ڕاپۆرتی جیهانی

11:09 - 29/01/2021

ئایا بایدن دەتوانێت زیندانی گوانتانامۆ دابخات؟‌

پەیسەر

ساڵی 2002 بنکەیەکی ئەمریکا لە کوبا کرا بە گرتوخانەی تۆمەتبارانی تیرۆریزم. ئەم گرتوخانەیە بوو بە مەترسیدارترین زیندان و ناوبانگی خراپی لەهەموو جیهاندا بڵاوبوویەوە. سێ سەرۆکی ئەمریکا گۆران و نەتوانرا زیندانەکە دابخرێت، بایدن چوارەمین سەرۆکی تەمەنی ئەم زیندانەیە و کاتێک جێگری ئۆباما بوو هەوڵەکانیان بۆ داخستنی گوانتانامۆ تەنانەت بە پەنا بردنە بەر ڤاتیکانیش شکستیان هێنا، ئایا دەتوانێت لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا ئەم گرتوخانەیە دابخات؟

گوانتانامۆ یەکێک لەو کێشانەیە کە جۆبایدن دەبێت ڕیگەچارەیەکی بۆ پەیدا بکات. سەرۆکی ئێستای ئەمریکا ئەوکاتەی جێگری ئۆباما بوو پەیمانی داخستنی گوانتانامۆیدا، بەڵام شکستی هێنا، داهاتووی ئەم زیندانە چی دەبێت؟

پێگەی تاگس شاوی ئەڵمانی لە راپۆرتێکیدا  باس لەوە دەکات، بارودۆخی زیندانیانی گوانتانامۆ چی دەبێت و دەپرسێت داهاتووی ئەم زیندانە کە بە ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیان بەناوبانگە، لەماوەی سەرۆکایەتی بایدندا چی لێدێت؟

پێگە ئەڵمانیەکە ئاماژە بە چارەنوسی دوو زیندانی ئەم گرتوخانەیە دەدات ئەوانیش عەبدوڵا و ئەحمەد رەبانین، ئەم دووانە لە ساڵی 2006 ەوە بەبێ دادگایکردن لە گوانتانامۆدان و تائێستا بەروونی نازانن تۆمەتەکانیان چییە.
تاکە تۆمەتێک لە یەکێک لە بەڵگەنامەکانی سوپای ئەمریکا لە ساڵی 2008 پەیوەست بەم زیندانیکردنی ئەم دوو برایە بڵاوکرایەوە ئەوەیە،کە هەردووکیان پەیوەندیان هەبووە لەگەڵ نەخشە داڕێژەرانی هێرشەکانی 11 سێپتەمبەر  وەک گواستنەوە و گەیاندن و دابینکردنی حەشارگە بۆ تیرۆریستەکان.

هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندی ئەم تۆمەتانە نەخراوەتەڕوو. ئەحمەد رەبانی جەخت لە بێتاوانی دەکاتەوە و دەڵێت تیرۆریست نییە، بەڵکو" قوربانی هەڵەیەکە". رەبانی پێش گوێزرانەوەی بۆ گوانتانامۆ وەک سەدان گومانلێکراوی دیکە بە تۆمەتی هاوشێوە لە یەکێک لە گرتوخانەکانی سی ئای ئەی ئەشکەنجە دراوە.

ئەحمەد رەبانی لە ڕیگەی رێکخراوی مافی مرۆڤی  Reprieveەوە داوایەک لە بایدن دەکات و داواکاریەکەی لە رۆژنامەی ئیندیپیدێنتەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "سەرۆک بایدن دەتوانێت هەنگاوێک بنێت. داوای چەسپاندنی دادپەروەری دەکەم سەبارەت بە هەموو ئەو ئازارانەی کە چەشتوومە، بەڵام لەهەمووی گرنگتر بۆ من ئەوەیە کە نامەوێت بە تابوت یا کفنەوە بەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە. دەمەوێت لەناو ماڵ و منداڵی خۆمدابم و لەکۆتایدا بۆ یەکەمین جار کورەکەم لە باوەش بگرم."

خراپ بەکارهێنانی یاسای شەڕ
بۆ عەبدوڵا کە ساڵیک لە ئەحمەدی برای گەورەترە، کڵاورۆژنەیەکی ئومێد هەیە. وابڕیارە لە کۆتا هەفتەی مناگی یەکەمی 2021 لیژنەیەک بە نوێنەرایەتی دەزگا ئەمنییە جیاوازەکان لێکۆلێنەوە لەوە بکات، کە ئایا عەبدوڵا دەبێت لە زینداندا بمێنێتەوە یان نا. لە ساڵەکانی 2016 و 2018 ئەو گرووپەی کە لەلایەن ئۆباماوە پێکهێنرابوو، دژی ئازادی ئەو بوون و گوتیان عەبدوڵا دەتوانێت هێشتا هەڕەشە بێت.

بەم حاڵەشەوە، دافنە ئاڤیاتار لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کەمێک گەشبینە سەبارەت بە ئایندەی عەبدوڵاو و دەڵێت "تەنانەت ئەوەی کە یەکجار لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، دەتوانێت نیشانەیەکی باش بێت."

ئاڤیاتار سیستمی گوانتانامۆ بە "خراپ بەکارهێنانی یاساکانی شەڕ" وەسف دەکات و  باس لەوە دەکات، کەسێک بۆماوەی 16 ساڵ بگیرێت و دوای ئەو ماوە زۆرەش بە "هێشتا مەترسیدارە" لەقەڵەم بدرێت، ئەمە "گاڵتەکردنە بە دادپەروەی".

گوانتانامۆ یەکێک لەو کێشانەیە کە جۆبایدن دەبێت ڕیگەچارەیەکی بۆ پەیدا بکات. سەرۆکی ئێستا ئەمریکا ئەوکاتەی جێگری ئۆباما بوو پەیمانی داخستنی گوانتانامۆیدا، بەڵام شکستی هێنا. بایدن و ئۆباما لە ساڵی 2009دا پەیمانی داخستنی گرتوخانەکەیاند بوو، بەڵام دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تەنانەت دەیویست ئەم زیندانە فراوانتر بکات.

داخستنی گوانتانامۆ یەکێک بوو لە بەڵینەکانی هەلبژاردنی باراک ئۆباما، بەڵام نەیتوانی بەڵێنەکەی بباتەسەر.

هیچ یەک لە پەیمانەکان نەبرانە سەر، گروتخانەکە نە داخرا، نە فراوانیش کرا. لوید ئاستین، لە ئێستادا وەزیری بەرگری کابینەکەی بایدنە، لە کۆبوونوەیەکی دادگادا جەختی لەوە کردەوە، کاتی ئەوەهاتووە زیندانەکە لەکۆتایدا دابخرێت، بەڵام ئەو هیچ بەرنامەیەکی دیاریکراویشی لەم بارەیوە نەخستەڕوو.

لە بنکەی سەربازیەوە بۆ زیندان
لە ساڵی 2002 بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە کوبا کرا بەگرتووخانەی گومانلێکراوانی تیرۆریزم. دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکانی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییەکان، لە کۆی 800 زیندانی لە ئێستادا تەنها 40 کەسیان لەوێدا ماون، لەناو ئەو 40 گیراوەشدا پێنجیان وەک تاوانباری سەرەکی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 دەستبەسەرن.

زیاتر لە 10 ساڵە ئەم پێنج تۆمەتبارە زیندانین. مایکڵ پارادیس، لەماوەی ئەم ساڵانەدا لەلایەن پنتاگۆنەوە وەک پاریزەری ئەم زیندانە دیاریکراوە دەلێت، لەو دانیشتنانەی دادگا بۆ ئەم کەسانە دەبەستران، هەموویان چاوەروان بوون بریارێک بدرێت، بەڵام ئەمە هەرگیز روی نەدا.

پارادیس داوای چارەسەرێکی تەواوی دادگایکردنی گیراوانی گوانتانامۆ دەکات، خوازیارە لە دادگایەکی ئاسایدا لەسەر خاکی ئەمریکا دادگای بکرێن "دادگای ویلایەتەکان لەم بارەیەوە ئەزمونیان هەیە و تیرۆریستەکان بە توندی مەحکوم دەکەن، بەڵام لێرەدا کێشەیەک هەیە، ئەوەیش ئەوەیە دەبێت کۆنگرێس لە سەرەتادا ئەو یاسایە هەڵوەشینێتەوە، کە ڕیگەنادات گیراوانی بیانی گوانتانامۆ بگوازرێنەوە بۆ ناو ئەمریکا."

ڤاتیکان و زیندانی گوانتانامۆ
بۆ داخستنی گرتوخانەی گوانتانامۆ، باراک ئۆباما پەنای بردە بەر ڤاتیکان و پاپا فرانسیس. هەوڵەکانی ڤاتیکانیش نەیانتوانی گرتووخانەکە دابخەن. هەوڵەکانیان لە گواستنەوەی چەند زیندانیەک بۆ وڵاتانی دیکە تێپەڕی نەکرد، شەش زیندانی ئەم گرتووخانەیە بە هوڵی ڤاتیکان گواسترانەوە بۆ ئۆرۆگوای، شەش گیراوەکە زیاتر لە 12 ساڵیان لە گوانتانامۆ بەسەر بردبوو.

گیراوە چارەنووس نادیارەکانی گوانتانامۆ
پێگەی تاگس شاو دەپرسێت زیندانیکراوانی وەک برا رەبانییەکانە، کە بەهۆی نەبوونی شایەتەوە ناتوانرێت دادگای بکرێن، چارەنووسیان چییە؟ شەش گیراو دەبوایە چەند ساڵێک پێش ئێستە ئەمریکایان جێهێشتایە، بەڵام تەنها چەند وڵاتێک ئامادەبوون ئەوان بەو پێشینەیەوە وەربگرن و حکومەتەکەی ترەمپیش گواستنەوەی زیندانیانی گوانتانامۆی بۆ جێگاکانی دیکەی جیهان وەستاند.

دافنە ئاڤیاتار هێشتا گەشبینە دەڵێت" ئەمە کارێکی ئاسان نییە و رێگەچارەیەکی باش بوونی نییە، بەڵام من ناتوانم پێشبینی بکەم، کە بایدن ئامادەیە بەرپرسیارێتی مانەوەی 40 گیراوی مسوڵمان بۆ ماوەیەکی زۆر و بێ دادگایکردن و مانەوەیان لە زینداندا، لە ئەستۆ بگرێت."

تێچووی مانەوەی زیندانیەکانیش بارێکی دیکەیە بەسەر ئەمریکاوە. تێچووی هەر گیراوێکی گوانتانامۆ 11 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا لەسەر ئەمریکا دەکەوێت.