ڕاپۆرتی جیهانی

11:36 - 26/02/2021

مۆندیالی ٢٠٢٢؛ یاریکردن لەسەر تەرمی کرێکارەکان‌

پەیسەر

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیان، زانیارییەکان دەریدەخەن لە ساڵی ٢٠١٠وە کە قەتەر مافی خاوەندارییەتی بەڕێوەبردنی جامی جیهانی پێبەخشرا تاکو ساڵی ٢٠٢٠ لەو وڵاتەدا ٦٥٠٠ کرێکاری ئاسیایی لە دروستکردنی یاریگا و شوێنەکانی تایبەت بە میوانداریکردنی جامەکە گیانیان لەدەست داوە.

سەبارەت بە رەگەزنامەی کرێکارەکان رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە کە ئەو کرێکارانەی لە دەوحە کار دەکەن و لەم پڕۆژانەی تایبەت بە جامی جیهانی گیانیان لەدەست داوە خەڵکی وڵاتانی هندستان، بەنگلادیش، نیپاڵ، پاکستان و سریلانکان.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ژمارەیەی بڵاوکراوەیەوە ژمارە راستەقینەکە نییە و ژمارەی مردووان لەم یاریگا و پڕۆژانەدا زیاترە.

هۆکاری کەمی ژمارە تۆمار کراوەکان ئەوەیە تاکو ئێستا باڵیۆزخانەکانی فلیپین و کینیا ناوی ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان ئاشکرا نەکردووە کە لە دەوحە گیانیان لەدەست داوە.

زۆربەی هۆکاری مردنەکان سروشتی و ئاسایی بوون یان لە شوێنی بەرزەوە کەوتوونەتە خوارەوە و بەشێکیشیان بە پەت خنکاون.

زۆربەی مردنە سروشتییەکانیاش پەیوەندییەکان بە دڵ و کۆئەندامی هەناسەدانەوە هەیە.

راپۆرتەکە گومانی لەسەر هۆکاری مردنەکان کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پۆلێنکردنانەی هۆکاری مردنەکان بەبێ توێکاری پزیشکی، وەهایان کردووە وردەکاری پزیشکی لەبارەی کەیسەکانەوە نەبێت.

ژمارەی کرێکارە بیانییەکان لە قەتەر دەگاتە دوو ملیۆن کەس کە ٣٦ هەزار کەسیان لە دروستکردنی یاریگا و شوێنە تایبەتەکانی مۆندیالدا کار دەکەن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وڵاتەکە، ٩٥٪ی کرێکارەکانی ناو قەتەر بیانین و تەنها ٥٪یان قەتەرین کە زۆربەیان سەرپەرشتیاری کرێکارە بیانییەکانن.

لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا رەخنەیەکی زۆر لە قەتەر گیراوە لەسەر خراپی بارودۆخی کرێکارانی بیانی و ئەو کرێکارانەی کار لە پڕۆژەکانی تایبەت بە مۆندیالی ٢٠٢٢دا دەکەن.

قەتەر لە ١٠ ساڵی رابردوودا ٣٧ حاڵەتی مردنی تۆمار کردووە کە راستەوخۆ لە دروستکردنی یاریگاکاندا کار دەکەن، لەو ژمارەیەش ٣٤ کەسیان وەها مردنەکەیان تۆمار کراوە کە "مردنەکەیان پەیوەندی بە کارکردنەوە نەبووە".

پسپۆڕان گومان لەم رستەیە دەکەن "مردنەکەیان پەیوەندی بە کارکردنەوە نەبووە" چونکە بەشێک لەم کرێکارانە لە شوێنی دروستکردنی یاریگاکان و لە کاتی کارکردندا مردوون.

لە بەرامبەردا حکومەتی قەتەری باس لەوە دەکات، مردنی ئەم رێژەیە لە کرێکار گونجاوە لەگەڵ ژمارە و پێکهاتەی کرێکارەکاندا، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو مردنێک مایەی نیگەرانییە و کەمتەرخەمی ناکەین لە پاراستنی کرێکاران و رێگری لە مردنیاندا.

 بەرپرسێکی قەتەریش ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو هاوڵاتیان و بیانییەکانیش بە پلەی یەکەم چاودێری تەندروستی بێبەرامبەریان هەیە، بەهۆی چاکسازییە تەندروستییەکان و ئاسایشی شوێنی کارەوە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ژمارەی مردنەکان زۆر دابەزیوە.

لە کۆتایی ساڵی رابردوو رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ قەتەری بە پێشێلکردنی مافی سەدان کرێکار تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، بەڵێنەکانی قەتەر بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران شتێکن و واقیع شتێکی دیکەیە.

رێکخراوەکە رەخنەی لە قەتەر گرتووە و ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک قەتەریان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام مافی کرێی سەدان کرێکار لە دوو کۆمپانیا پێشێلکراوە و کرێکەیان پێنەدراوە.

رێکخراوی "Equidem" بۆ مافەکانی مرۆڤیش لە راپۆرتێدا باسی لەوە کردووە، لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تاکو ئێستا، بەشێک لە کۆمپانیا قەتەرییەکان کرێی کرێکارەکانیان نەداوە.

بڕیارە بۆ یەکەم جار لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوو مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ جامی جیهانی لە وڵاتی قەتەر بەڕێوەبچێت.