ڕاپۆرتی جیهانی

03:11 - 01/02/2021

میانمار؛ کودەتا و گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی سەربازی‌

پەیسەر

بەرەبەیانی یەکەم ڕۆژی دووەم مانگی ساڵی 2021، سوپای میانمار  ئونگ سان سووچی رابەری پارتیی کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ دیموکراسی  و چەندین بەرپرسی پلە باڵای حکومەتیان دەستگیرکرد، سوپا حاڵەتی لەناکاوی راگەیاند و بەڕێوەبردنی وڵاتی گرتەدەست و دەسەڵاتەکانی دا بە  مینگ ئۆنگ هیلانگ، فەرماندەی گشتیی سوپای میانمار. کودەتاکەی میانمار چەندین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

پارتیی کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ دیموکراسی بە سەرۆکایەتی  خاتوو ئونگ سان سووچی، توانیبووی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەم وڵاتەدا 83٪ دەنگەکان بەدەست بهێنێت.

سەربازێک لەبەردەم رێگای داخراوی پەرلەمان دوای کودەتاکە
سوپا بەڕێوەبەرانی هەڵبژاردنەکانی بە ساختەکاری تۆمەتبارکردووە و داوای هەڵپەساردنی کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی دەکرد.
میانمار تاوەکو ساڵی 2011 و دەستکردن بە چاکسازییەکان، لەلایەن سوپاوە بەڕێوە دەبرا.


میانمار دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا و 50 ملیۆن دانیشتووی هەیە.

چی رویدا؟
پێش  راگەیاندنی گواستنەوەی دەسەڵات، چەند یەکەیەکی سوپای میانمار  ئونگ سان سووچی، رابەری پارتیی کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ دیموکراسی  و بەرپرسە باڵاکانی ئەم حزبە وەک وین مینتی سەرۆک کۆمار و چەند سەرۆکی ویلایەتەکانیان  دەستگیرکرد.
ئونگ سان سووچی وەک راوێژکاری رەسمی حکومەت، لە پلەی سەرۆک وەزیرانی میانماردایە و دەسەڵاتەکانی حکومەتی بەدەستە.

سەربازان بۆ داخستنی رێگاکانی پایتەخت بڵاوەیان پێکرا

لەگەڵ ئەم دەستگیرکردنانەدا، سەربازەکان لە نایپیتاوی پایتەخت و شاری یانگون بڵاوبوونەتەوە و تەلەفۆن و هێڵەکانی ئینتەرنێتیش لە پایتەختدا کێشەیان تێکەوتووە.
وین هاتین، سەرکردە لە پارتیی کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ دیموکراسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەبارەی کودەتا سەربازییەکەوە رایگەیاند، ئونگ سان سووچی، راوێژکاری میانمار پەیامێكی بۆ گەلی میانمار جێهێشتووە و تێیدا داوا لە خەڵک دەکات دژ بە کودەتا سەربازییەکە بوەستن و رەتی بکەنەوە.

رادیۆ و تەلەفزیۆنی میانمار حاڵەتی لە ناکاویان راگەیاند

ناکۆکی لەسەر هەڵبژاردنەکان
پارتیی کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ دیموکراسی بە سەرۆکایەتی  خاتوو ئونگ سان سووچی، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 8/11/2020،  سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست هێنا و توانی  ٪83 دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
ئەمەش دووەمین هەڵبژاردنی ئازادبوو پاش کۆتایهێنان بە حکومەتی سەربازی لەم وڵاتەدا لە ساڵی 2011.

دەنگدەرانی میانمار لە هەڵبژاردنەکانی 2020
سوپای میانمار لە دادگای باڵای ئەم وڵاتە سکاڵای لەسەر هەڵبژاردنەکان تۆمار کرد و بەبیانوی ساختەکاری ئەنجامەکانی رەتکردەوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتەش ئەم تۆمەتە رەتدەکاتەوە.
بڕیاربوو لەمڕۆدا "1ی شوباتی 2021" یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی نوێ بەڕیوەبچێت و سوپاش داوای هەڵپەساردنی ئەم دانیشتنەی دەکرد.
دوای کۆتایهاتنی حکومەتی سەربازیی لەم وڵاتەدا، یاسای بنەرەتی میانمار 25٪ کورسییەکانی داوەتە سوپا، جگە لەمەش، سوپا سێ وەزارەتی کابینەی حکومەتی پێ دەدرێت.

کاردانەوەکان چی بوون؟
ئەنتۆنیۆ گوترێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستگیرکردنی سووچی و رابەرانی ناسەربازی میانماری بە توندی ئیدانەکرد و داوای لە سوپا کرد رێز لە خواستی خەڵک بگرن.
هاوکات، ئەمریکا رایگەیاند هەر هەوڵک بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەتدەکاتە و هەرەشەی سەپاندنی سزای کرد بەسەر بەرپرسانی کودەتاکە.

چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا بەتووندی دژی کودەتاکە وەستا و داوای لە سوپا کرد "دەستبەجێ ئونگ سان سووچی و هەموو ئەوانەی کە دەستبەسەرکراون، ئازاد بکات" دەستبەسەرکردنەکانیشی بە نایاسایی لە قەڵەمدا و داوای کرد رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن و دیموکراسی بگیرێت.

داخستنی شەقامەکان دوای کودەتاکە

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش دەستبەسەرکردنە بە "نایاسایی" ناودەبات و رایگەیاند، "سەرکۆنەی کودەتا سەربازییەکە و دەستبەسەری نایاسایی سووچی دەکەم".

چین داوا لە هەموو لایەنەکانی میانمار کرد کۆتایی بە کێشەکانیان بهێنن و چارەسەریان بکەن، وانگ وینبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، "چین دراوسێیەکی هاوڕێی میانمارە و هیوادارین هەموو لایەنەکان کێشەکانی نێوانیان لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکەن تاوەکو ئاسایشی کۆمەڵگە و سەقامگیریی سیاسی وڵات پارێزراو بن."

ئوسترالیاش داوای ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوەکانی کرد و دەستگیرکردنەکانی بە نایاسایی لەقەڵەمدا.

ئێران و میانمار لە ئێستادا هیچ پەیوەیندییەکیان بەیەکەوە نییە، بەڵام سەعید خەتیبزادەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە گوتی " هیوادارین ئەم روداوانە نەبێتە هۆی خراپتربوونی باردودۆخی یاسایی کەمینەکانی ئەم وڵاتە."

تایلەند و کەمبۆدیا، کە دوو وڵاتی هاوسێی میانمارن رایانگەیاند، دەستوەردانی سەربازی لە میانمار بابەتێکی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە.

ئونگ سان سووچی کێیە؟
ئونگ سان سووچی 75 ساڵە، کچی ژەنەراڵ ئونگ سان، پاڵەوانی سەربەخۆی میانمارە، کە لە ساڵی 1948 کوژرا، خاتوو سوچی لەوکاتەدا دوو ساڵان بوو.

سووچی لە ساڵی 1991 خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە.

سوچی بەهۆی دژایەتیکردنی حکومەتی سەربازی لە ساڵی 1989 تاوەکو 2010، نزیکەی 15 ساڵی لە زیندان و دەسبەسەری لە ماڵەوە بەسەربردووە.
پارتیی کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ دیموکراسی بە سەرۆکایەتی  خاتوو سووچی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2015 دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بە گوێرەی یاسای بنەرەت میانمار، ئونگ سان سووچی بەهۆی ئەوەی منداڵەکانی هاووڵاتی وڵاتێکی دیکەن ناتوانێت ببێتە سەرۆک کۆمار، بەڵام وەک راوێژکاری ئەم وڵاتە لە پلەی سەرۆک وەزیراندایە.
لەم ساڵانەی دوایدا،  بەهۆی سەرکوتکردنی کەمینەی مسوڵمان لە روهینگیا، سووچی رووبەڕووی رەخنەی نێودەوڵەتی زۆر بووەتەوە.
سووچی، یەکێکە لە خۆشەویست ترین کەسەکانی زۆرینەی بودایی میانمار.

رابەری کودەتاکە کێیە؟

مینگ ئۆنگ هیلانگ بەهێزترین پیاوی میانمارە، لە ساڵی 2011ەوە فەرماندەی گشتیی سوپای گرتووەتە دەست، پاشان سەرکردایەتی خۆی تاوەکو پێنج ساڵی دیکە درێژکردەوە.

مینگ ئۆنگ هیلانگ، فەرماندەی گشتیی سوپای میانمار

هیلانگ تۆمەتبارە بە ئازار و ئەشکەنجە لە روهینگیا و ئەمەش وایکرد لە ساڵی 2019 دا لەلایەن ئەمریکاوە سزا بدرێت.

لەماوەی سەرۆکایەتی سوپادا هەژموونی خۆی بەسەر وڵاتدا سەپاندووە.
لە ساڵی 1972 تاوەکو 1974 لە زانکۆی یانگون یاسای خوێندووە، لە ساڵی 1974 دا چووەتە ئەکادیمیای سەربازیی.

هیلانگ و سوچی

بەرەبەیانی 1ی شوباتی 2021، کودەتای لە میانمار راگەیاند و راوێژکار، سەرۆک کۆمار و چەندین سەرکردەی دیکەی ئەم ولاتەی دەستگیرکرد.