ڕاپۆرتی جیهانی

09:31 - 10/01/2019

بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی‌

پەیسەر

رۆژانە چەند کاتژمێر بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرقاڵی؟ لە کۆتایی ئەم پەرەگرافەدا بۆ ماوەی دوو خولەک چاوت بنووقێنە و بیر لەوە بکەوە کاتێک بۆ ماوەی یەک کاتژمێر خەریکی فەیسبووک یان ئینستاگرامیت، دوای یەک کاتژمێرەکە چ هەستێکت هەیە؟ شاد و خۆشحاڵتری لە کاتژمێرێک پێشتر یان بە پێچەوانەوە ماندووتر و وەڕەزتری؟

ئێستاش بێنەوە بیری خۆت، لە رۆژێکدا لەناو فەیسبووک یان هەر تۆڕێکی دیکەی کۆمەڵایەتی چەند هەواڵی ناخۆش و بێزارکەر دەکەوێتە بەرچاوت؟ چەند وێنەی بێزارکەر دەبینی؟
بیر لەمەش بکەوە کاتێک وێنەیەکی خۆت بڵاودەکەیەوە چەندە نیگەرانی بەوەی ژمارەی لایکەکانی وێنەکەت کەمترە لە ئاستی چاوەروانیت؟ کاتێک کەسێک بلۆکت دەکات چ هەستێکت هەیە؟ یان کاتێک بابەتێک دەنووسی و دەبینی چەند کۆمێنتێکت بۆ نووسراوە کە پڕە لە تەشهیر و جنێو یان گاڵتەیان پێکردن، لەم کاتەدا چ هەستێکێت هەیە؟

هەر بەکارهێنەرێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆژانە لەگەڵ کۆی ئەو حاڵەتانەی سەرەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە، چەند هەواڵی ناخۆش و وێنەی بێزارکەری بینیوە، چەندین کۆمێنتی نەشیاو و پڕ لە سووکایەتی خوێندووەتەوە، ژمارەی ئەو لایک و کۆمێنتانەی بۆی هاتووە لە ئاستی چاوەڕوانی ئەودا نەبوون و ئەمەش بێزاری کردووە و هەست بەوە دەکات پێگەی کۆمەڵایەتی لاوازە، یان لەوانەشە خۆزگە بەو کەسانە بخوازێت وێنەکانیان ئاماژەیە بۆ خۆشگوزەرانی ئەو کەسانە.

رەنگە لە هەڵەدابین ئەگەر پێمانوابێت بەردەوامبوونی هەموو ئەو حاڵەتانەی ئاماژەیان پێدرا لە درێژخایەندا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کەسایەتی یان لەسەر دۆخی تەندروستیمان نابێت.

لەم ساڵانەی دواییدا کۆمەڵێک توێژینەوە لەسەر کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر باری دروونی بەکارهێنەرەکان ئەنجام دراوە، بەپێی زۆربەی توێژینەوەکان زۆر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی زیاتر دەکات.

لە توێژینەوەیەکدا لە بریتانیا کە لەسەر ١٥٠٠ کەس ئەنجامدراوە، لە هەر دە کەس، حەوت کەسیان وتوویانە ئینستاگرام بووەتە هۆی ئەوەی لە جەستەی خۆیان بێزاربن، هۆکارە سەرەکییەکەشی ئەوەیە زۆربەی ئەو وێنانەی لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەدا بڵاودەکرێنەوە وێنەی راستەقینەی بەکارهێنەرەکانی نین بەڵکو وێنەی جوانکراوە، ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی بەکارهێنەر کاتێک جەستەی خۆی لەگەڵ جەستەی بەکارهێنەرەکانی دیکە بەراورد دەکات هەست بە بێزاری بکات، نیوەی بەشداربووانی توێژینەوەکەش وتوویانە ئینستاگرام و فەیسبوک دڵەڕاوکێی لەواندا زیاتر کردووە، دڵەڕاوکێی بەردەوام خۆی هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە خەمۆکی و کۆمەڵێک نەخۆشی دیکە.

بە بۆچوونی توێژەران بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆی لە خۆیدا هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵکو زۆر بەکارهێنانی کێشەیە، چەند ساڵێکە دەستەواژەیەک دروست بووە بە ناوی " گیرۆدەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" بەو واتایەی وەکچۆن هەندێک کەس گیرۆدەی مادەی هۆشبەر دەبن، هەندێک لە بەکارهێنەرانیش بە هەمان شێوەی گیرۆدەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبن، لەناو پاس، لەکاتی کارکردن، لەکاتی نان خواردن، لە میوانی و لە هەر شوێنێک بن ناتوانن بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووربخەنەوە، ئەگەر شەوێک هێڵی ئینتەرنێت بپچڕێت ئەوا تەواو بێزار و بێ تاقەت دەبن، ئەم جۆرە کەسانە زیاتر لە خەڵکی دیکە مەترسی تووشبوون بە خەمۆکیان لەسەرە.

لە توێژینەوەیەکی زانکۆی پەنسیلڤانیای ئەمریکا ١٤٠ خوێندکار بەسەر دوو گروپدا دابەشکران، گروپێکی یەکەم ناچارکران رۆژانە کاتێکی زۆر کەم بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان بکەن و گروپی دووەمیش هیچ سنورێکیان بۆ دیاری نەکرابوو.

دوای سێ هەفتە گروپی یەکەم زۆر کەمتر هەستیان بە تەنیایی و خەمۆکی دەکرد و لە بەرامبەردا هەستکردن بە تەنیایی و خەمۆکی لەناو گروپی دووەمدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بوو، بەڵام کاتێک دوای سێ هەفتەکە بۆ ماوەیەک ئەندامانی گروپی دووەمیش ناچارکران رۆژانە کەمتر لە نیو کاتژمێر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن، دۆخی تەندروستییان بە ڕێژەیەکی بەرچاو باشتربوو و ئەوانیش کەمتر هەستیان بە تەنیایی دەکرد.

کچان زیاتر لە کوڕان مەترسی تووشبوون بە خەمۆکیان لەسەرە
بەپێی توێژینەوەیەک لە بریتانیا، کچان و ژنان زیاتر بەهۆی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەوە تووشی خەمۆکی دەبن، بەپێی توێژینەوەکە کچان زیاتر لە کوڕان کاتی خۆیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبوک و ئینستاگرام و واتس ئاپەو دەکوژن، دوو لەسەر پينجی کچان رۆژانە لانیکەم سێ کاتژمێر بە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرقاڵن، بەڵام یەک لەسەر پێنجی کوڕان سێ کاتژمێر سەرقاڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، جگە لەوەش کچان هەستیارترن و زۆرتر ژیانی خۆیان بەراورد دەکەن بە ژیانی بەکارهێنەرەکانی دیکە، ئەم بەراوردکارییەش ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی زیاتر دەکات.

بەپێی توێژینەوەیەکی ئەنجومەنی دەرونناسی سانفرانسیسکۆ، بەشێکی بەرچاوی بەکارهێنەران بەردەوام ژیان و گوزەرانی خۆیان لەگەڵ ئەو بەکارهێنەرانەی دیکە بەراورد دەکەن کە لە نزیکەوە نایانناسن و ئاگاداری دۆخی ژیانی ئەوان نین، ئەم بەراوردکارییە هۆکارە بۆ تووشبوون بە خەمۆکی، بەوپێیەی زۆرێک لە بەکارهێنەران ئەو وێنەیەی بڵاوی دەکەنەوە وێنەی راستەقینەی ژیانی خۆیان نییە و دەربڕی دۆخی راستەقینەی ژیان و گوزەرانیان نییە، بەڵام وا دەنوێنن کە ژیانی راستەقینەشیان هەر بەمشێوەیە، ئەمەش کاریگەری ناڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بەکارهێنەرەکانی دیکە و پێیانوایە زۆربەی خەڵک ژیانیان لەوخۆشترە، هەربۆیە بەراوردکاری رۆژانە و بەردەوامی ژیانی خۆت لەگەڵ ژیانی خەڵکی دیکە هەندێک لە بەکارهێنەرانی تووشی خەمۆکی کردووە.

لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رۆژانە هەر بەکارهێنەرێک بەبێ کەمترین سانسۆر بە دەیان هەواڵ و ڤیدیۆ و وێنەی دڵتەزێن دەبینێت، کە لە درێژخایەندا بینینی ئەم هەموو هەواڵ و وێنە دڵتەزێنانە کاریگەری لەسەر لایەنی دروونی مرۆڤەکان دروست دەکات، بە بۆچوونی هەندێک لە توێژەرانی دەروونی ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە خەمۆکی، ئەمە لە کاتێکدایە لەناو میدیا فەرمییەکان بەهۆکاری یاسایی زۆربەی ئەم هەواڵ و وێنە دڵتەزێنانە سانسۆر دەکرێن.

لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا لە لەندەن ٢٨ کەس بە چەقۆ کوژران و لە هەموو بریتانیاش ٢١٥ کەس بە چەقۆ کوژران، پۆلیسی بریتانیا رایگەیاند تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵی هەبووە لە زۆربوونی دیاردەی شەڕەچەقۆ، چونکە زۆر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە درێژخایەندا مرۆڤەکان توڕەتر و تووندوتیژتر کردووە.

لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەک نەکراوە لەسەر پەیوەندیی زۆر بەکارهێنانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و نەخۆشی خەمۆکی، بەڵام بەهۆی نەبوونی یاسا و لاوازی سیستمی پەروەردە و ململانێی توندی سیاسی و حیزبی، بوونی سەدان پەیجی بێ دایک و باوک کە تەنیا بۆ ململانێی سیاسی بەکاردەهێنرێن و رق و نەفرەت لەناو کۆمەڵگا بڵاودەکەنەوە، پێدەچێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان زیاتر لە وڵاتانی رۆژئاوا کاریگەری هەبێت بۆ تووشبوون بە خەمۆکی.
لە کوردستان هەر هاوڵاتییەک کاتێک سەردانی فەیسبووک دەکات چەندین وێنە و هەواڵی ناوخۆش و بیزارکەر دەبێنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە شوێنێک بۆ ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی رق و نەفرەت، لە گەڵ ئەمەشدا گەنجان بە تایبەت هەلی کەمتریان بۆ دەڕەخسێت بۆ بەسەربردنی کاتە بەتاڵەکانیان، هەربۆیە ناچارن زۆرترین کاتەکانیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرقاڵ بن.