ڕاپۆرتی جیهانی

01:56 - 23/02/2021

رێگای ئاوریشمی تەندروستی چین لە کوردستانەوە تا ئەفریقا‌

پەیسەر

رێگای ئاوریشمی تەندروستی، ئەو رێگایەی لەگەڵ پێکوتەی چیندا، هێزەکەشیان بە جیهان دەگەیەنێت. ئەو رێگایەی هەژموون و دەسەڵاتی چینییەکان بەسەر ناوچەکانی جیهاندا دەسەپێنێت. چین چۆن کار لەسەر دروستکردنی رێگاکە دەکات؟ ئامانجیان چییە و چۆن خۆیان بە جیهان دەگەیەنن؟

رێگاکە لە کوردستانە
چین رێگای ئاوریشمی تەندروستی گەیاندە هەرێمی کوردستان، بەم هەنگاوەش کوردستان کەوتە سەر رێگا بەناوبانگەکەی چین، رێگایەک کە داهاتووی چین لە ناوچەکەدا دیاری دەکات.

سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چین بڕیاریداوە هەزاران ژەمە پێکوتە بە هەرێمی کوردستان ببەخشێت.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی چین بڕیاری ناردنی پێنج هەزار ژەمە پێکوتەی دژ بە کۆرۆنای بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان داوە کە بەشی کوتانی دوو هەزار و ٥٠٠ کەس دەکات، چونکە هەر کەسێک و دوو ژەم لە پێکوتەکە وەردەگرێت.

رێگایەک بۆ جیهان
فڕۆکەخانەی پایتەختەکانی جیهان، بەتایبەت وڵاتانی جیهانی سێیەم و هەژارەکان جمەیان دێت لەو بارە پێکوتانەی لە چینەوە هاتوون و بە دانیشتوانی ئەو وڵاتانە دەگەیەندرێن.

حکومەتی چین دەیەوێت زۆرترین بڕە پێکوتە بە زۆرترین وڵات جیهان بگەیەنێت، هەر بۆیە چاوی لە نرخ پۆشیوە و بە هەر بەهایەک بێت هەوڵ دەدات زۆرترین مرۆڤی سەر زەوی بە پێکوتەکانی بکوترێن، چینییەکان دەیانەوێت بەرهەمی وڵاتەکەیان بخەنە ناو جەستەی زۆرترین مرۆڤی جیهانەوە.

جەنگی هەژموون
چین کە ئێستا هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە لە هەموو جیهاندا رکابەری ئەمریکا بکات و رێگا نەدات ئەمریکییەکان یەکەم و بێڕکابەری سەر زەوی بن، بە رێگای ئاوریشمی تەندروستی دەیەوێت هەژموونی خۆی بسەپێنێت و ئەمریکییەکان بخاتە بەردەم مەترسی و نادڵنیاییەوە.

چین لە چەند دەیەی رابردوودا ویستویانە لە بواری بازرگانی، زانستی و سەربازیدا ببنە رکابەری ئەمریکا و زۆرترین وڵاتی جیهان بخەنە سەر رێگا و هاوپەیمانییەتییەکەیان.

هاوکارییە داراییەکانی چین بۆ وڵاتان و هاتنی وەبەرهێنەرە چینییەکان بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم بەشێکن لە هەوڵەکانی پەکین بۆ بوونە یەکەمی جیهان. لە ئێستاشدا بە رێگای ئاوریشمی تەندروستیدا پێکوتەکانی بە جیهان دەگەیەنێت.

پێکوتە وەک کارتی فشار
حکومەتی چین پێکوتەی کردووە بە کارتی فشار و چەکی دەستی تاکو کێشە و ناکۆکییەکانی لەگەڵ وڵاتاندا پێیەکلا بکاتەوە. تەنانەت لە پلانیدایە پێکوتە بکات بە چەکی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەشی.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئاسیۆشەیتد پرێس، گومان هەیە حکومەتی چین و تورکیا رێککەوتبن لەسەر ئەوەی چین پێکوتە بە تورکیا بدات و تورکیاش لە بەرامبەردا ئەو ئیگۆرە مسوڵمانانە رادەستی پەکین بکاتەوە کە لە چینەوە هەڵهاتوون و روویان لە تورکیا کردووە.

کۆنترۆڵی جیهان
حکومەتی چین پلانی وردی بۆ بڵاوکردنەوەی پێکوتەی لە جیهان داناوە، حکومەتی پەکین، کۆمپانیا حکومیی و ئەهلییەکانی وڵاتەکە پلانیان هەیە پڕۆسەی کوتان بە پێکوتەکانیان تاکو ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین درێژ بکەنەوە.

بەپێی پلانەکە دەبێت پێکوتەکان لە بەرهەمهێنانەوە تاکو دەگات بەدەستی هەموو وڵاتان و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە بپارێزێت. پسپۆڕەکانی چین بە وردی چاودێری پلەی گەرمای شوینی گواستنەوە و هەڵگرتنی پێکوتەکان دەکەن، تاکو ئەو کاتەی دەگات بە دەست داواکارەکان پارێزراو بێت.

رای بیب پسپۆڕی تەندروستی گشتی و بەرێوەبەری پێشووی چین لە دامەزراوەی (Bill & Melinda Gates Foundation) دەڵێت، ئەگەر بتوانێت رۆڵەکەی بەباشی بگێڕێت، هەلێکی گەورە لەبەردەم چیندایە بۆ سەرکەوتن.

ئەمریکا لەکوێیە؟
لە کاتیکدا لە هەموو بوارێکدا ئەمریکا پێشڕەوی خۆی بەسەر چیندا سەپاندندووە و هەرگیز نەیهێشتووە پێشیان بکەون، بەڵام وا چینییەکان رێگاکەیان دەکەن بە وڵاتانی جیهاندا و ئەمریکییەکانیش تەماشایان دەکەن.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بە هۆکاری دواکەوتنی ئەمریکا لەم پڕۆسەیەدا کردووە و نووسیویەتی، سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کۆرۆناوە بریتی بوو لە دابینکردنی پێکوتەی دژ بە کۆرۆنا بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکا، هەرە لەبەرئەوەش بوو کە رەتیکردەوە بەشدار بێت لە کۆڤاکس کە پڕۆسەی هاوبەشی رێکخراوی تەندروستی جیهان و وڵاتان بوو بۆ کوتانی ٢٠٪ی دانیشتوانی جیهان.

ئەم جەختکردنەوەی ئەمریکا لەسەر ناوخۆی خۆی، هەلێکی گەورەی بە چینییەکان بەخشی کە روو لە هەموو جیهان بکەن و پێکوتەکەیان بە جیهاندا بڵاوبکەنەوە.

ئەمریکا رێگاکە دەبڕێت؟
فروانخوازییەکانی چین هەمیشە لەبەردەم هێزی ئەمریکادا تووشی کێشە و رێگری گەورە دەبووەوە، بەڵام ئەمجارە ئەمریکا خۆی کشاوەتەوە و گۆڕەپانەکەی بۆ چینییەکان جێهێشتووە، ئەوانیش لەسەر رێگای ئاوریشمی بازرگانی مێژوویی خۆیان رێگای ئاوریشمی تەندروستیشیان دروستکرد.

دوای ئەوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن هەستیان کرد چینییەکان بوون بە مەترسی و گەیشتوون بە جیهان، خێرا خۆیان گەیاندە پڕۆژەی کۆڤاکس و چوار ملیار دۆلاریان بۆ تەرخان کرد و یەکسەریش نیوەی پارەکەیان بۆ پڕۆژەکە رەوانە کرد.

رێگاکەی چین لە ئەفریقا
ناوەڕاستی ساڵی رابردوو شی جینپینگ سەرۆکی چین رایگەیاند، پێکوتەی چین بە ئەفریقا دەگەیەنن. دواتریش وانگ یی وەزیری دەرەوە کە مانگی یەکی ئەمساڵ سەردانی پێنج وڵاتی ئەفریقی کرد لە راگەیەندراوێکدا وتی، دابەشکردنی پێکوتەی چینی لە ئەفریقا، لە کارە لەپێشینەکانی پەکینە لە ئەمساڵدا.

دواتریش وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، چین کار دەکات تاکو لە زیاتر لە ٦٠ وڵاتی جیهاندا پێکوتەکەیان بڵاوبکەنەوە و ٢٠ دەوڵەتیش راستەوخۆ و بە فەرمی پێکوتەکە وەردەگرن.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە، تاکو ئێستا چین پێکوتەکەی بە ئەم وڵاتانە داوە، گینیا، زیمبابۆی و سیرالیۆن، پلانیشی هەیە بە ١٦ وڵاتی دیکەی کیشوەرەکەی بگەیەنێت.

پێکوتەکانی چین؛ ئاسان و هەرزان
پێکوتەکانی وڵاتانی رۆژئاوا پێویستیان بە پلەیەکی نزمی گەرما هەیە هەیە تاکو بپارێزرێن، ئەمەش هەڵگرتن و گواستنەوەیانی قورس کردووە.

لە بەرامبەردا سێ پێکوتەی چین هەن (سینۆفارم، سینۆڤاکو کانسینۆ) کە لە ساردییەکی ئاسایی و لە ناو ساردکەرەوەی ئاساییدا هەڵدەگیرێن، ئەمە جگە لە هەزرانیان، ئەمەش گواستنەوە و هەڵگرتنی ئاسان کردووە.