ڕاپۆرتی جیهانی

11:34 - 07/02/2021

خەتەنەکردنی ژنان هەم لە ڕووی زانستی و هەم ڕووی ئایینەوە تاوانە‌

پەیسەر

هەرچەندە لە جیهاندا ڕۆژی ٦ی شوبات وەک ڕۆژی " International Day of Zero Tolerance of Female Genital Mutilation (FGM )  " واتە ڕۆژی جیهانی سفرکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە دیاریکراوە بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی خەتەنەکردنی ژنان و کچان لە جیهاندا ڕووی لە زیادبووندایە.

خەتەنەکردن لەڕووی پزیشکییەوە بریتییە لە لابردنی بەشێک لە جەستەی ئەو کچە یان ژنە بەشێوەیەک بەشی ئەستوری کۆئەندامی زاوزێی ڕەگەزی مێیینە لادەبرێت و هەندێک جاریش لەبەشی ناوەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێیینەکە لادەبرێت کە ئەمەش چەندین زیانی هەیە.

لەڕووی زانستی پزیشکییەوە مانەوەی ئەو بەشەی چەندین سودی هەیە و ئەو ژنانەی کە خەتەنەیان بۆ نەکراوە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کە بۆیان کراوە، بەجۆرێک ئەوانەی کە بۆیان نەکراوە و ئەو بەشەی کە لانەبراوە ڕێگرە لەچوونە ناوەوەی بەکتریا و ڤایرۆسەکان بۆ ناو کۆئەندامی زاوزێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسە لەکاتی منداڵبوون ئازارێکی کەمی دەبێت و لەکاتی سوڕی مانگانەش بەهەمان شێوە ئازاری کەمتر دەبێت و لەگەڵ ئەوانەشدا بە لابردنی ئەو بەشە ژنان تووشی نەخۆشی گوازراوە دەکات کە گەورەترین مەترسی لەسەر ژنانی خەتەنەکراو دروست دەکات.

ئەو کارەی کە ئەنجام دەدرێت لەلایەن کەسانی ناپسپۆڕ و ناشارەزاوە ئەنجام دەدرێت بە کەرەستەی نەشیاو، ئەمەش دەبێتە هۆی توشبوون و گواستنەوەی نەخۆشی ئایدز و نەخۆشی جگەری ڤایرۆسی کە هەردوو نەخۆشییەکە چارەسەریشیان نییە، بۆیە هەرکارێک کە زیانی بۆ جەستەی مرۆڤەکان بێت، هەم لەڕووی پزیشکیەوە قەدەغەیە و نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەنجام بدرێت و پێویستە ڕێگری لێ‌ بکرێت.

خەتەنەکردن کردەوەیەکی سونەتە لەئیسلامدا، بەڵام بۆ پیاوان و مەکروهەیە بۆ ژنان واتە کردەیەکی نەگونجاوە و بەو پێیەش خەتەنەکردنی ژنان لەئیسلامدا کارێکی باش نییە و ئایەتێک یان فەرمودەیەکی پێغەمبەر (د.خ) نەهاتووە کە بە ڕاستەوخۆ ئاماژە بە ئەنجامدانی ئەو کردەیە بدات.

بە پێی ئامارێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا، خەتەنەکردن هەڕەشە لە نزیکەی ٧٠ ملیۆن کچ لە وڵاتانی جیهان بە تایبەتی وڵاتانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیەنراوێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە و باسی لەوە کرد، لە جیهاندا ٢٠٠ ملیۆن ژن و کچ خەتەنەکراون.

رێکخراوەکە دەڵێت، "خەتەنەکردنی مێیینە نە تەنها پێشێلکردنی مافێکی تاکەکەسیە بەڵکو ئەو کاریگەریە جەستەیی و دەروونیەی کە لەسەر ژنان دروست دەبێت، ڕاستەوخۆ کاریگەریەکی خراب لەسەر کۆمەڵگاکان دروست دەکات.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو چەقۆ و گویزانەی کە بۆ بڕینی بەشێک لە ئەنجامی مێیینەی ژنان و کچان بەکاردەهێنرێت، دەبێتە هۆی دروستکردنی ڤایرۆسی مەترسیدار و هەوکردنی ئەو ئەندامەی مێیینە و ئەوەش دووچاری بەدەیان نەخۆشیان دەکات.

بە پێی ئاماری ڕێکخراوەکە، خەتەنەکردنی ژنان و کچان لە ٣٠ وڵاتی جیهاندا هەیە و زیاترینیان لە کیشوەری ئەفریقا و ئاسیایی دایە و زۆربەشییان ئەو وڵاتانەن کە زیاتر وابەستەی ئایینن و دەڵێت، خەتەنەکردنی مێیینە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژنان چێژ لە حەزی سێکسی وەرنەگرن و زۆربەیان لە پڕۆسەی هاوسەرگیری دووربکەونەوە.

هەروەها حاڵەتی دەروونیش لای ژنان و کچان زیاد دەکات کە هەندێکیان هەوڵی خۆکوشتن دەدەن و هەندێکیشیان خۆیان لە کۆمەڵگا دووردەگرن و گۆشەگیر دەبن.

بەهۆی زاڵبوونی دابونەریتی کۆمەڵگا تائێستا نەتوانراوە ئەو دیاردەیە بەیەکجاری بنەبڕ بکرێت.

لەهەرێمی کوردستان دیاردەی خەتەنەکردنی مێیینە کە زیاتر لە گوندە دورەدەستەکان ئەنجام دەدرێت و بەهۆی بەنهێنی ئەنجامدانی ئەو کارەش تا ئێستا نەتوانراوە ڕێگری لەو دیارەدەیە بکرێت و بکەرانی بەسزا بگەیەندرێن.

پەرلەمانی هەرێمی كوردوستان لە بەرواری٢١ی حوزەیرانی ٢٠١١ یاسای ژمارە 8 توندوتیژی خێزانی پەسەند كرد  ،  گرنگترین بابەت لەو یاسایەدا كە سەرنجی وڵاتانی بۆ خۆی ڕاكێشا قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی مێینە بوو بە یاسا ، بەم هەنگاوەش هەرێمی كوردوستان بوو بە یەكەم وڵاتی كیشوەری ئاسیا كە یاسایەكی لەم جۆرە دەربكات ، بەڵام تا ئیستاش ئەم تاوانە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.