ڕاپۆرتی جیهانی

09:44 - 06/02/2021

گوتاری ماڵئاوایی جۆرج واشینتۆن لە سەرۆکایەتی ئەمریکا‌

پەیسەر

جۆرج واشینتۆن دامەزرێنەر و باوکی سەربەخۆیی ئەمریکا و یەکەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە بوو، واشینتۆن لە دواین وتاریدا وەک سەرۆکی ئەمریکا ئامۆژگاری گەلی ئەمریکا دەکات کە بە ئاسانی ڕێگە نەدەن گۆڕانکاری لە دەستوردا بکرێت، چونکە ئەگەر زوو زوو گۆڕانکاری لە دەستوردا بکرێت دەستورەکە لە ناوەڕۆکی خۆی بە تاڵ دەبێتەوە، جۆرج واشینتۆن پێیوایە تەنیا ئەوکاتە گۆڕانکاری لە دەستوردا رێگەپێدراوە کە دڵنیابین لەوەی گۆڕانکارییەکە لەپێناو بەرژەوەندییەکی کورتخایەندا نییە و لەپێناو بەرژەوەندییەکی درێژماوەدایە، بەو واتایە ئەگەر حیزبێک یان سەرکردەیەک پێشنیازی گۆڕینی مادەیەکی دەستوری کرد دەبێت بیر لەوە بکەینەوە ئایا گۆڕینی ئەم مادەیە لەپێناو بەرژەوەندی کورتخایەتی ئەو حیزب و سەرۆکەدایە یان لەپێناو بەرژەوەندی درێژخایەنی وڵاتەکەدایە، ئەگەر بەرژەوەندی کورتخایەنی حیزب و سەرۆکەکە لە گۆڕینی دەستوردابێت نابێت رێگە بە گۆڕینی بدرێت.

جۆرج واشینتۆن بەشێکی زۆری وتاری ماڵئاواییەکەی تەرخان کردووە بۆ ئامۆژگاری کردنی گەلی ئەمریکا سەبارەت بە بیری حیزبچێتی و هۆشداری داوە کە حیزبچێتی دەتوانێت ببێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر وڵات و دەبێتە هۆی دەستێوەردانی دەرەکی، واشینتۆن ئەم وتانەی لە کاتێکدا باس کردووە کە سیاسییەکانی ئەمریکا لەو کاتەدا لەڕووی حیزبایەتییەوە بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببوون و دۆخی ئەمریکا لە ڕووی حیزبایەتییەوە تا رادەیەک هاوشیوەی دۆخی ئێستای کوردستان بوو.

لەو قۆناغەدا بەرەیەک لەلایەن هەمیلتۆن و جۆن ئادامزەوە سەرکردایەتی دەکرا و بەرەکەی دیکەش لەلایەن جەیمز مەدیسۆن و تۆماس جێفێرسۆنەوە سەرکردایەتی دەکرا، خاڵێکی سەرەکی ناکۆکی نێوان دوو بەرەکە دابەشبوونیان بوو بەسەر فەڕەنسا و بریتانیادا، فەڕەنسا و بریتانیا لەو کاتەدا واتە لە ساڵی ١٧٩٣وەدا لە شەڕدابوون، بەرەی هەمیلتۆن و جۆن ئادامز کە لایەنگری بریتانیا بوون و پێیانوابوو نابێت ئەمریکا راستەوخۆ دەستێوەردان لە جەنگدا بکات، بەڵکو بە بێدەنگی پشتگیری لە بریتانیا بکات، بەرەکەی دیکە واتە بەرەی مەدیسۆن و جێفرسۆن لایەنگری فەڕەنسا بوو و هەوڵیان دەدا بۆ ئەوەی سیاسەتی ئەمریکا لەو جەنگەدا پشتگیریکردن بێت لە فەڕەنسا.

فەڕەنسا و بریتانیا لەو کاتەدا دوو زلهێزی جیهان بوون و جۆرج واشینتۆن مەترسی ئەوەی هەبوو دابەشبوونی سیاسییەکان و حیزبەکان بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا ببێتە هۆی دەستێوەردانی فەڕەنسا و بریتانیا و سەربەخۆیی ئەمریکا بچێتە ژێر پرسیارەوە، ئەم دۆخەش هاوشێوەی دۆخی ئێستای کوردستانە کە زۆربەی حیزبەکان بەسەر دوو بەرەی تورکیا و ئێراندا دابەشبوون و ئەمەش بووەتە هۆی دەستێوەردانی ئەو دوو وڵاتە لە دۆخی ناوخۆی هەرێم و بە ئاشکرا سەرەورەی هەرێم پێشێل دەکەن، هەربۆیە ئەو بەشە لە وتاری ماڵئاوایی جۆرج واشینتۆن کە ئامۆژگاری گەلی ئەمریکا دەکات سەبارەت بە مەترسییەکانی حیزبچێتی لێرەدا وەک خۆی بڵاودەکەینەوە.

بەشێک لە دەقی وتارەکە
... پێشتر باسی ئەو مەترسیانەم کردووە کە بەهۆی حیزبچێتییەوە ڕووبەڕوومان بووەتەوە، بە تایبەت باسی مەترسییەکانی ئەو حیزبانەم کردووە کە بەهۆی دابەشبوونی جوگرافیی و شارچێتی و ناوچەگەراییەوە دروست بوون، ئێستا دەمەوێ وردتر باسی زیانەکانی بیری حیزبچێتی و حیزب حیزبێنەتان بۆ بکەم.

بە داخەوە مەیلی حیزبچێتی بەشێکە لە سروشتی مرۆڤ و بۆ ئەو دەمارگیرییە کوێرانەیە دەگەڕێتەوە کە لە زەین و خەیاڵی مرۆڤدا چێنراوە، حیزبچێتی و باڵباڵێن کەم و زۆر لە هەموو وڵاتێکدا هەیە، هەندێک لە حکومەتەکان سەرکوتیان کردووە و هەندێکیش کۆنتڕۆڵیان کردووە، بەڵام حیزبچێتی زیاتر لەناو ئەو حکومەتانەدا باوە کە لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرین، لە راستیشدا گەورەترین دوژمنی ئەو جۆرە حکومەتانەش هەمان حیزبچێتی و حیزب حیزبێنەیە.

سەرکەوتنی یەک لە دوای یەکی باڵێک و حیزبێک بەسەر حیزب و باڵەکەی دیکەدا هەستی تۆڵەسەندنەوە و نەفرەت بەهێزتر دەکات، ئەم هەستەش لە سەردەمی جیاواز و لە وڵاتانی جیاوازدا بووەتە سەرچاوەی ئاژاوە و فیتنەی گەورە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هۆکارە بۆ دروستبوونی سەرەڕۆیی و دیکتاتۆری و بە تێپەڕبوونی کاتیش ئەم سەرەڕۆییە شێوازێکی فەرمیتر بە خۆیەوە دەگرێت، بەهۆی ئەو خراپەکاری و بەدبەختیانەی بەسەر میللەتدا دێت، خەڵک وردە وردە بیر لەوە دەکەنەوە کە بۆ سەقامگیری و ئاسایش پێویستیان بە سەرکردەیەکی بەهێز هەیە کە هەموو دەسەڵاتەکانی بۆ خۆی قۆرخ کردبێت، لەم نێوانەدا سەرکردەیەک کە چانسی زیاتری هەبێت لەناو خەڵکدا پێگەی خۆی لەسەر حیسابی سنووردارکردنی ئازادی خەڵکی دیکە بەهێز دەکات.   

هەرچەندە نابێت ئەوەندە ڕەشبین بین بەڵام بە بۆچوونی من حیزبچێتی و حیزب حیزبێتە ئەوەندە مەترسیدارە کە پێویستە خەڵکانی ژیر و تێگەیشتوو گرنگی بەم بابەتە بدەن و هەوڵ بدەن وەک ئەرکێکی نیشتمانی سنوورێک بۆ حیزبچێتی و باڵ باڵێن دابنێن.

لاوازکردنی رۆڵ و پێگەی دامەزراوەکانی دەوڵەت هەمیشە ئامانجێکی دیاریکراوی لە پشتەوەیە، هەوڵدان بۆ لاوازکردنی دامەزراوەکان دەبێتە هۆی شێواندنی ڕای گشتی و دروستکردنی بێ متمانەیی  و نانەوەی دووبەرەکی و دوژمنایەتی لەناو خەڵکدا، کە ئەمانەش سەرچاوەی ئاژاوە و فیتنەن و دەبنە هۆی ئەوەی دەروازەکانی وڵات بەڕووی گەندەڵی و دەستێوەردانی دەرەکی بکرێنەوە، هەر دوو دیاردەی گەندەڵی و دەستێوەردانی دەرەکیش لەژێر پەردەی دەمارگیری حیزبییەوە خۆیان دەخزێننە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەسیش دەنگی لێوەدەرنایەت، لەم حاڵەتەشدا سیاسەت و ئیرادەی وڵات بە ئاسانی دەکەوێتە دەست وڵاتێکی دیکەوە.

هەندێک کەس پێیانوایە لە وڵاتانی ئازاددا حیزبەکان رۆڵێکی پۆزەتیفیان هەیە لە چاودێریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و حیزبایەتی بۆ پاراستنی ئازادی پێویستە، ئەم بۆچوونە تا رادەیەک دروستە،... بەڵام لەو وڵاتانەی کە حکومەت لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت دروست نییە روحی حیزبچێتی لەناو خەڵکدا بەهێز بکرێت، لە وڵاتانی ئازاد بۆ گەیشتن بە ئامانجە باشەکان پێویستە تا رادەیەکی پێویست حیزبایەتی بکرێت، بەڵام بەو پێیەی هەمیشە مەترسی سەرهەڵدانی توندڕەوی هەیە نابێت بیری حیزبچێتی بەهێز بکرێت و بەردەوام دەبێت لەڕێی دروستکردنی رای گشتییەوە بیری حیزبچێتی کۆنتڕۆڵ بکرێت، حیزبایەتی وەک ئاگر وایە نابێت بهێڵین ئاگرەکە بکوژێتەوە چونکە ئاگر بۆ خۆگەرمکردنەوە پێویستە، بەڵام ناشبێت بهێڵین ئاگرەکە تەشەنە بستێنێت، چونکە لە ئەگەری تەشەنەسەندنی لە جیاتی ئەوەی ئاگرەکە گەرممان بکاتەوە ئەوا دەمانسوتێنێت و کاتێکیش بەخۆمان دەزانین کە بووینەتە خۆڵەمێش.

George Washington