ڕاپۆرتی جیهانی

01:32 - 04/02/2021

شۆڕشی ئۆکتۆبەر؛ دۆزەخی رۆشنبیران‌

پەیسەر

شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە کوڕی مەعنەوەی رۆشنبیرانی روسیا دادەنرا، بەڵام ئەم کورە لە باوکی هەڵگەرایەوە و  دۆزەخێکی بۆ رۆشنبیران، هونەرمەندان و نووسەران دروستکرد لە مێژووی شارستانییەتی مرۆڤدا کەم وێنە بوو. شۆڕش ترسێکی گەورەی لە ڕۆشنبیران هەبوو، چون دەیزانی بە ئاسانی رامناکرێن و دڵنیانەبوو لێیان بتوانێت کۆنترۆڵیان بکات، هەر بۆیە پەنای بردە بەر سەرکوتکردن، دورخستنەوە، تۆقاندن، ناردنیان بۆ ئۆردوگاکانی کارکردنی ناچاری و دواجار کوشتنیان.

کەمتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر ، ساڵێک دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 ی ڕوسیا ، ماکسیم گۆرکی ، نوسەری بەناوبانگی ڕوسی ، گومانی خۆی بۆ سەرکردە نوێیەکانی ڕوسیای کۆمۆنیست لەوتارێکدا بەناوی " بیرکردنەوە ناوەختەكان" کە دواتر بڵاوکراوەتەوە دەربڕی ،گۆرکی "  گومان و بێ متمانەیی بەرامبەر سەركردە روسییەكان بەم شێوەیەی خوارەوە دەردەبڕێت؛ هەر کەسێکی ڕوسی کە بێتە سەر كورسی دەسەڵات لێی بەگومان و بەشكم. ئەمە کەسێکە تازە کۆیلە بووە  بۆ ئەوەی دەست بەسەر دراوسێکەی خۆیدا بگرێت دەبێتە خۆپەرستێکی دەسەڵاتخواز."
"
دەبێت باسی ئەوەش بكەین كە هەر لەسەرەتای شۆڕشی مۆسكۆوە گۆركی یەكێك بووە لە كەسە نزیكەكانی لینین، تەنانەت لەكاتی مردنەكەشیدا لە رۆژی 8/6/1936 ڕادیۆی مۆسكۆ ئەوی وەك( گەورەترین نوسەری ڕوسی، لایەنگری كرێكار، خەباتكارێك بۆ سەرخستنی كۆمۆنیزم) ناساندووە، گۆركی لە یەكەمین رۆشنبیرانی پابەند بووە بە شۆڕشی بەلشەفیكەكان و لەلایەن لینینەوە ڕەخنەی توندی ئاڕاستەكراوە و بۆماوەی چەند ساڵێكیش دوور خراوەتەوە بۆ ئیتالیا.
دوورخستنەوەی بەزۆری گۆركی هۆكارەكەی ئەوە بوو كە لینین و بەشێكی زۆرلە ڕابەرانی بەلشەفیكی ڕوسیا بەرگەی پرسیارو ڕەخنە و بۆچوونەكانی رۆشنبیران و نوسەرانی ڕوسیایان نەدەگرت و دوای ماوەیەكیش كاتێك دۆخی ترسناكی سەردەمی ستالین هاتە پێشەوە ئەوەی سەلماند كە شوێنێك بۆ ڕەخنەگرتنی رۆشنبیران و بیرمەندان لەنێو ڕژێمی سوشیالیزمی روسیدا نەماوەتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، چەند مانگێك پێش ئەوەی گۆڤارەكەی ماكسیم گۆركی (ژیانی نوێ) دابخرێت لە رۆژی 20/12/1917 دا وتارێكی بڵاوكردبوویەوە كە ڕەخنەی لە بەلشەفیكەكان گرتبوو تیایدا نوسیبووی: لینین، ترۆتسكی و هاوڕێكانیان هێشتا هیچیان بەهیچ نەكردووە بە ژەهری پیسی دەسەڵات ژەهراوی بوون، ئەم بابەتە  دەتوانرێت وەک  هەڵوێستی شەرمنانەی ئەوان بۆ پرسی ئازادی ڕادەربڕین ببینرێت."
تێبینی و رەخنە وردەکانی گۆرکی زۆر هاوشێوەی بۆچوونەکانی بێرتلاند راسڵە دوای سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ لە ئابی 1920. راسڵ لە نامەیەکیدا بۆ ئۆتۆ مۆرێڵ دەنوسێت " ئەو ماوەیەی کە لە روسیا بەسەرم برد، هەرچەندە سەرنجراکێشترین ماوەی ژیانم بوو، بەڵام زۆر بە ئازاریش بوو.
بەلشەفزم، بیۆکراسی سەرکوتکەرانە، پاکێجێکە لەگەڵ سیستیمی سیخوری  شارەزاتر و تۆقێنەرترە لە سیستمی ترازی."
لەهەمان ساڵدا راسڵ لە کتێبی "کردار و تیۆری بەلشەفیزم" بیروباوەڕی بەلشەفیکی بەمجۆرە روندەکاتەوە" بەلشەفیزم تەنها یەک بیروباوەڕی سیاسی نییە، بەڵکو وەک ئاینێکە بە شێوەیەکی  چەقبەستوو شێوەی گرتووە و ئیلهامی لە پیرۆزییەکان وەرگرتووە."
گومانی تێدانییە لە سیستمێکی فیکری و دەستگایەکی ئایدۆلۆجی وادا، جێگایەک بۆ رەخنەی رۆشنبیری نامێنێتەوە و ئەم بابەتێکە کە لینین، ترۆتسکی و ستالین زۆر بە باشی دەیانزانی، چونکە بە بۆچوونی لینین و زۆرێک لە ڕابەرانی حزبی بەلشەفیکی ڕوسیا، ئەوە شۆڕشگێڕە مارکسییەکان بوون، نەک ڕۆشنبیرانی "ریفۆرمخواز و  بۆرژوا"، کە بنەما شۆڕشگێڕییکانی "مارکس و ئەنگلیس"یان  لە رەفە خۆڵاوییەکانی ئەوروپاوە گەیاندە کرێکاران و جوتیارەکانی جیهان.
ئەمەش رۆڵی لینین، ترۆتسکی و هەندێک لە شۆڕشگێرەکانی روسیا بوو. بۆیە، بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی لینین دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەشیوەیەکی گشتی دژی رابەرایەتی سیاسی و ئەخلاقی ڕۆشنبیرانە. لەم ڕووەوە، لە زۆرێک لە نووسینەکانی لینیندا لە ماوەی پێش و دوای شۆڕشی 1917 رەخنەی جدی و توند لە ڕۆشنبیران دەگرێت. بۆ نموونە، کاتێک کە لینین لەساڵی 1903 کاری لەسەر دروستکردنی حزبی بەلشەفیک دەکرد، نەیارەکانی خۆی بە "عەقڵیەتێکی فیکریی ناجێگیر" و " رۆشنبیرانی بۆرژوازی بەبێ جیاوازی لەگەڵ رێکخراوی پرۆلیتاری"تاوانبار دەکرد.

هەروەها، لینین لە پەیامێکیدا لە 19/10/1917 بۆ کۆمیەتی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت دەنوسێت " تەنها ڕێگە بۆ بە ساغ هێشتنەوەی حزبی کرێکاران، پاکسازیکردنە لە یەک دوو جیلی ڕۆشنبیر لەناو حزبەکەدا" و ئەڵبتە، ئەم شێوازی پاکسازییە پرۆسەیەک بوو کە لە ماوەی سەرۆکایەتی لینیندا دەستیپێکرد و بە تیرۆرکردنی رۆشنبیران گەیشتە لوتکەی تۆقاندنی خۆی. رەنگە هەر لەبەر ئەمەش بێت، پرۆژەی دیکتاتۆری لینین و تۆتالیتاریزمی ستالین هێندە جیاوازیان نەبێت و لەلایەن رابەرانی حزبی کۆمۆنیستی سۆڤێتەوە دادگایکردن و لەسێدارەدانی زۆر ڕۆشنبیری وەک بوخارین، زینۆڤیڤ، رادێک و کامێنڤ جێبەجێ کرا. سەیر ئەوەیە کە ستالین دوای مەرگی لینین و ئامادەکاری بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، ترۆتسکی و لایەنرەکانی بە "رۆشنبیرانی وردە بۆرژوا"ناو دەبرد.

ترسی لینین لە گرووپی رۆشنبیران ئەوەبوو کە دڵنیا نەبوو دێنە ناو  ریزی شۆڕشەوە، هەرچەندە زۆرێک لە هونەرمەندان و  ڕۆشنبیرانی روسی و ناڕوسی لە ژێرکاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەردا چوونە ناو حزبە کۆمۆنیستیەکانی جیهان یان دور و نزیک پشتوانیان لە ئامانجەکانی کۆمۆنیزم دەکرد. لەم نێوانەدا شاعیرانی وەک مایکۆفسکی، بلۆک  و یەسینین، بەرهەمهێنەرێکی فیلمی وەک ئیزنشتاین، موزیکزانێکی وەک پرۆکۆفیڤ و شۆستاکۆڤیچ و وێنەکێشەکانی وەک ماڵڤیچ، رۆدچێنکۆ و گۆنچارۆڤا، هەریەکە لەمانە وەک کەسێتی سەرەکی ڕۆمانی  "دکتۆر ژیڤاگۆ"ی  بۆریس پاستێرناک، تا ماوەیەک ئەو هەستەیان هەبوو کە " ئازادی لە ئاسمانەوە بە دیاری  بۆ ئەوان هاتووە."
 بێمتمانەی لینین و رابەرانی حزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت لە ڕۆشنبیران و بلیمەتانی هونەری روسیا بە رادەیەک بوو کە لە ساڵی 1918 حکومەتی شۆڕشگێری مۆسکۆ، هاوپەیمانی مامۆستایانی روسیای تواندەوە و بەتەواوی خستیە ژێر رکێفی حزبەوە. دوای ماوەیەک، زینۆڤیڤ کە خۆشی دواتر بوو بە قوربانی دەستی تیرۆری ستالین، رایگەیاند کە وشەی "خوێندکاری زانکۆ" یەکسانە بە " گاردی سپی"بۆ رابەرانی حزب.
ئەم شیوازی مامەڵەیە لەگەڵ ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیران کە جۆرج ئۆرێل دواتر لە ڕۆمانی "1984"دا باسی لێوەکرد، ساڵەهای ساڵ بوو بە  وتە زاڵەکانی حزبە شیوعییەکانی جیهان. بۆ نموونە، پالمیرۆ تولییاتی، رابەری حزبی کۆمۆنیستی ئیتالیا، لە وتارێکیدا لە چوارەمین کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیستی یوگسلاڤیا، رۆشنبیرانی وا ناوهێنا " کە وەک کرێکاران نین و بە ئاسانی دەکەونە ژێر کاریگەری ژینگەی بۆرژوازی و وردە بۆرژوازی کە ریشەیان لێ داکوتاوە."
بەڵام روسیای ستالینی بەهۆی هەبوونی لایەنگریان لەنێوان هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی رۆژئاوا وەک ئاڵتوسەر، ئاراگۆن، ئەلڤار، ئیلزا تریۆ لە و...، شاعیرانی وەک "ئەخماتۆڤا، پاستێرناک"یان دورخستەوە و ئۆسیپ مەندلشتامی شاعیریان ناردە ئۆردوگای کاری ناچاری و درێژەیان بە سیاسەتی دژە داهێنان و دژە رۆشنبیری خۆیاندا.
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەرشیفی ئاژانسی زانیاری سۆڤیەت، لەماوەی ساڵانی 1920 بۆ 1930 زیاتر لە دوو هەزار نووسەر، شاعیر، هونەرمەند و رۆشنبیری براونەتە ئۆردوگاکانی کاری ناچاری و لەم ژمارەیەش  هەزار و پێنجسەد کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

ئەم هەستکردن بە مەترسیە بۆ رۆشنبیران کە لە سەرەتای شۆڕشی لە ناو حزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتیدا هەبوو، دواتر گۆڕدرا بۆ شەڕێکی بێ چەند و چوون لەلایەن دیکتاتۆرێکی وەک ستالینەوە، ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە، بۆچی لینین، ترۆتسکی، رادێک، زینۆڤیڤ و ئەوانی دیکە کە خۆیان بە جۆرێک لە ڕۆشنبیر دادەنران و هاوکاری ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی وەک "مایکۆڤسکی و گۆرگی  " یان بۆ سەرکەوتنی شۆڕش بە پێویست دەزانی، لە سەرەتای دەسەڵات گرتنە دەستی حزبی بەلشەفیک لە روسیای سۆڤێت پەنایان بردە بەر توندوتیژی سیاسی؟ رەنگە باشترین وەڵام بۆ ئەم پرسیارە لە بەشێک لە کتێبی لەشک کۆلاکۆڤسکی بەناوی " ئاراستە سەرەكییەكان بۆ ماركسیەت " دەست بکەوێت. کۆلاکۆڤسکی دەنوسێت " بەهێزترێن هێزێک کە لە کۆمەڵگای نویدا هەبێت، سەرکوتکردنی پۆلیسی بووە... لینین ئاماژەی بەوەکردووە،  لە کۆمەڵگای نوێدا یاسا بە مانای یاسا  بە واتا نەریتێکەی  وشە دەبێت هیچ پەیوەندیەکی نەبێت، واتە نابێت  رێگا بدرێت بە یاسای بەهیچ  جۆرێک توانای حکومەت سنوردار بکات..بەم جۆرە، بەرپرسان نیگەرانی چوارچێوەکانی شکاندنی یاسایی نابن، بەڵکو توانای هەرکەسیک کە بۆ "دیکتاتۆری پرۆلیار" بە مەترسی دابنرێت،  دەبێت دەستگیر و زیندانی بکەن یان بیکوژن."

هەرچەندە شۆڕشی 1917 روسیا دەتوانێت وەک کوڕی مەعنەوی روشنبیرانی روسیا دادەنرێت، بەڵام ئەوەی مێژووی حەفتا ساڵەی شۆڕش لە ڕوسیا پشانیدان، یەکێک لە ترسناکترین "باوک کوشتەی" شارستانێتی مرۆڤایەتی بوو.