ڕاپۆرتی جیهانی

12:29 - 28/02/2021

بایدن هەڕەشە لە سعودیە دەکات؛ راپۆرتەکەی سی ئای ئەی هاکان فیدان نووسیویەتی‌

پەیسەر

جۆ بایدن کوشتنی جەمال خاشقچی بە "ئابڕووچوون" ناو دەبات و دەڵێت، "لێپیچینەوە لە سعودیە دەکەین". سعودییەکان و توڕەن و کۆشکی پاشایەتیش بە توندی راپۆرتەکەی سی ئای ئەی رەتدەکاتەوە و هەندێک زانیاریش باس لەوە دەکەن راپۆرتەکە لەلایەن هاکان سەرۆکی میتەوە نووسراوە. سعودییە لەبەردەم وەرزێکی سەخت و دژواردایە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکادا.

بایدن هەڕەشە دەکات
جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە، بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانە دێرینەکەیان (سعودیە)دا دەچنەوە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (Univision) وتی، "لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، لێپێچینەوە لە سعودیە دەکەن. ئاماژەشی بەوە کرد، رۆژی سێشەممە ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتیانە دەخەنە روو کە لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەرامبەر سعودییە روودەدەن."

بایدن بەم جۆرە باسی لە رووداوی کوشتنی جەمال خاشقچی کرد، "ئەوەی روویدا بە تەواوی ئابڕووچوون بوو."

بلینکن:دەستکاری پەیوەندییەکانمان دەکەین
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن باسی لەوە کرد، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سعودییە بەپێی بەرژەوەندی و بەهاکانی ئەمریکا پێویستی بە پێوانەکردنەوە و دەستکاریکردن هەیە.

بلینکن جەختیکردەوە، گۆڕینی سیاسەتیان بەرامبەر سعودییەکان ناگاتە ئەو ئاستەی کە تووشی پچڕان و دوورکەوتنەوەی تەواوەتی ببێت.

راپۆرتە جەرگبڕەکە
رۆژی هەینی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن، ئەو راپۆرتەی سی ئای ئەی لەباەی کوشتنی جەمال خاشقچیی رۆژنامەنووسی سعودییەوە ئامادە کرابوو، بڵاوکردەوە کە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ رێگەی بە بڵاوکردنەوەی نەدابوو.

لەگەڵ بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەدا، ئیدارەی نوێی ئەمریکا چوونە ناوەوەی ئەمریکای لە ٧٦ کەس قەدەغەکرد کە گومان دەکرێت لە کوشتنی جەمال خاشقچییەوە تێوەگلابن.

راپۆرتەکەی هەواڵگری ئەمریکا دوو ساڵ پێش ئێستا ئامادە کراوە و تەنها بەشێکی کەمی بڵاوکرابووەوە، ئەوەی ئێستا بڵاوکراوەتەوە بە روونی دەڵێت، "ئەم هەڵسەنگادنە لەسەر بنەمای ئەوەیە؛ هەوڵەکانی محەمەد بن سەلمان بۆ بێدەنگکردنی دەنگی بەرهەڵستکارەکانی دەسەڵات لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، لە ناویشیاندا جەمال خاشقچی، بەشداریکردنی خۆی لە بڕیاری کوشتنەکەدا و بەشداریکردنی راوێژکارێکی گەورە و گرنگی خۆی و پاسەوانەکانی لە کوشتنەکەدا."

راپۆرتەکە بەبێ خستنەڕووی بەڵگەی روون، بە ئاشکرا دەڵیت، کوشتنی جەمال خاشقچی بە بڕیار و مۆڵەتی شازادە جێنشینە گەنجەکەی سعودیە بووە.

سەرەڕای ئەوەی راپۆرتەکە ناوی محەمەد بن سەلمان دەهێنێت، بەڵام ئەمریکا ئەوی نەخستە ئەو لیستەوە کە چوونە ناوەوەیان بۆ ئەمریکا لێقەدەغە کراوە.

وەڵامی سعودیە
حکومەتی ریاز بە توندی راپۆرتەکەی سی ئای رەتکردەوە و بە بێبەڵگە ناوی برد.

لە روونکردنەوەکەی حکومەتی سعودیەدا هاتووە، ئەم راپۆرتە نەرێنی، هەڵە و قبوڵنەکراوە و محەمەد بن سەلمانیش بچوکترین پەیوەندی بەم کوشتنەوە نییە.

وەزرەتی دەرەوەی سعودیەش لە راگەیەندراوێکدا راپۆرتەکەی رەتکردەوە و جەختیکردەوە، حکومەتی سعودیە بە تەواوی راپۆرتەکە رەتدەکاتەوە و ئەوەی هاتووە هەڵە و خراپەیە بەرامبەر سەرکردایەتی سعودیە و بە هیچ جۆرێک قبوڵی ناکەن، راپۆرتەکە پڕە لە زانیاری هەڵە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تاوانەکە لەلایەن چەند کەسێکەوە ئەنجام دراوە کە پێشێلی تەواوی سیستم و دەسەڵاتەکانی وڵاتیان کردووە، لێپێچینەوەی یاسایش لەگەڵ ئەم کەسانەدا کراوە و سزای خۆیان وەرگرتووە.

سعودیە؛ راپۆرتەکە فیدان نووسیویەتی
میدیاکانی سعودیە، بەرپرس و نابەرپرسانی ریازیش بە توندی رەخنە لە ئەمریکا دەگرن و ئاماژەش بەوە دەکەن راپۆرتەکەی سی ئای ئەی لەسەر راپۆرتێکی هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) نووسراوە.

هاکان فیدان دوای تەنها دوو مانگ لە رووداوی کوشتنی خاشقجی، لەگەڵ شاندێکدا رووی لە واشنتن کرد و لەگەڵ جینا هاسبڵ سەرۆکی پێشووی سی ئای ئەی کۆبووەوە و دواتریش چاوی بە بەرپرسانی دیکەی سی ئای ئەی کەوت.

فیدان لەگەڵ شاندی پارتەکانی دیموکرات و کۆمارییەکانیشدا کۆبووەوە و بە وردی باسیان لە رووداوی کوشتنی خاشقچی کرد.

ئێستا سعودییەکان پێیان وایە ئەو زانیارییانەی لە راپۆرتەکەدا هاتووە هەمان ئەو زانیارییانەن کە هاکان فیدان ئەو کاتە بە بەرپرسانی سی ئای ئەی داوە و لەسەر ئەو بنەمایە نووسراوە.

هەفتەی یەکلاکەرەوە
ئەم هەفتەیە و دوای راگەیەندراوەکەی جۆ بایدن، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سعودییە دەچنە قۆناغێکی نوێوە، ئەمەش دوای ساڵانێکی درێژ لە هاوپەیمانییەتی ستراتیژی بۆ سعودییەکان قورس و سەخت دەبێت، بەتایبەتکە ریاز پێویستی بە ئەمریکایە تاکو دژایەتی تاران و ئەنقەرە بکات لە ناوچەکەدا.

تاکو ئێستا دیار نییە سعودییەکان هەڵوێست و پلانیان چی دەبێت، بەڵام سعودییەکان نایانەوێت لەگەڵ ئەمریکییەکاندا تێکی بدەن و بە بنبەست بگەن، هەر وەک لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سعودییەدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە "بەهێز" وەسف کراوە.

 کوشتنی خاشقچی
جەمال خاشقچی دوای ئەوەی لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ چووە نێو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ، جارێکی دیکە رووناکی نەبینیەوە و نەهاتەوە دەرەوە.

بەرپرسانی دادوەری سعودیە باسیان لەوە کرد، دوای چوونە ژوورەوەی بۆ کونسوڵخانەکە، خاشقچی دەستگیرکراوە، دواتر بە دەرزی کوژراوە، تەرمەکەشی پارچە پارچە کراوە و رادەستی کەسێک کراوە لە دەرەوەی کونسوڵخانەکە.

دادگاییکردنەکەی تورکیا
لە ئیستانبوڵیش دادگا دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و دوو دۆسیە کران بە یەک، ژمارەی تۆمەتبارەکانیش گەیشتە ٢٦ کەس.

لە دۆسیەی یەکەمدا دادگای ئیستابوڵ، بە تۆمەتی کوشتنی خاشقچی بە ئازار و ئەشکەنجەدانەوە، دادگایی هەریەک لە جەنەراڵ ئەحمەد بن محەمەد ئەلئەسیری جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سعودیە و سعود ئەلقەحتانی راوێژکاری خێزانی پاشایەتی کرد.

هەر لە هەمان دۆسیەدا ١٨ تۆمەتباری دیکە بە هەمان تۆمەت دادگایی کران.

لە دۆسیەی دووەمدا شەش کەسی دیکە تۆمەتبار کران کە هەڵهاتوون، یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش سوڵتان یەحاییە کە هاوکاری کونسوڵی سعودیە بووە لە ئیستانبوڵ و داوای زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەکرێت.

بڕیارە لە ٤ی مانگی ئازار دانیشتنێکی دیکەی دادگاییکردنەکە ئەنجام بدرێت.