ڕاپۆرتی جیهانی

12:20 - 07/03/2021

ڤاتیکان؛ دەوڵەتێکی بچوک و هەژموونێکی گەورە‌

پەیسەر

ڤاتیکان بچوکترین دەوڵەتی جیهانە، کەمترین دانیشتوانی هەیە و خاوەن سوپایەکی ١٠٠ کەسی تایبەتە. بچوکە، بەڵام ئابوورییەکی بەهێز، هەژموونێکی گەورە و هێزێکی فراوانی هەیە. ناوەندی کاتۆلیکەکانی جیهانە و خاوەن چەند تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشە.

ڤاتیکان دەوڵەتێکە لەناو سنورەکانی ئیتاڵیادا و رووبەرەکەی ٤٤ کیلۆمەتری چوار گۆشەیە، بەم جۆرەش دەبێتە بچوکترین دەوڵەتی جیهان. پاپاکان لە ڤاتیکان دەمێننەوە و ژیان بەسەر دەبەن.

ڤاتیکان ناوەندی بەڕێوەبردنی کاتۆلیکەکانی جیهانە. یەکەم شاری جیهانە پێی بوترێت شاری خودا، ئەمەش کردوویەتی بە شارێکی پیرۆز.

ڤاتیکان کە دەوڵتیکە لە ناو دەوڵەتێکدا، سودمەندە لە هەموو تایبەتمەندییەکانی ئیتاڵیا، بەڵام خۆشی خاوەن ئاڵا و سەروەرییە.

ئەم دەوڵەتە بچوکەی جیهان خاوەن بچوکترین و بەڕێزترین سوپای جیهانە، دەوڵەتەکە لەلایەن سەربازانی سویدییەوە دەپارێزرێت کە هەموویان کاتۆلیکین و جلوبەرگی کەلتوریشیان لەبەردایە، کە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی (Michelangelo)وە دیزاین کراوە.

دەوڵەتەکە خاوەن بانکی تایبەت بە خۆیەتی، پوڵی خۆیان هەیە، دراوی یۆرۆ بەکاردەهێنن و خاوەن سیستمێکی پۆستەی پێشکەوتووشن.

بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر پەیکەر، تابلۆ و کاری هونەرمەندانی لێیە، بووە بە یەکێک لە مۆزەخانە دەوڵەمەندەکانی جیهان، دەوڵەتەکە خۆی بووە بە مۆزەخانە.

درێژی هەموو هۆڵەکانی مۆزەخانەکانی ڤاتیکان دەگاتە حەوت کیلۆمەتر، ١٤٠٠ ژوور و گەلەرییان تێدایە، بۆیە ئەگەر کەسێک نەچێتە ئەم مۆزەخانانەوە، وەک ئەوە وایە نەچووبێتە ڤاتیکان. بە یەک بلیت دەتوانیت سەردانی هەشت مۆزەخانە، پێنج گەلەری و چەند شوێنێکی دیکە بکەیت.

ئەو کەسەی دەبێت بە سەرباز لەم دەوڵەتەدا دەبێت هەم سویدی بێت و هەمیش سەر بە کاتۆلیکی بێت.

ڤاتیکان خاوەن نزیکەی ١٠٠ سەربازە و بەردەوام کەم و زۆر دەکات. لە ساڵی ١٥٠٦وە لەلایەن سویدییەکانەوە دەپارێزرێت.

لە هەموو ناوچەکانی رۆماوە رێگا بۆ چوونە ناو ئەم دەوڵەتە بچوکە هەیە.

لەم دەوڵەتەدا دەسەڵاتی رەها حوکم دەکات، پاپا هەم سەرۆکی دەوڵەتە و هەم رێبەری رۆحیی کاتۆلیکەکانە، ئەمە جگە لەوەی هەموو دەسەڵاتەکانی یاسا، بەڕێوەبردن و دادگا بۆ پاپا دەگەڕێتەوە.

دەیان کەسی ئەکادیمی، توێژەر و خوێندکاری خوێندنی باڵا لەم دەوڵەتەدان و سەرقاڵی کاری لێکۆڵینەوە. دوای چەند رێکارێکی ئیداری رێگا بە ئەم کەسانە دەدرێت بچنە ناو ئەرشیفی دەوڵەتەکەوە.

چەن شوێنێکی گرنگ هەن لە ڤاتیکان کە گەشتیاران رووی تێدەکەن، ئەوانیش بریتین لە گۆڕەپانی سان پیترۆ، کۆشکی سان پیترۆ، باخچە و مۆزەخانەکان.

رۆژانی یەکشەممە پاپا قسە بۆ خەڵک دەکات و ئامۆژگارییان دەکات. ژمارەیەکی زۆری خەڵک و گەشتیار وەستاون و گوێ لە پاپا دەگرن.

ڤاتیکان ڤیزای تایبەت بە خۆی نییە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانیت بچیتە ناو ئەم دەوڵەتەوە دەبێت ڤیزای ئیتاڵیات وەرگرتبێت  و بچیتە رۆما.

لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی دانیشتوانی ئەم دەوڵەتە ٨٢٥ کەس بوون، بەڵام ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتە ١٠٠٠ کەس، ئەمەش دەیکات بە بچوکترین دەوڵەت لە رووی رووبەر و ژمارەی دانیشتوانیش.

لەگەڵ ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی لەم ئاستە کەمەدایە، بەڵام رۆژانە لە ئیتاڵیاوە نزیکەی ٢٠٠٠ کەس بۆ کارکردن روو لە ڤاتیکان دەکەن.

دەورووبەری دەوڵەتی ڤاتیکان بە دیواری بەرز دەورەدراوە. ٢٤ کاتژمێر بە کامێرا چاودێری دەکات.

ئەم دیوارە بەرزانە لە دوای تاڵانکردنی کۆشکی سان پیترۆ هات لە ساڵی ٨٤٦ کە مێژووی دروستکردنەکەی بۆ ساڵی ٣٢٤ دەگەڕێتەوە.

ئەم ناوچەیە سەرەتا ناوی (Leonia) بووە، بەڵام دواتر ناوەکەی گۆڕاوە بۆ ڤاتیکان.

مێژووی نیشتەجێبوونی پاپاکان لە ڤاتیکان بۆ ساڵی ١٣٧٨ دەگەڕێتەوە، بەڵام دامەزراندنی ڤاتیکان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ساڵی ١٩٢٩دا بوو، ئەوەش دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی (Laterno) لەگەڵ مۆسۆلینی.

لەگەڵ بچوکییەکەیدا، ڤاتیکان خاوەن ئابوورییەکی بەهێزە، لە هەموو جیهانەوە پارە لە کاتۆلیکەکانەوە بۆ ئەم دەوڵەتە دەنێردرێت. ئەوەشی ئابووری ئەم دەوڵەتەی راگرتووە دیاری و بەخشینەکانی کاتۆلیکەکانی جیهانە.

بەپێی تۆمارە فەرمییەکان، سەرچاوەی داهاتی ڤاتیکان پارەی کۆکراوەی کڵێساکان، بەخشینەکان، دیاری و پۆستکراوەکانە بۆ ڤاتیکان.

ئەمە جگە لە داهاتی ئەو دەیان رادیۆ و تەلەفیزیۆنەی کە سەر بە ڤاتیکانن و داهاتەکەیان بۆ ئەم دەوڵەتە بچوکەی جیهان دەگەڕێتەوە.

تۆمارەکان باس لەوە دەکەن ڤاتیکان خاوەن زیاتر لە ٢٠٠ رۆژنامە و گۆڤارە، ١٥٥ رادیۆ و ٥٠ تەلەفیزیۆنە.

پاپا و ڤاتیکان لە ئاستی جیهانیشدا رۆڵ و کاریگەری گەورەیان هەیە. ئەو بڕیار و یاسایانەی لەم دەوڵەتە بچوکەی جیهانەوە دەردەچێت کار دەکەنە سەر یاسای ئەو وڵاتانەی کاتۆلیکن و دەیانگۆڕن، بۆ نموونە بڕیارەکانی پاپای ڤاتیکان لەبارەی هاوڕەگەزبازەکان، لەباربردن و بابەتە ناکۆکی لەسەرەکان.

ئاڵای ڤاتیکان سپی و زەردە، لەناو بەشە سپییەکەیدا هەندێک سیمبول و کلیلی تێدایە، کە ئاماژەی بە کلیلەکانی شاری رۆما و ئەو کەلوپەلانەی پاپا لە کاتی سروتە ئاینییەکاندا بەکاریاندەهێنێت. لەسەر رەنگە سپییەکە تاجەکەی پاپاش نەخشێنراوە.

ئەم ئاڵایە لە سەردەمی دەرەبەگایەتی و لەلایەن کاردیناڵەکانەوە دیزاین کراوە. رەنگە سپییەکە ئاماژەیە بە فریشتەیی پاپا و رەنگە زەردەکەش ئاماژەیە بە خۆر.