ڕاپۆرتی جیهانی

10:07 - 25/02/2021

پنتاگۆن، رەجەب تەیب ئەردۆغان و خولوسی ئاکاری بێهیوا کرد‌

پەیسەر

دوای چەندین هەوڵ و تێکۆشانی تورکیا و پێشکەشکردنی پێشنیاری نوێ لەلایەن تورکیاوە بۆ چاککردەنەوەی پەیوەندییەکان، بەڵام ئەمریکا بۆ چەندین جار ئەنقەرەی بێهیوا کردەوە. ئەمریکییەکان نەک ئامادە نین مەرجەکانی تورکیا جێبەجێ بکەن، تەنانەت تاکو دێت فشارەکانیان لەسەر تورکەکان زیاتر دەکەن.

هۆشدارییەکی دیکە لە ئەمریکاوە
رۆژی سێشەممە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢١ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا جارێکی دیکە هۆشداری بە تورکیا دایەوە کە دەستبەرداری سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی ببن و لە دەستی خۆیاندا نەیهێڵنەوە.

جۆن کیربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە تورکیا و ئێس ٤٠٠ جەختیکردەوە کە سیاسەتی وڵاتەکەی لەمبارەیەوە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و دۆخەکە وەک خۆیەتی.

یان ئێف ٣٥ یان ئێس ٤٠٠
وتەبێژەکەی پنتاگۆن فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف ٣٥ی بە تورکیا بەستەوە بە وازهێنان لە ئێس ٤٠٠ی روسی و رایگەیاند، "دیسانەوە داوای خۆمان ئاڕاستەی تورکیا دەکەین کە بەردەوام نەبێت لەسەر سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی، ئەم سیاسەتەی تورکیا لەگەڵ بابەتی ئێف ٣٥کاندا یەکناگرێتەوە و دەرکردنی تورکیاش لە پڕۆگرامی فڕۆکە ئێف ٣٥کانمان وەک خۆیەتی و نەگۆڕاوە، هەر بۆیە دیسانەوە داوایان لێدەکەین واز لە ئێس ٤٠٠ بهێن."

کیربی بەم جۆرە بەردەوامی بە قسەکانی دا و وتی، "دەمەوێت ئەوە بەبیر بهێنمەوە کە تورکیا لە ١٠ ساڵی رابردوودا سەرەڕای بوونی چەندین هەل بۆ کڕینی پاتریۆت، بەڵام رۆیشت و سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی کڕی."

لە سەرەتای ئەم مانگەشدا هەمان وتەبێژ هۆشداری بە تورکیا دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، کڕینی ئێس ٤٠٠ لەلایەن تورکیاوە، لەگەڵ رێککەوتنەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رێکخراوی ناتۆ یەکناگرنەوە.

لە پاتریۆتەوە بۆ ئێس ٤٠٠
دوای ئەوەی تورکیا لە سەردەمی باراک ئۆبامادا لەگەڵ ئەمریکا نەگەیشت بە رێککەوتن بۆ کڕینی سیستمی بەرگری پاتریۆت، بڕیاریدا روو لە روسیا بکات و سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ بکڕێت.

وڵاتانی ناتۆ و لەسەروو هەمووشیانەوە ئەمریکا رایگەیاند، کڕینی ئێس ٤٠٠ی روسی لەلایەن تورکیاوە کە ئەندامی ناتۆیە لەگەڵ رێککەوتنەکانی ناو رێکخراوەکە ناگونجێت و روسیا لە رێگای ئەم سیستمەوە دەتوانێت زانیارییەکانی تایبەت بە فڕۆکەکانی ناتۆ ببات. سەرەڕای هەموو ئەم هۆشدارییانە تورکیا سیستمە روسییەکەی کڕی.

بێهواکردنی بەردەوام
پێنجشەممە ١٨ی شوبات، جۆن کیربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆیدا، تورکیای بێهیوا کردەوە و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە.

خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندووە، دەکرێت هەمان چارەسەری قوبرس بۆ بابەتی ئێس ٤٠٠ پەیڕەو بکەن، ئەمەش یەکەم هەنگاوی بادانەوەیە بەرەو واشنتن.

قوبرس ساڵی ١٩٩٧ بۆ خۆپارێزی و دژایەتی تورکیا، سیستمی ئێس ٣٠٠ی لە روسیا کڕی، بەڵام دواتر و لەژێر فشار و هەڕەشەکانی تورکیادا، سیستمەکەی بە یۆنان فرۆشت. لە ئێستادا تورکیا دەیەوێت هەمان رێگا بگرێتە بەر تاکو لەگەڵ ئەمریکادا پەیوەندییەکانی چاک بکاتەوە، چونکە ئەمریکا بە روونی بە تورکیای وتووە، تاکو سیستمی ئێس ٤٠٠ چارەسەر نەکرێت، پەیوەندییەکانیان باش نابێتەوە.

لەسەر حسابی کورد
بەپێی سەرچاوە نزیکەکان لە وەزارەتی بەرگری تورکیاوە، مەرجی ئەنقەرە بۆ وازهێنان و دەستبەرداربوون لە سیستمی ئێس ٤٠٠ ئەوەیە، ئەمریکاش پشت لە رۆژئاوای کوردستان بکات و دەست لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵبگرێت.

دوای تورکیا تۆپەکەی خستە گۆڕەپانی ئەمریکاوە، بەرپرسانی ئەمریکا یەک لەسەر یەک تورکیایان بێهیوا کرد و رایانگەیاند، واشنتن لەم کاتەدا پێویستی بە هەسەدەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و سەپاندنی هەژموونی خۆی لە سوریادا.

بێهیواکردنی ئەردۆغان
ئەم لێدوانەی وتەبێژەکەی پنتاگۆن وەڵامێکی روونیش بوو بۆ دواین هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ نزیکبوونەوە لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا چەند رۆژی رابردوو ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا خستەڕوو.

ئەردۆغان وتی، لە ماوەی رابردوودا چەند کێشەیەک کەوتنە نێوان تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ئێستادا هەوڵ دەدەن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکادا کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بگەن بە رێگایەک سودی هەردوو وڵاتی تێدابێت.

ئەردۆغان باسی لە سودە هاوبەشەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا کرد کە لە ناکۆکییەکانیان گەورەتر و زیاترە، هەربۆیە وتی، "دمانەوێت هاوبەشییەکانمان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکادا بەهێزتر بکەین و ئەمەش لە روانگەی سودەوە."