئەپ لە ساڵی 2021 چین؟‌

دوای راگەیاندنی سیاسەت و مەرجە نوێیەکانی، زۆرێک لە بەکارهێنەرانی وەتس ئەپ نیگەرانن و بەدوای جێگرەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێن بۆ بەکارهێنان. چەندین ئەپی دیکە هەن کە لە ئێستادا لە وەتس ئەپ زیاتر ئەمنییەت و خزمەتگوزاریان تێدایە بۆ بەکارهێنان.

هەموو بەکارهێنەرانی وەتس ئەپ لە 8ی شوباتی ئەمساڵدا، ناچارن رازیبن بە مەرجە تایبەتییە نوێیەکانی ئەم ئەپڵیکەیشنە، ئەگەر بەکارهێنەران رازی نەبن بەو مەرجانە، ئەوا لەو بەروارەدا ئەکاوتنی وەتس ئەپەکانیان دەسڕێتەوە.
ئەم هەنگاوەی وەتس ئەپ وایکردووە بەکارهێنەرانی بەدوای جێگرەوەیدا بگەڕێن.

تەنانەت دامەزرێنەرانی وەتس ئەپ، کە ئەم بەرنامەیان لە ساڵی 2014 بە بڕی 18 ملیار دۆلار بە فەیسبووکیان فرۆشت، رەخنەی لێدەگرن. برایان ئاکتۆن، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم ئەپڵیکەیشنە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە ساڵی 2018 گوتی " من بۆ قازانجی زیاتر، تایبەتمەندیە تایبەتەکانی بەکارهێنەرانم فرۆشتووە."
ئەم بەرنامەیە لە ئێستادا سەر بە فەیسبووکە و زیاتر لە 2 ملیار بەکارهێنەری لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە. بۆیە، تەنانەت ئەگەر چەند ملیۆنێکیش بڕیابدەن وازی لێ بهێنن، وا چاوەڕوان ناکرێت کاریگەرییەکی سەرەکی لەسەر دڵخوازی و بەکارهێنانی ئەم ئەپلیکەیشنە دابنێت.
بۆ ئەوکەسانەی کە نارازین لە سیاسەت و مەرجە نوێیەکانی ئەم بەرنامەیە، ئەوا چەندین بەرنامەی دیکە هەن و لە ئێستادا دەتوانن وەک جێگرەوەی وەتس ئەپ بەکاری بهێنن

تێلیگرام (Telegram)
تێلیگرام یەکێکە لەو بەرنامانەی کە لەزۆر رووەوە لە وەست ئەپ دەچێت و خزمەتگوزاری تایبەتی زیاتریشی لەو هەیە.
پاوڵ دورۆڤ، دامەزرێنەری تێلیگرام، بەردەوام بەهۆکاری ئەمنی و تایبەتمەندی کەسی بەکارهێنەران رەخنە لە وەتس ئەپ دەگرێت، بە "مەترسیدار"ناوی دەبات و ئاماژە بەوە دەکات  بە خاوەندارێتی لەلایەن فەیسبووکەوە قەت ئەمنییەتی نابێت.
 
پاوڵ لە ساڵی 2020 دوای ئەوەی ئاشکرابوو کە  جێف بێزۆس بەهۆی کێشەیەکی ئەمنییەوە لە وەتس ئەپدا هاککراوە، لە پۆستێکدا نوسیوویەتی " لە 10 ساڵی ڕابردوودا، تەنانەت یەک ڕۆژیش نەبووە کە وەتس ئەپ ئەمنییەتی هەبوبێت."


 چەند ڕۆژێک پێش ئێستە، تێلیگرام لە ڕیگەی نامەیەکەوە بۆ بەکارهێنەرانی رایگەیاند، بەرنامەی تێلیگرام 500 ملیۆن بەکارهێنەری تێپەراندووە.
لە نامەکەی تێلیگرامدا ئاماژە بەوە دەکات "تەنها لە 72 کاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە 25 ملیۆن بەکارهێنەری نوێ لەسەرتاسەری جیهانەوە هاتوونەتە ناو بارنامەکەمانەوە."
ئەم زیادبوونە بەرچاوە تێلیگرام پاش ئەوەهات کە تویتەر و فەیسبووک و ئینستاگرام، ئەکاونتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و لایەنگرەکانیان سڕیەوە و پۆستەکانیان سانسۆرکردن. لە ئێستادا وەک تۆڕێکی سانسۆرکەر دادەنرێن، لەناو هەموو بەرنامەکاندا، تێلیگرام لە ئێستادا باشترینە بۆ ڕێزگرتن لە ئازادی بیروڕا و پاراستنی ئەمنییەتی بەکارهێنەران.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی تێلیگرام ئەوەیە، چەندین پەیجی هەواڵ و هونەری و فێرکاری و...تێدایە و دەتوانرێت بە ئاسانی ڤیدیۆی قەبارە گەورەی تێدا دابنڕیت و بەمەش بووەتە ئەپی دڵخوازی عاشقانی فیلم و زنجیرەکان.

سیگناڵ  (Signal)
هەڵبژاردەیەکی دیکە، بەرنامەی سیگناڵە، ئەمیش وەک وەتس ئەپ و تێلیگرام  بەخۆڕاییە و بەکارهێنانی ئاسانە. هەمان تایبەتمەندییەکانی وەتس ئەپیشی تێدایە.
 
یەکێك لە تایبەتمەندیەکانی ئەم بەرنامەیە ئەوەیە، ئەپڵیکەیشنەکە "سەرچاوەی کراوە" بەکاردەهێنێت و ئەمەش وادەکات هەرجۆرە کێشە و ئەگەرێکی کێشە بخاتە بەردەست بەکارهێنەرانی.
ئەمنییەتی زیاتری سیگناڵ وایکردووە هەندێک لە تایبەتمەندیەکان کە لەبرنامەکانی دیکەدا هەن لەمدا نەبن، ئەمەش وایکردووە بەرنامەکە کەمێک وشک و ساردبێت بۆ بەکارهێنان لەچاو ئەوانی دیکەدا، بەڵام ئەمنیەتێکی زیاتری هەیە.

ڤایبەر (Viber)
لە ئێستادا نزیکەی 260 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە. دڵخوازی ئەم بەرنامەیە تایبەتە بە ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافیەوە.
چەقی بەکارهێنەرانی ئەم ئەپڵیکەیشنە لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا، باکوری ئەفریقا و رۆژەهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەڵبەتە لە ناوچەکانی دیکەی جیهانیشدا بەکارهێنەری خۆی هەر هەیە.
 
ئەم بەرنامەیە چاتی گرووپی، نامە و پەیوەندیکردنی  خێرای دەنگ و رەنگیشی تێدایە. ڤایبەر ئەو تابەتمەندیەشی تێدایە کە نامەی کات دیاریکراویشی تێدایە و دوای ماوەیەکی دیاریکراو خۆی دەسڕێتەوە.

تریما (Threema)
تریما ئەو هەلە دەداتە بەکارهێنەرانی لەبری ژمارە تەلەفۆن ئایدیەکی 8 پیتی(8-digit ID) بەکار بهێنن، بەکارهێنەران دەشتوانن سوود لە کۆدی QR یش ببینن.
ئەم بەرنامەیە هەندێک تایبەتمەندی تێدایە کە لە وەتس ئەپدا نییە، وەک توانای لایکردنی نامە تایبەتییەکان و چاتەکان.
 
بە پێچەوانەی  بەرنامەکانی سەرەوە، تریما بە خۆڕایی نییە. وەتس ئەپیش لە پێشتردا ساڵانە پاوەندێکی لە بەکارهێنەرانی وەردەگرت.
تاکە لایەنی نەرێنی ئەم بەرنامەیە ئەوەیە کە هەرچەندە کەمتر لە 10 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، بەڵام لە "گۆگڵ پلەی"دا بەکارهێنەران توشی کێشەدەبن لە کاتی دابەزاندنیدا.

.