ڕاپۆرتی جیهانی

11:16 - 11/02/2021

لە پەناگەوە بۆ مەترسی؛ مسوڵمانانی ئەڵمانیا لەژێر هەڕەشەدا‌

پەیسەر

ماوەی سێ ساڵە هێرش و پەلامارەکان بۆ سەر مسوڵمانان و دامەزراوە ئیسلامییەکانی ئەڵمانیا روویان لە هەڵکشان کردووە. لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩، ٨٧١ جار پەلاماری مسوڵمانان و دامەزراوە ئیسلامییەکانی ئەڵمانیا دراوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەم ریژەیە بۆ ٩٠٠ پەلامار و هێرش بەرزبووەتەوە، ئەمەش نیگەرانی مسوڵمانانی ئەم وڵاتەی لێکەتووەتەوە.

مسوڵمانانی ئەڵمانیا لە ٢٠١٨
لە چەند ساڵی رابردوودا رق و کینە بەرامبەر ئیسلام و مسوڵمانان لە وڵاتانی ئەوروپا روویان لە هەڵکشان کرد. کارەکانی رێکخراوی داعش و گروپە چەکدارەکان هێندەی دیکە مسوڵمانانی ئەوروپا و ئەمریکای خستووەتە دۆخێکی خراپەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٩١٠ جار هێرش کراوەتە سەر مسوڵمانان و دامەزراوە ئیسلامییەکانی ئەڵمانیا.

مسوڵمانانی ئەڵمانیا لە ٢٠١٩
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (Neuer Osnabrücker Zeitung)، لە وەڵامی پرسیارێکی پارتی چەپدا، حکومەتی ئەڵمانی رایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠١٩، ٨٨٤ هێرش کراوەتە سەر مساڵمانان، دامەزراوە و رێکخراوە ئیسلامییەکانی ئەڵمانیا.

لە وەڵامەکەی حکومەتی ئەڵمانیادا هاتووە، لەو ٨٨٤ هێرشەدا، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٣ کەسیش بریندار بوون.

(Ulla Jelpke) پەرلەمانتاری پارتی چەپ دەڵێت، ئەم ژمارەیە کەمترە لە ژمارە راستییەکە، ئەمەش بەهۆی دواکەوتنی راگەیاندنی ژمارەکانەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات، رق، کینە، هەڕەشە و هێرش بەرامبەر مسوڵمانان هەیە.

مسوڵمانانی ئەڵمانیا لە ٢٠٢٠
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (Neuer Osnabrücker Zeitung)، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، لانی کەم ٩٠١ تاوان، هێرش و پەلامار بۆ سەر مسوڵمانان و دامەزراوە ئیسلامییەکان تۆمار کراوە.

بەپێی وەڵامی حکومەتی ئەڵمانی بۆ پرسیارێکی پارتی چەپ کە لەبارەی هێرشی سەر مسوڵمانان بووە، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠، رێژەی هێرش و پەلامارەکان ٢٪ زیادیان کردووە.

پارتی چەپ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ژمارەیە کۆتایی نییە و لە هەفتەکانی داهاتوودا ژمارەی هێرشە تۆمارکراوەکان بەرزتر دەبنەوە، چونکە بەشێک لە هێرشەکان درەنگتر تۆمار دەکرێن.

قوربانییەکان
بەپێی زانیاریەکانی رۆژنامەکە، زۆربەی هێرشبەر و پەلاماردەرەکان سەر بە رەوتی راستڕەوەکانن. لە سەرجەم هێرشەکانی سآڵی ٢٠٢٠دا، ٤٨ کەس بریندار بوون.

هەر بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئەو کەسانەی لەم هێرشانەی ساڵی ٢٠٢٠دا زیانی فیزیکیان بەرکەوتووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترن و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

جۆری هێرشەکان
لە وەڵامەکەی حکومەتی ئەڵمانی بۆ پارتی چەپدا هاتووە، ٧٧ هێرشی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ سەر مزگەوتەکان بووە، لەسەر دیواری مزگەوتەکان نووسینی نەشیاو نووسراون و زیانیش لە مزگەوتەکان دراوە.

نامەی هەڕەشەئامێز بۆ دامەزراوە ئیسلماییەکان نێردراوە، هێرش کراوەتە سەر ژنانی لەچک بەسەر و ئەو پیاوانەی رێشیان هەبووە و دیار بووە مسوڵمانن.

هێرشە تۆمارنەکراوەکان
بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی پارتی چەپی ئەڵمانی، ئەو ژمارەیەی ساڵانە تۆمار دەکرێن و بڵاودەکرێنەوە، ژمارەی راستی ئەو هێرش و پەلامارانانە نین کە کراونەتە سەر سەر مسوڵمانان و دامەزراوە ئیسلامییەکان.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەوەی تۆمار کراوە "بەشە دیارەکەی شاخە سەهۆڵینەکەیە"، سەرەڕای رێکارەکانی حکومەت و قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی کۆرۆناوە، ژمارەی هێرشەکان روویان لە بەرزبوونەوە کردووە.

پارتی چەپ داوا دەکات بۆ رێگریکردن لە زۆربوونی هێرش و پەلامارەکان بۆ سەر سەر مسوڵمانان و دامەزراوە ئیسلامییەکان، ریکاری پێویست بگیرێنەبەر.

پارتەکە باس لەوەش دەکات، بەشێک لە مسوڵمانان و دامەزراوە ئیسلامییەکان بەهۆی ترسی هێرشی زیاتر و چەند هۆکارێکی دیکە، حکومەت لە سەرجەم ئەو هێرشانە ئاگادار ناکەن کە دەکرێتە سەریان، بۆیە ژمارە تۆمارکراوەکان راستی ژمارەی هێرشەکان پیشان نادەن.