ڕاپۆرتی جیهانی

12:17 - 26/02/2021

سەلەفییەکانی ئەڵمانیا؛ لەنێوان کەلەپچەی پۆلیس و داواکاری داعشدا‌

پەیسەر

سەلەفییەکانی ئەڵمانیا لە دەرخستن و بڵاوکردنەوەی باوەڕەکانیان ماندوو نابن، نە مل دەدەن و نە سارد دەبنەوە، پۆلیس بە دوایانەوەیە و بەردەوام چاودێرییان دەکات. پۆلیس دەڵێت بەشێکیان گەنجان بۆ داعش دەنێرن، لە دوا رووداویشدا عەقڵی هەڵسوڕێنەری داعش بە ١٠ ساڵ زیندانیی سزا درا.

٦٥٠٠ کەس
بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا ژمارەی سەلەفییە توندڕەوەکانی ئەڵمانیا دەگاتە ٦٥٠٠ کەس، بەڵام توندڕەوبوونی هەموو ئەم کەسانە مانای ئەوە نییە سەرجەمیان ئامادەی توندوتیژی نواندن بن.

پۆلیسی ئەڵمانی دەڵێت، ئەم سەلەفیانە مزگەوتەکان بۆ راکێشانی گەنجان و بڵاوکردنەوەی توندوتیژی لەنێوان مسوڵماناندا بەکاردەهێنن، بۆ نموونە مزگەوتی نور لە شاری بەرلین کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیاوە داخرا، ئەوەش دوای ئەوەی دەستەی پاراستنی دەستور رایگەیاند، ئەم مزگەوتە بووە بە قەڵایەک بۆ سەلەفییەکان.

پۆلیسی ئەڵمانی ئاماژە بەوە دەکات، سەلەفییەکان بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی بیروڕاکانیان و گەیاندنی پەیامەکانیان بە شەقامی ئەڵمانی، ئسیتیغلالی هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی قورئان دەکەن لە ناو خەڵکدا.

هەل قۆستنەوە
سەلەفییەکان لەم وڵاتەدا هەر هەل، بۆنە و مەراسیمێک دەقۆزنەوە تاکو باوەڕەکانیان لەناو شوێنکەوتووان و خەڵکی مسوڵماندا زیاتر بڵاوبکەنەوە. سەلەفییەکان هەندێک جار بە کۆمەڵ لە شوێنە گشتییەکان و شەقامەکاندا نوێژ دەکەن، بۆ نموونە ئەو رۆژەی بە کۆمەڵ لە سەر شەقامی نزیک ئەکادیمیای شا فەهد لە شاری بۆن نوێژیان کرد.

ئەوەی ئەم نوێژە بەکۆمەڵەی زیاتر دەرخست ئەوە بوو کە نزیک بوو لە کۆبوونەوەیەکی حزبی  "Pro NRW"ی راستڕەو کە دژ بە کۆچبەر و ئیسلامن، بۆیە ئەم گروپە ئەم نوێژەیان بە سوکایەتیکردن بە ئەوان زانی و پێکهەڵپژان لەنێوانیاندا روویدا.

سوڕانەوە وەک پۆلیس
ساڵی ٢٠١٥ سەلەفییەکانی شاری فوبرتال لە ویلایەتی باکوری راین فیستفالیا لە شەقامەکاندا و وەک ئەوەی پۆلیس بن دەسوڕانەوە، ئەمەش بووە هۆی توڕەبوونی ئەڵمانییەکان و کەوتنی سەلەفییەکان لە چاوی ئەڵمانییەکاندا.

بەپێی زانیاری دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیا، لەنێوان سەلەفییە جیهادییەکان و رێکخراوە "تیرۆریستییەکان"دا هاریکاری هەیە لەوانەش داعش و ئەم سەلەفییانەی ئەڵمانیا خەڵک بۆ ئەم رێکخراوانە ئامادە دەکەن.

سەلەفییەکان بەردەوام هەوڵی دروستکردنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان دەدەن لەم وڵاتەدا، ئەمەش بەمەبەستی پیشاندانی هێز و هەژموونیان، بەتایبەت ئەو خۆپیشاندانانەی توندوتیژیان تێدەکەوێت لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان.

دژە سەلەفییەکان
لە ئەڵمانیا و لەبەرامبەر سەلەفییەکاندا گروپی راستڕەوی توندڕەو هەن، بۆ نموونە "هۆلیغانزی دژە بە سەلەفییەکان" کە بەردەوام خۆپیشاندان دژی سەلەفییەکان ئەنجام دەدەن و پێکدادان لەنێوان هەردوولادا روودەدات. وەک ئەوەی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە شاری کۆلۆنیا روویدا.

جگە لە پیاوان، ژنانی سەلەفیش بەشدارن لە چالاکی و کۆبوونەوەکاندا، وەک ئەو رۆژەی ساڵی ٢٠١٤ کە بەشدار بوون لە کۆبوونەوەیەکی بییر فوغل کەسایەتی دیاری سەلەفییەکانی ئەڵمانیا کە لە شاری ئوفینباخ رێکیخستبوو.

پۆلیسی ئەڵمانی دەستی نەپاراستووە لە دەستگیرکردنی سەلەفییەکان، هەڵکوتانە سەر ماڵی کەسە دیارەکان، مزگەوت و کۆبوونەوەکانیان.

هەر کاتێک سەلەفییەک لە ئەڵمانیا بە توندوتیژی تۆمەتبار دەکرێت، ئەوا دەستگیر دەکرێت، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و دواتریش دادگایی دەکرێت.

عەقڵی سەلەفییەکان
لە کەسە دیارەکانی سەلەفییەکان ئەبو وەلائە کە بە وتەی پۆلیسی ئەڵمانی عەقڵی هەڵسوڕێنەری ئامادەکردنی گەنجان بووە تاکو بنێردرێن بۆ ناو داعش. ئەم کەسە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیاوە دەستگیرکرا.

ئەبو وەلا ساڵی ٢٠٠١ هاتووەتە ئەڵمانیا، رۆژی چوارشەممە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢١ و دوای سێ ساڵ لە داداگایکردنی، لەلایەن دادگای ئەڵمانییەوە بە ١٠ ساڵ و شەش مانگ زیندانیی سزا درا.

چەند تۆمەتێک ئاڕاستەی ئەم کەسە دیارەی سەلەفییەکان کراوە، لەوانەش لایەنگری بۆ رێکخراوێکی "تیرۆریستی" بیانی، پارەدارکردنی تیرۆر، هاوکاریرکردن بۆ ئامادەکردنی کاری توندوتیژی و ئامادەکردنی گەنجان بۆ ناردنیان بۆ داعش لە سوریا و عێراق.

دادگا دەڵێت، ئەم کەسە و تۆڕەکەی گەنجانیان بەرەو توندوڕەوی بردووە، بەتایبەت لە ناوچەکانی رۆر و ساکسۆنیای خواروو، دواتریش ئەم گەنجانەیان بۆ گۆڕەپانەکانی جەنگی داعش ناردووە.

لەگەڵ ئەبو وەلائدا، سێ کەسی دیکەش بە چوار تاکو هەشت ساڵ زیندانیی سزا دران.

ئەبو وەلائی سزادراو وتاربێژی مزگەوتی شاری هیلدسهایم بووە، زۆربەی ئیسلامییەکانی ئەڵمانیا روویان لەم مزگەوتە دەکرد، هەر بۆیە بە بڕیاری دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا داخرا.