ڕاپۆرتی جیهانی

02:41 - 23/01/2021

چارەسەر یان ئاڵۆزکردن؛ دوورگەی قوبرس لە بەرداشی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و ئەوروپادا‌

پەیسەر

چەند رۆژێکە مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە شاری برۆکسلە و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی ئەوروپا کۆبووەوە، چاوشئۆغڵو لەم سەردانەیدا ئامانجی ئەوەیە بە جددی کار لەسەر بەشێک لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بکات، کە یەکێک لەو دۆسیانە چارەسەری کێشەی قوبرسە، کێشەیەک کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوروپاشی هێناوەتە سەر هێڵ.

ئەنقەرە لە برۆکسلە
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا لەگەڵ جۆزێف بۆرێل بەرپرسی کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنیی یەکێتیی ئەوروپا و بەشێک لە ئەندامانی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا کۆبووەوە. لە دووەم رۆژیشدا لەگەڵ یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی رێکخراوی ناتۆ، چارلس میشێل سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەوروپا و بەرپرسی دۆسییەی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا کۆبووەوە.

بابەتی یەکێتیی گومرگی، سەربەستی ڤیزا و رێککەوتن لەسەر کۆچبەران، لە بابەتە گرنگەکان بووە کە لە گفتوگۆکاندا قسە و باسی لەسەر کراوە.

مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی هەوڵەکانی یەکگرتنەوەی هەردوو قوبرسەکە و رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەبارەی ئەم بابەتەوە بە رۆژنامەوانانی وتووە، "ئیمە دان بە قوبرسی باشوردا نانێین، ئەوانیش دان بە قوبرسی باکوردا نانێن، بەڵام لە راستیدا پێویست بە هاوبەشی دەکات، بۆیە دەبێت بە کردەیی هەڵسوکەت بکەین، دەبێت هەردوو لایەن کۆبکەینەوە و هەردوولاش بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن."

ئامانجی تورکیا
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوو مانگی داهاتوودا گفتوگۆکان لە شاری نیویۆرک و بە بەشداری نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی دوورگەی دابەشبووی قوبرسەوە بەڕێوەدەچن.

چاوشئۆغڵو دەڵێت، تورکیا، یۆنان و بەریتانیا پەیوەندییان بە کێشەی قوبرسەوە هەیە، بۆیە ئەم سێ دەوڵەتە و نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی شوبات و سەرەتای ئازاردا کۆدەبنەوە و یەکێتی ئەوروپاش وەک چاودێر بەشداری کۆبوونەوەکان دەکات.

رەخنە و چارەسەر
وەزیری دەرەوەی تورکیا دیسانەوە رەخنە و گلەیی وڵاتەکەی ئاڕاستەی وڵاتانی ئەوروپا کرد و وتی، تاکو ئێستا مافەکانی بەشە تورکییەکەی قوبرس پێشێل دەکرێت، داواشی لە ئەوروپییەکان کردووە و متمانەی نێوانیان دروستبکەنەوە.

یۆنان و تورکیا کە دەیان کێشەی ریشەدار و لەمێژینەیان هەیە، یەکێک لە سەرچاوە گەورەکانی کێشەکانی نێوانیان کێشەی دوورگەی قوبرسە. هێشتاش ئەم کێشەیە تەواو نەبووە، چالاکییەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هێندەی دیکە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینای قوڵتر کردووەتەوە.

لەگەڵ هەموو هەوڵەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ماوەی رابردوودا باسی لەوە کردبوو، یەکگرتنەوەی هەردوو قوبرسەکە بێسودە. داواشی کرد هەردوولا بە بوونە دەوڵەتی سەربەخۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن، پێویستیشە بە دروستکردنی دوو دەوڵەت بۆ هەردوو بەشەکە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.

کارتی فشار
بەشێک لە چاودێران پێیان وایە تورکیا دەیەوێت دۆسیەی قوبرس وەک کارتی فشار لە دژی ئەوروپا و یۆنان بەکاربهێنێت، تاکو چاوپۆشی لە هەنگاوەکانی ئەنقەرە لە ناوچەکەدا بکەن.

تورکیا دەیەوێت ئەوروپیەکان و یۆنانیش لەسەر بابەتی فراوانخوازییەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەستوەردانەکانی لە لیبیا و سوریا نەرمی بنوێنن، بۆیە ئێستا کارتی قوبرسیش بەکاردەهێنێت و دەیەوێت فشار لە یۆنانی و ئەوروپییەکان بکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان
نەتەوە یەکگرتووەکان چەند دەیەیەکە هەوڵ دەدات هەردوو قوبرسەکە بکاتەوە یەک کە لە ساڵی ١٩٧٤وە و دوای دەستوەردانی تورکیا و کودەتای پشتیوانیکراو لەلایەن یۆنانەوە دابەشبوو. 

ئەنتۆنی گۆتیرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە زوترین کات لەبارەی دۆسیەی قوبرسەوە کۆبوونەوەیەکی نافەرمی بکەن.

باسی لەوەش کردووە، پێویستە گفتوگۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرکردەکانی هەردوو قوبرسەکە هاوکار بن بۆ گەڵاڵەکردنی گۆشەنیگایەکی هاوبەش تاکو هەنگاو بۆ بەرەوپێشچوون بنرێت.

گۆتیرێس لە راپۆرتێکیدا کە رۆژی چوارشەممە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردووە دەڵێت، کات لە بەرژەوەندی چارەسەری سیاسی دۆخەکەدا ناڕوات، بۆیە دەبێت لایەنەکان لە زووترین کاتدا کۆببنەوە.

ستیڤان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەربارەی کاتی کۆبوونەوەکە ديڵێت، تاکو ئێستا ناتوانرێت کاتی کۆبوونەوەکە دیاری بکرێت. بڕیارە ئیلیزابێس سبهار نوێنەری سکرتێری گشتیش راپۆرتێک لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکانی دوورگەکەوە بخاتەڕوو.

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا باس لەوە دەکەن پلانەکەی گۆتیرێس پشتیوانی و پێشوازییەکی بەرفراوانی لێکراوە.

هەڵوێستی باکور و یۆنان
لە ١١ی کانونی دووەمی ئەمساڵ ئەرسین تەتەر سەرۆکی باکوری قوبرس رایگەیاند، وڵاتەکەی بە دوای چارەسەرێکەوەیە کە بریتییە لە رێککەوتن لەسەر دروستکردنی دوو دەوڵەت کە لەسەر بنەمای یەکسانیی لە سەروەردیدا لە تەنیشتی یەکتر بژین.

لای خۆشیەوە نیکۆس دێندیاس وەزیری دەرەوەی یۆنان رایگەیاندووە، وڵاتەکەی و باشوری قوبرس ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گروپی (5+1) کە گۆتیرێس پێشنیازی کردوەوە و ئاسانکاریشە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی هەردوو دوورگەکە.

گفتوگۆی بەردەوام
گفتوگۆکان لە ساڵی ٢٠١٥وە بە جدییەوە دەستیان پێکردەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ گفتوگۆکان دیسان شکستیان هێنایەوە.

قوبرسی باکور لەلایەن تورکیاوە دانی پێدا نراوە، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانی پێدا نەناوە، قوبرسی یۆنانی (باشور) جیاواز لە تورکیا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانی پێدا ناوە.

لەگەڵ ئەوەی ئەوروپا رەخنەی توند لە تورکیا دەگرێت و چالاکییەکانی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، سوریا و لیبیا بە هەڵە ناودەبات، بەڵام دەیەوێت کێشەکانی لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکات و لەگەڵ یۆنانیش کۆیان بکاتەوە.