ڕاپۆرتی جیهانی

03:23 - 24/02/2021

ئەردۆغان میلەکەی گۆڕییەوە؛ ئەنقەرە دەچێتەوە واشنتن؟‌

پەیسەر

سەرەڕای پەیوەندییە باشەکانی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوو زۆرترین کێشە و قەیران کەوتە ناو پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، لەگەڵ هاتنی جۆ بایدن بۆ ئیدارەی ئەمریکا، تورکیا لە هەرکاتێک زیاتر ترسی لێنیشتووە کە پەیوەندییەکان خراپتر بن، چونکە بایدن رابردوویەکی باشی لەگەڵ ئەردۆغاندا نییە، بۆیە ئێستا ئەردۆغان ئاڕاستەی قسەکانی گۆڕیوە و هەڵی نزیکبوونەوە دەدات.

نیازپاکی
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ڤیدیۆیەکدا کە بەبۆنەی کردنەوەی تەلەفیزیۆنی (TASC TV) تۆماری کردووە باس لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا دەکات و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان دەخاتەڕوو.

ئەردۆغان لە قسەکانیدا دەڵێت، لە ماوەی رابردوودا چەند کێشەیەک کەوتنە نێوان تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ئێستادا هەوڵ دەدەن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکادا کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، سودە هاوبەشەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە ناکۆکییەکانیان زیاترە، لەبەر ئەم هۆیە، "دمانەوێت هاوبەشییەکانمان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکادا بەهێزتر بکەین و ئەمەش لە روانگەی سودەوە."

ئەردۆغان باسی لەوەش کردووە، ئەوەی لەسەر شانی تورکیایە بۆ هاوبەشی ستراتیژی و رێککەوتن بەشێوەیەکی گونجاو ئەنجامی دەدات.

سەرۆک کۆماری تورکیا لە درێژەی وتەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی، لەسەر بنەمای سود و بەرژەوەندی هاوبەش، پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات بەهێز، بەرفراوان و ستراتیژییە.

 

ناکۆکی
لەبارەی ناکۆکییەکانیش وتی، جار جار بۆچوونی جیاوازیش هەبێت، هاوبەشییەکان بەسەر ناڕەحەتییەکاندا سەرکەوتوون. هەردوولاش پێکەوە بەسەر تاقیکردنەوەکانی دۆستایەتی نێوانیاندا تێپەڕیون، بەتایبەت "لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و درێژکراوەکانیدا ئەو هاوکاری و پێکەوە کارکردنەمان لە دۆستەکەمان لە ناتۆ (ئەمریکا) نەدی کە چاوەڕوانی بووین."

سەرۆک کۆماری تورکیا نیگەرانی وڵاکەشی لەبارەی بابەتی رادەستنەکردنەوەی فەتحوڵا گویلەن لەلایەن ئەمریکاوە دەربڕی.

ئەردۆغان وتی، لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا دەبێت هاوکاربن. پێویستە هەموو دەوڵەتان پێکەوە و بە هاوبەشی رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە و ئاشتی و سەقامگیری جیهانیی بەدیبهێنن. بەتایبەت دوای کوژرانی ١٣ دیلی تورکیا چاوەڕێی هەڵوێستی هاوبەشیان لە دۆستەکانیان کردووە.

دوای گارە
ئەم دوا لێدوانەی ئەردۆغان لەبارەی هەڵوێستی هاوبەش لەلایەن هاوپەیمانەکانی تورکیا، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەمریکا لە سەرەتاوە و لەسەر کوژرانی ١٣ دیلەکە سەرکۆنەی پەکەکەی نەکرد، ئەمریکا وتی، ئەگەر راستبێت پەکەکە ئەم دیلانەی کوشتووە سەرکۆنەی دەکەن.

ئەردۆغان جەختی کردەوە، وەک چۆن لە رابردوودا کردوویانە، لە داهاتووشدا لە ناوەوە و دەرەوەش لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبن.

میل گۆڕین
ئەم نەرمونیانییەی ئێستای ئەردۆغان لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەردۆغان بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر ئەمریکا و بە پشتیوانی پارتی کرێکارانی کوردستان و شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان تۆمەتباری کردوون.

مکوڕی پارتی دیموکراتی ئەمریکا لەسەر پرسی دیموکراسی لە جیهان و پێکهاتەی تیمەکەی بایدن بەتایبەت بوونی کەسانی وەک برێت مەکگۆرگ کە بەردەوام دژایەتی سیاسەتی تورکی کردووە، بەتایبەت بەرامبەر کوردانی سوریا، ئەردۆغانی ناچار کردووە بە هەر نرخێک بێت روو لە واشنتن بکاتەوە و زمانی دەربڕینی بەرامبەر ئەمریکییەکان بگۆڕێت.

بینینی ئەردۆغان لەلایەن بایدنەوە بە تاکڕەو
جۆ بایدن ماوەی هەشت ساڵ جێگری باراک ئۆباما بووە، لە نزیکەوە ئاگاداری کێشەکانی وڵاتەکەیەتی لەگەڵ تورکیا، ساڵی ٢٠١٦ بایدن سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ رۆژنامەنووسان، کەسانی ئەکادیمی و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنیدا کۆبووەوە و لەبارەی ئازادی بیروڕا و مافەکانی مرۆڤ پەیامی روونی ئاڕاستەی بەرپرسانی تورکیا کرد.

مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ جۆ بایدن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەردۆغانی بە "تاکڕەو" تۆمەتبار کرد و وتی، بۆ ئەوەی بە ڕێگا دیموکراسییەکان ئەردۆغان دووربخرێتەوە، هاوکاری لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکات. دوای ئەم لێدوانە ئەردۆغان و بەرپرسانی تورکیا رەخنەی توندیان لە بایدن گرت و بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان تۆمەتباریان کرد.

ئیدارەی نوێی ئەمریکا جیاواز لە ترەمپ سەیری بابەتی دیموکراسی دەکات و وەک کێشەیەکی گەردوونی لێی دەڕوانێت. ئەم ئیدارەیە پێی وایە بوونی سەرۆکە تاکڕەوەکان زیان لەم دیموکراسییە گەردوونییە دەدەن، بۆیە هەر نزیکبوونەوەیەکی ئەردۆغان لە تاکڕەوی رووبەڕووی کێشەی دەکاتەوە لەگەڵ بایدن.

قەیرانی ئێس ٤٠٠
یەکێک لە قەیران و کێشە گەورەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ و تورکیا کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی بوو لەلایەن ئەنقەرەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم قەیرانە لەسەردەمی ئیدارەکەی بایدندا بەردەوامی هەبێت و تەنانەت گەورەتریش بێت.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێش دەستبەکاربوونی پەیامێکی توندی ئاڕاستەی تورکیا کرد، هۆشداریشی داوە لە نزیکبوونەوەی زیاتری ئەنقەرە لە مۆسکۆ.

بلینکن لە دانیشتنی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی کۆنگرێسدا قسەی کرد و وتی، "هاوئاڕاستەیی و نزیکی هاوپەیمانێکی ستراتیژی، واتە بە ناو هاوپەیمانی ستراتیژیمان لەگەڵ روسیا کە یەکێکە لە رکابەرە ستراتیژییە گەورەکانمان، مایەی قبوڵکردن نییە."

بەکارهێنانی "هاوپەیمانی بە ناو ستراتیژی" بۆ تورکیا پەیامێکی روون و ئاشکرای ئیدارەی نوێی ئەمریکایە بۆ تورکیا کە هەمان هەڵوێستی ئیدارەی پێشووییان هەیە دژی نزیکبوونەوەی ئەنقەرە لە مۆسکۆ، بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠وە هەیە.

بلینکن لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژە بە سزاکانی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "تەماشای کاریگەریی سزاکانی ئێستا بۆ سەر تورکیا دەکەین، دواتریش بەپێی ئەوە بڕیار دەدەین ئایا پێویستە سزاکان زیاد بکەین یان نا."

بلینکن دەربارەی رەفتاری تورکیا بە روون و ئاشکرایی قسەی کرد و هۆشداری بە تورکیا دا، "تورکیا لە زۆر ڕووەوە وەک ئەوەی پێویستە لەسەری، وەک هاوپەیمان رەفتار ناکات، ئەمەش بۆ ئێمە کێشەیەکی جددی، زۆر جدییە، لەم رووەوە چاو کراوەین."


هاوکاری ئەمریکا بۆ رۆژئاوای کوردستان
یەکێک لە گلەیی و ناڕەزایەتییەکانی تورکیا لە ئەمریکا، هاوکاریکردنی شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستانە، کە ئەنقەرە بە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشە نەتەوەییەکەی، بۆیە لە چەند ساڵی رابردوودا یەکێک لە کێشە گەورەکانی نێوان هەردوو وڵات، بابەتی رۆژئاوای کوردستان بووە.

خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا باس لەوە دەکات، یەکێک لە کێشە گرنگەکانیان لەگەڵ ئەمریکییەکان بابەتی یەپەگەیە و تاکو ئەم کێشەیەش چارەسەر نەکرێت، ئاڵۆزییەکانی نێوانیان بەردەوام دەبێت.

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیاش لەم بارەیەوە وتویەتی، سیاسەتی هاوکاریکردنی یەپەگە لە ئیدارەکەی ئۆبامادا سەریهەڵدا کە بایدن تێیدا بەشدار بوو، چاوەڕوانی وڵاتەکەشی لە ئیدارەی نوێی بایدن ئەوەیە کە واشنتن لەم هەڵەیە بگەڕێتەوە و راستی بکاتەوە.

مانەوەی داعش و گروپە توندڕەوەکان لە سوریا، وای لە ئەمریکا کردووە کە هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان بە پێویست بزانێت تاکو ئەم گروپانە بە بەهێزی نەگەڕێنەوە، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەست لە هاوکاریکردنی رۆژئاوا هەڵبگرێت، تەنانەت لە چەند مانگی رابردوودا زۆرترین بڕی هاوکاری ئەمریکا بە شەڕڤانان گەیشتووە.

لۆید ئۆستن وەزیری نوێی بەرگری ئەمریکا لە ئیدارەکەی باراک ئۆبامادا فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بووە و بە یەکێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی هاوکاریکردنی یەپەگە دادەنرێت.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان وەها دەکەن ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەردەوامبێت لە هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان، بوونی برێت مەکگۆرگە لە ئیدارە نوێیەکەدا کە بە دژایەتی تورکیا بەناوبانگە.