ڕاپۆرتی جیهانی

11:56 - 31/01/2021

سام لە کوردستانەوە بۆ دۆزەخی سوریا؛ گەشتێک بە دەستاڕەکەی شامدا‌

پەیسەر

رۆژنامەی (The Wall Street Journal) راپۆرتێکی لەبارەی ئەو گەنجە ئەمریکییەوە بڵاوکردووەتەوە کە ویستی بە ١٩٣ وڵاتی جیهاندا گەشت بکات، بەڵام کە دەگاتە دۆزەخەکەی جیهان (سوریا)، ئیتر گیردەخوات بە سەختییەکەی زۆرەوە رزگاری دەبێت.

گەشتی جیهان
رۆژێک (Sam Goodwin)ی تەمەن ٣٢ ساڵ بڕیار دەدات دەست لە کارەکەی هەڵبگرێت لە ئیشەکەی لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی سەنگاپورە، تاکو دەست بە گەشتەکەی بکات بە جیهاندا.

سام بڕیاریدا بوو گەشت بۆ ١٩٣ وڵاتی جیهان بکات و بگات بە ئاواتەکەی کە بینینی جیهان بوو لە گەشتێکدا، بەڵام دەستاڕی جەنگی سوریا تەنها خەونی سورییەکانی نەهاڕی، بەڵکو خەونی سامیشی ورد و خاش کرد.

گەشتێک بۆ دۆزەخ
ئەو کاتەی سام بڕیارە قورسەکەی ژیانی دەدات و روو لە سوریا دەکات، تەنها ١٠ وڵاتی ماوە و ١٨٣ وڵات گەڕاوە، بەڵام سوریا زنجیرەی خەونەکەی رادەگرێت و دەگاتە خاڵی پێش مەرگ.

سام لە رێگای رۆژنامەنووسێکی هەرێمی کوردستانەوە روو لە رۆژئاوای کوردستان دەکات کە لەژێر دەسەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە.

سام لە ٢٥ی مانگی مایسی ٢٠١٨ لە شاری قامشلی دەبێت و بە گەڕەکەکانیدا دەگەڕێت، شارێک کە لەژێر دەستی هەسەدە و سوریادایە و بە هاوبەشی بەڕێوەدەبرێت.

سام داینابوو لەو ناوچانەی شارەکەدا بگەڕێت کە لەژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، بەڵام رێگا ون دەکات و خۆی بە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی رژێمی سوریادا دەکات.

دوا دیدار
دوای چەند کاتژمێرێک سام لە رێگای فەیس تایمەوە پەیوەندی ڤیدیۆیی لەگەڵ دایکی دەکات، دایکی لە پشتی سامەوە وێنەی بەشار ئەسەد دەبینێت. دایکی سام دەبینێت کوڕەکەی بە چەند کەسێک دەڵێت، "دەرفەتم پێبدەن لەگەڵ دایکم قسە دەکەم"، بەڵام دوای چەند چرکەیەک سام لە ڤیدیۆەکەدا دیارنامینێت و ئیتر هەواڵی نازانرێتەوە.

دایک و باوکی سام تاکو ماوەیەک هیچ هەواڵێک لەبارەی کوڕەکەیانەوە نازانن، تاکو ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە لەلایەن رژێمی سوریاوە دەستگیرکراوە، لە قامشلی بەندکراوە و دواتریش بۆ دیمەشق گواستراوەتەوە.

رووکردنەوە ئێف بی ئای
دوای دوو هەفتە لە رفاندنی لەلایەن سوریاوە، دایک و باوکی سام روو لە واشنتن دەکەن تاکو لەگەڵ ئەندامانی شانەی بەهاناوەچوونی بارمتەکان کۆببنەوە کە سەر بە ئێف بی ئایە و کارمەندەکانی سەر بە وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگرین.

دایک و باوکی سام چاویان بە رۆبەرت فۆرد دواین باڵیۆزی ئەمریکا لە سوریاش دەکەوێت. باڵیۆزەکە پێیان دەڵێت تاکو ماوەیەکی زۆر چاویان بە کوڕەکەیان ناکەوێت، بەڵام بێهیوایان ناکات و بڕیار دەدات لەگەڵ روسەکان و باڵیۆزی ڤاتیکان لە دیمەشق قسە بکات.

لوبنان؛ دەروازەی ئازادی
دایک و باوکی سام دەتوانن بگەن بە عەباس ئیبراهیم بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی لوبنان کە نزیکە لە حیزبوڵا و رژێمی سوریاوە. ئەم کەسە پێشتریش توانیویەتی چەندین هاوڵاتی ئەمریکی و بیانی ئازاد بکات کە لە زیندانەکانی رژێمی سوریادا بوون.

بەرپرسە ئەمنییەکەی لوبنان بەڵینیان پێدەدات ئەگەر سام سیخوڕ نەبێت یان سەر بە داعش و هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەوا کار بۆ ئازادکردنی دەکات.

دوای ئەوەی دڵنیا دەبێت کە سام تەنها گەشتیارێکە بە هەموو جیهاندا دەگەڕێت، عەباس پەیوەندی بە عەلی مەملوکەوە دەکات کە سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی سوریایە و باڵاترین دەزگای ئەمنی وڵایەکەیە.

سام لە دەستاڕەکەی شامدا
مەملوک باوەڕ بە چیرۆکی سام ناکات و رەتیدەکاتەوە سام تەنها گەستیارێک بێت و دەڵێت، "گەشتیارەکان روو لە سوریا ناکان"، بەتایبەت لەم دۆخی شەڕ و پێکدادانە خوێناوییانەی سوریای پێدا تێپەڕدەبێت.

سام لە ماوەی دوو مانگدا کە لە زینداندا دەبێت، دەڵێت، توشی دڵەڕاوکێ، ترس و ئەشکەنجەی دەروونی بووەتەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات کە خواردنەکەی نانی کەڕووهەڵهاتوو و پەتاتەی کوڵاو بووە، گوێشی لە دەنگی هاواری زیندانییەکانی زینادنی عدرا بووە لە دیمەشق، کە لەژێر ئەشکەنجەدا بوون.

سام دەربارەی سەرەتای دەستگیرکردن و گواستنەوەی بۆ دیمەشق پێی وا بووە کە لەسێدارەی دەدەن. دەشڵێت، ٢٧ رۆژی لە زیندانی تاکەکەسیدا بەسەر بردووە، دواتریش براوەتە ناو زیندانێکەوە کە ٣٠ کەسی دیکەی تێدا بووە.

ئامێزی دایک و باوک
دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر لەلایەن دایک و باوکی سامەوە، هەوای ئازادی بەر سییەکانی سام دەکەوێت جاریکی دیکە هیوای ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەش کاتێک روویدا سام لە دیمەشقەوە بۆ لوبنان دەگوازرێتەوە و لەوێ بۆ یەکەم جار دایک و باوکی دەبینێتەوە.

لەسەر رووداوەکەی سام، رۆبەرت ئۆبراین راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دەڵێت، ئەوەی خێزانەکەی سام بۆ کوڕەکەیان کرد کارێکی زۆر دەگمەن و جیاواز بوو.

دەستهەڵنەگرتن لە خەونەکە
نە دۆزەخەکەی سوریا خەونەکەی سامی سوتاند و نە دەستاڕەکەی شام توانی هیواکانی بهاڕێت، بۆیە دوای ئازاد بوونی بڕیاری دا گەشتەکەی تەواو بکات، لە کۆتاییدا و وەک ١٩٣هەم وڵات گەیشتە بەڕازیل و کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا.