ڕاپۆرتی جیهانی

12:21 - 05/02/2021

ڕێگری لەناونانی منداڵ بەشێك لە ئازەرییەكانی هێناوەتە دەنگ‌

ئایندە شەمیانی

گەرچی بە پێی جاڕنامەی مافەكانی منداڵان نابێت ڕێگریی لە دایك و باوك بكرێت بۆ ناونانی منداڵەكانیان، بەڵام لە هەندێك وڵاتدا تائێستا بە هۆكاری جیاواز ڕێگریی دەكرێت، لە وڵاتی ئێرانیش لیستێكی تایبەتی هەیە و تیایدا ناوە ڕێگەپێدراوەكانی تێدایەو دایك و باوك ناچار دەكرێت لەناو ئەو لیستەدا ناوێك بۆ منداڵەكانیان هەڵبژێرن، ئەگەر ناوێك لەدەرەوەی ئەو لیستە بوو، دەبێت ڕەزامەندی سێ پرۆفیسۆری زمانی فارسی وەربگیرێت پاشان فەرمانگەی تۆمار پێناسی كەسی بەو منداڵە دەبەخشێت، لەو وڵاتەدا نەك هەر كورد ئەو كێشەیەیان هەیە، بەڵكو توركمان -ئازەریی-یەكانیش هەمان گرفتیان هەیە.

لە بەدواداچونێك بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەشێك لە  هاوڵاتیانی ئیرانی كە لە لاپەڕەی خۆیان بڵاوکراونەتەوە ئەوە نیشان دەدات کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دایک و باوکی پێنج منداڵ لە پارێزگاکانی تورک زمان ڕایانگەیاندووە، نووسینگەی (ثبت احوال) تۆماری ناوخۆیی منداڵی ئێران كە سەر بەوەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە، بەبیانووی فارسی نەبوونی ناوی منداڵەكانیان بێبەشیان كردوون لەوەی پێناسی هاوڵاتی بوون بە منداڵەكانیان بدەن و ڕێگرییان لێ کراوە کە بەڵگەنامەی لەدایکبوون بۆ منداڵەکانیان دەربکەن و بەو پێیەش ئەوە بەبەشێك لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ ئەژمار دەكرێت و هانی توندوتیژیی نەتەوەیی دەدات و دواتریش لە بەرژەوەندی هیچ لایەك ناشكێتەوە.

عادل چۆپانی، باوکی یەکێک لەو منداڵانەیە كەناوی –ئاتاکان- ی بۆ هەڵبژاردووە کە ئێستا تەمەنی سێ ساڵ و نیوە، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیدا چیرۆکێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کە منداڵەکەی بەردەوام بووە لە بێبەشبوون لە بڕوانامەی لەدایکبوونی و ئەگەر لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا ڕێگەی نەدەن بەو ناوەوە پێناسی شارستانی بۆ دەربكرێت، پێدەچێت لە مافی چوونە قوتابخانە بێیبەش ببێت، یان ناچار ببێت ناوێكی دیكە بۆ منداڵەكەی دیاری بكات كە جێگەی پەسەندی خۆی و دایكی منداڵەكەش نیە.

بە وتەی خێزانەکانی تر ، نوسینگەی تۆماری ناوی هاوڵاتیان (ثبت احوال) ڕێگری کردووە لەدەرکردنی بڕوانامەی لەدایکبوون بۆ چوار منداڵی تر بەناوەكانی  "یاغیش "كە بە زمانی ئازەری مانای  " باران " دەگەیەنێت، " ئانار " واتە " تێگەشتوو" ، " سێئۆگی " واتە خۆشەویستی و " ئایڵ " ، واتە بێداری و هۆشیاری بە پێی وتەی خێزانەكان ، هیچ یەكێك لەو ناوانە پێچەوانەی مافەكانی منداڵ نین و مانای نەشیاویشیان لە خۆ نەگرتووە، تەنها بیانوویەك هەبێت ئەوەیە كە فارسی نین و هیچی تر.

دایک و باوکی ئەو منداڵانە خەڵکی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا(ورمێ) ، ئازەربەیجانی رۆژهەڵات(تەورێز) و (ئەردەبیل) ن، هەردوو پارێزگای تەورێز و ئەردەبیل توركمانین و نەتەوەكانی تری وەك فارس و بەشێك لە كوردیشیان تێدایە، هەرچی  پارێزگای ورمێشە بەشی زۆری دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كوردستان و لە هەمان كاتیشدا ڕێژەیەكی زۆر ئازەری تێدایە و بە هەمان شێوە هاولاتیانی فارسیشی تێدا نیشتەجێن.

سەججاد جۆلانی، باوکی ئایڵ پێشتر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویكردبویەوە، تیایدا ڕایگەیاندبوو، کە بەرپرسانی فەرمانگەی تۆماری ناوەكان (ثبت احوال)ی ئەردەبیل بانگەشەی ئەوەیانان کردووە:  پێویستە هەموو ناوێكی ڕێگە پێدراوی تۆمارگەکەیان لەلایەن سێ پرۆفیسۆری زمانی فارسییەوە لە تاران پەسەند بکرێت ئەوجا ئەوان ڕێگە بە تۆماركردنی دەدەن.

لەو گرتە ڤیدیۆییەدا باوكی ئەو منداڵە ڕەخنەی ئەوەی گوتووە كە ڕێگە گرتن لەناونانی منداڵ لە لایەن دایك و باوكەوە " ناوەندگەرایی " و " دیکتاتۆرییەت "ە و گوتی " هەڵبژاردنی ناوێک بۆ منداڵ مافی دایک و باوکە و ئەو مافیش لێرە ڕەتکراوەتەوە و زەوتكراوە " .

لەسەر ئەو ناوانەی کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ئامادەکراوەو ڕێگەی پێدراوە ، نوسینگەی تۆماری ناوەكان ئەو ناوانەی ریز كردووە كە ڕێگە پێدراون و بە لیستێكی تایبەتی دەیخاتە بەردەستی هەموو دایكان و باوكان  و پێیان دەڵێت ئەو ناوانە "رێگەپێدراون" بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن و لەدەرەوەی لیستەکە كە ئەوان پێیان دەڵێن ناوی "بێ مۆڵەت" ڕێگە پێدراو نیەو هیچ مامەڵەیەكی یاساییان بۆ جێبەجێ ناكرێت.

ئەوە لە كاتێكدایە لە مادەی 7 ی بەندی 1 ی پەیماننامەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵ هاتووە: " منداڵ ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوون تۆمار دەکرێت و مافی تایبەتی هەموو منداڵێكە كە ببێتە هەڵگری ناوێك و ڕەگەزنامەی پێبدرێت  ، وە ئەو مافە هی  دایک و باوکەکەیەو دەبێت ئەوان دەستنیشان بکەن و لە ژێر دەست و دەسەڵاتی ئەواندا بن . "
بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لەنێو وڵاتە دیكتاتۆرەكاندا هەندێك ناو قەدەغە دەكرێت لەبەر ئەوەی هۆكاری سیاسی یان مەبەستێكی لەپشتەوەیە كە پێچەوانەیە لەگەڵ خواست و مەرامی دەسەڵاتداراندا، لە ئێستای وڵاتی ئێرانیش دا نەك هەر لە كوردەكان ڕێگریی ناونانی منداڵەكانیان دەكرێت و بەڵكو بۆ هەموو هاوڵاتییەكی ئێرانی لیستی تایبەتی ناونانی منداڵ هەیەو لەو ناوانە بترازێت دەبێت 3 مامۆستای پسپۆڕی زمانی فارسی لە زانكۆی تاران پشتڕاستی ناوەكە بكەنەوەو بەوەش بەشێك لە جارنامەی مافەكانی منداڵی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشێل دەكرێت.