ڕاپۆرتی جیهانی

11:04 - 08/03/2021

بازرگانی بە كێشەی ژنانەوە، یان گەڕان بەدوای چارەسەردا؟‌

پەیسەر

ئەمڕۆ هەشتى مارسە و رۆژى جیهانى ژنانە، لە بنەڕەتدا تایبەتە بە ژنانى کارکەرو زەحمەتکێشى ئەمەریکا، سەرەڕای ئەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1975 وەک رۆژى جیهانى ژنان ناساندویەتى،  بەڵام لە زۆر لە وڵاتانى دونیادا ئەم ڕۆژە وەک رۆژى جیهانى ژنان نابینن و لەرۆژانى تردا ئەو یادە دەکەنەوە، بەڵام ئەوەى گرنگە ئەوەیە ئایا دۆخی ژنان لە کۆنەوە تا ئێستا بەچی گەشتووە؟ ئایا بەدیاریكردنی تەنها رۆژێك دۆخی ژنان دەگۆڕیت؟ ئەوە لە كاتێكدا هەرچەندە دونیا پێش بكەوێت كەچی هێشتا ئامارەكانی توندوتیژیی ژنان لە هەموو جیهان بەرەو هەڵكشان دەچێت.

 

جێگەی مشت و مڕ:

هەرچەندە داكۆكیكارانی مافەكانی ژنان لە سەر ئاستی جیهان زۆرن و بەشی زۆرینەشیان پیاوانن (كە بە شێكی زۆری لە لایەن پیاوانەوە مافی ژنان پێشێل دەكرێت) بەڵام دەنگێكی دیكە هەیە كەپێی وایە جیاكردنەوەی دوو ڕەگەزەكە كردنەوەی دەلاقەیەكی ترە بۆئەوەی كێشەكە بەردەوامی هەبێت و ڕەوایەتی پێدانی ئەو گرفتەیە، ئەگینا ئەگەر مرۆڤ بە یەك چاو سەیربكرێت و جیاكاریی ڕەگەزیی نەیەتە پێشەوە بێگومان كێشەی ژنانیش نایەتە گۆڕی، هەربۆیە ئەمانە پێیان وایە بەرلەوەی كێشەیەك هەبێت بەناوی كێشەی ژنانەوە قەیرانێك هەیە بەناوی قەیرانی مرۆڤایەتی، چوون تاوان و چەوساندنەوەكان تەنها لەبەرامبەر ژانان ناكرێت و منداڵان و پیاوانیش لەو كێشەیە بەدەر نین. ئەم جۆرە بۆچوونە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە بە چارەسەركردنی كێشەی گشتی مرۆڤایەتی كێشەی ژنانیش كۆتایی دێت. بەڵام بەهەر حاڵ لە ئێستادا كێشەی ژنان جێگەی قسەوباسی بەشێكی زۆری میدیاو ناوەندە پەیوەندیدارەكانە.

کورتەیەکى مێژویی:

سەرەتای ئەم ڕۆژە بۆ خۆپیشاندانی ژنانی كاركەر لە ئەمریكا دەگەڕێتەوە كاتێك لە ساڵی 1856  هەزاران ژن، بەرامبەر داواكردنی مافی كار و وەرگرتنی مافەکانیان ڕژانە سەر شەقامەكانی نیویۆرك، لەو ڕۆژەدا بەرپرسان و سیاسییەكان دانیان بەوەدا نا كە بەڵێ ژنان دەبێت خاوەن ماف بن و كاریان پێ بدرێت و ڕەچاوی لایەنی مرۆیی بكرێت لە كاركردنیاندا و مامەڵەیەكی مرۆڤانەیان لەگەڵ بكرێت.

لە 8ی مارسی 1908 دا، هەزاران ژن، كە زۆرینەیان لە كارگەكانی ڕستن و چنین كاریان دەكرد، ڕژانە سەر شەقامەكانی نیویۆرك و داوای كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی كاركردنیان دەكرد، لەگەڵ ئەم داوایەشدا، داوای بەشداری ژنان دەكرا لە هەڵبژاردنەكاندا تا ژنانیش بتوانن خاوەنی دەنگی خۆیان بن.
تا ساڵی 1913 ژنانی ئەمریكا، لە 28-2ی هەموو ساڵێكدا یادی رۆژە مێژوویەكەی خۆیان كردۆتەوە.

هەریەكە لە ژنانی وڵاتانی ئەڵمانیا، دانیمارك، سویسرا و نەمسا، تا ساڵی 1919 لە 19ی مارسدا، ئاهەنگ و چالاكیەكانی تایبەت بە ژنانیان سازداوە.

ژنانی ڕوسیاش وەك ژنانی زۆرینەی وڵاتانی دیكە، بۆ داواكردنی مافەكانیان ڕژاونەتە سەر شەقامەكان و لە 1913 تا 1917 سەرەكیترین داوایان بەشداری كردنیان بووە لە هەڵبژاردنەكاندا، تا دواجار بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە 8ی مارسی 1917 بە داوای بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەكان قایل بوون و ئەو ڕۆژەش بۆ ژنانی ڕوس ڕۆژێكی مێژووی بووە.
تا ساڵی 1975 ژنانی هەر وڵاتێك جیا لە وڵاتێكی دیكە ڕۆژی مێژووی خۆیان یادكردۆتەوە، لەو ساڵەدا ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بڕیارێك 8ی مارس دەكاتە ڕۆژی جیهانی ژنان و لەو ساڵە بە دواوە ئەو ڕۆژە بۆتە ڕۆژێكی دیاریكراوی ژنان و تیایدا چالاكی و بۆنەكانی خۆیانی تێدا دەخەنەڕوو.
بەڵام هێشتا كێشەی ژن لە زۆربەی وڵاتانی جیهان چارەسەر نەكراوەو تەنانەت لە هەندێ وڵاتان بە ئاشكرا مافی ژنان پێشێل دەكرێت.

توندوتیژیی دژ بە ژنان:
توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی جیھانییە و لە ئێستادا ھەموو میدایاکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە،کۆمەڵێک تایبەتمەندی کلتوری و کۆمەڵایەتی و و سیاسی و ئابوری لە پشتە، ئەگەرچی  بەو پێیە توندوتیژی دژی ژنان کات و شوێنی تایبەتی نییە و ھەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی چ بە کۆمەڵگای پێشکەوتوو و چ بە کۆمەڵگای دواکەوتوو دەگرێتەوە. ژنان لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا لە لایەن باوک ، برا، ھاوسەر، کەس و کاری نزیک وەک خاڵو ومامە و تەنانەت ئاموزا و خاڵوزاش بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، .بە پێی دەرەنجامی لێکۆلینەوەکانی چالاکانی مافی مرۆڤ ناوەندەکانی تەندروستی توندوتیژی دژی ژنان جگە لەوەی کە کاریگەری نێگەتیڤ و خراپی دەبێت لەسەر ژن وەک تاک بەڵکو کاریگەرییەکی زۆر خراپ و مەترسیداری دەبێت لە سەر تەندروستی خێزان و کۆمەڵگا ، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە شیرازەی خێزان و کۆمەڵگاش لێک بترازێت.

شێواز و رەھەندەکانی  توندوتیژی دژی ژنان

١: سەر توندوتیژی جەستەیی:

بەھەر جۆرە توندوتیژییەکی فیزیکی بەرامبەر بە ژنان وەک لێدان ، سوتان ، بڕین و دڕین و کوشتن ، لەم جۆرە توندوتیژییەدا ئاسەواری توندوتیژی بە تەواوی بە جەستەی کەسی لێدراو دیارە، کە بە پێی نوێترین ئامارەکان ٢٥ % ژنانی کۆی  جیھان دا بەرەوڕووی ئەم جۆرە توندوتیژییە دەبنەوە و ژنان لە ترس و یا لە بەر شەرم وحەیا و ئابرو چوون باسی لێوەناکەن و زیاتر بێدەنگی ھەڵدەبژێرن، ھەندێ جار ژنان وا بیردەکەنەوە کە ڕەنگە ئەرکەکانی خۆیان بەرانبەر بە ھاوسەرەکانیان لە نێو خیزاندا  یان کەسوکاریان بە باشی بە ئەنجام نەگەیاندووە ھەقی خۆیانە کە توندوتیژیان بەرانبەر بکرێت.

٢: توندوتیژی دەروونی:

ئەم جۆرە توندوتیژییە بە رواڵەت ھیچ نیشانەیەکی دەرەکی نییە و ناوەکی و دەروونییە و شمولی سووکایەتی پێکردن ، تانە، تەشەر، جنێودان، بێ حورمەتی لە لایەن کەسانی جگە لە بنەماڵەو خێزانی خۆیان، تۆقاندن و بەکارھێنانی زمانی رەق و تەق و ھەڕەشەو گوڕەشەیە. ئەم جۆرە توندوتیژییە کاریگەری قوڵتر و مەترسیدارتر پێوەیە و کەسێک کە تووشی ئەم جۆرە توندوتیژییە بێت زیاتر گۆشە گیر و بێزار و خەمۆکە دەبێت و بە پێی وتەی پزیشکان ئەم جۆرە کەسانە زیاتر بیر لە خۆکوشتن و خۆسوتاندن کەکەنەوە.

٣: توندوتیژی سێکسی:
ئەم جۆرە توندوتیژییە زیاتر لە لایەن ھاوسەر و و کەسوکاری نزیکی ژنانەوە دەکرێت و ژنان تووشی شۆک و زیان دەکات. دەستدرێژی سێکسی و دووگیانبوونی زۆرە ملێ و لەباربردن و…. لە خۆ دەگرێت کە ئەم جۆرە لە توندو ت یژی ھیچکات لە دلی و جەستەی ژنان سارێژ نابێت .

٤: توندوتیژی خێزانی:

باوترین شێوەی توندوتیژییە بە دژی ژنان کە تێدا کچان و ژنان بە کۆمەڵێک بیانووی پرو پوچ و دواکەوتوانە بەرەو رووی توندوتیژی دەبنەوە ، دڵپیسی یەکێک لەو  ھۆکارە  سەرەکیەکان  و ھەندێ جار نەزۆکیش(نازایی و بچەدار نشدن) دەتوانێت ھۆکارێک بێت بۆ توند وتیژی دژی ژنان. گیرۆدەبوونی پیاوان بە ماددە سڕکەرەکان و بێکای پیاوان و توڕەبوون و ناھۆشیاری پیاوانیش خۆی ھۆکارێکە بۆ توندوتیژی.

٥: توندوتیژی کۆمەڵایەتی:

زۆرجار بە بیانووی لادان لە نەریتی باو باپیران و لەکەدار کردنی شەرەف و ناموسی خێزان و ھەڵسوکەوتی ناشیاو و ئابرووبەرانە ژنان لە لایەن باوک و برا و ھاوسەر  و کەسوکارەوە تووشی توندوتیژی دەبنەوە. ھەندێ جار ژنان بە توندی دەکەونە ژێر چاودێری و ھەموو ئازادی و سەربەستییەکیان لێ زەوت دەکرێت و لەناو کەشوھەوایەکی پۆلیسی دا دەژین. بەزۆر بەشوودان و بەزۆر جلوبەرگی تایبەت لە بەرکردن و بێ بەری کردن لە میرات و بێبەشکردن لە خوێندن و کارکردن لە دەرەوەی ماڵەوە دەچێتە ناو چوارچێوەی توندوتیژی کۆمەڵایەتییەوە.

٦: توندوتیژی ئابووری:

لەم جۆرە توندوتیژی دا ئەو ژنانەی کە لە دەرو  کار دەکەن ھەر چەند شان بە شانی پیاوان کاردەکەن بەڵام حەقدەستەکانیان،  کەمە و زۆر جار لە لایەن بەرێوەبەر یان ھاوکاران چ لە لایەنی جەستەیی یان دەروونی توندوتیژیان بەرانبەر دەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە. یان لە ماڵەوە لە لایەن ھاوسەرەکانیانەوە  یان کەسوکاریان بە توندترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.ھەندێ کاتیش ژنان لە میرات بێبەری دەکرین و لەمافی سروشتی خۆیان دوور دەخرێنەوە، دەست درێژ کردنی ژنان و سەر بە خۆ نەبوونی ژنان بە بواری ئابوریدا خوی سەرەکیترین و ھاندەرترین و کاریگەر ترین ھەنگاوە بۆ توندوتیژی نواندن دژی ژنان.

7- توندوتیژی ژنانە:

یەکێک لە کێشە گەورەکانى ژنان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بگرە بەشێکى زۆرى جیهانیش ئەوەیە کە ژنان خۆیان پشتى یەکتری ناگرن و داکۆکى لە مافەکانى یەکتری ناکەن و بگرە بە پێچەوانەشەوە زۆرجاران خۆیان دەبنە پاڵپشتى پیاوانێک کە مافەکانى ژنێکى دیکە پێشێل بکات. لە لایەكی دیكەشەوە بەشێك لەو ڕێكخراوانەی كە (بەحساب) بەرگری لە مافەكانی ژنان دەكەن خۆیان بوونەتەلا كێشەی ژنان و وەك دەگوترێت لە لێشاوی لافاو وەریاندەگرنەوەو دەیانسپێرن بە ئاگر. وەك هەموو ئەو كەیسانەی كە ماوەیەك پێش لە ئێستا (ئۆقیانووسێك لە تاوان)بەشێك لەتاوانەكانی دەربارەی ژنان خستە ڕوو.

ھۆکارەکانی توندوتیژی بۆ سەر ژنان زۆرن و تاکو ئێستا بە سەدان جار باسی لە سەر کراوە ( فەیلسوفی بەناوبانگی "جان ئیتیوارت مل" لە  کتێبەکەی خوێدا " کە لە ژێر ناوی بە کۆیلە کردنی ژنان نوسراوە و چاپ و بڵاو کراوەتەوە،  لەو باوەردایە کە: سەرچاوەی بارودۆخی نالەباری ئێستای ژنان  بۆ سەرەتاکانی دروست بوونی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە لە دەست پێکی مێژوودا، ژنان  خۆی وەک کۆیلەی پیاو بینی لەوانەیە ھۆکارەکەی بۆ لاوازی ھێزی جەستەیی بگەڕێتەوە , ھەروەھا دکتۆر (نادیە رمسیس) ئاماژە بەوە دەکات‌و دەڵێت” ئەو کاتەی کە پەیوەندی ژن‌و مێرد باشە یاسا وەدەر ناکەوێت، بەڵام ئەگەر پەیوەندیان خراپ بوو یاسا وەک شمشێر بۆ سەر ژنان دەردەکەوێت‌و گشت مافەکان‌و دەسەڵات‌و ھێز بۆ پیاو لە نێو دەستی یاسادایە بەبێ ئەوەی بۆ ئافرەت شتێكی پێبێت، لە بەر ئەوەی لە کۆمەڵگارۆژھەڵاتى و پاشکەوتووەکاندا تەنانەت یاساکانیش ڕێ خۆشکەرن بۆ زیاترو فراوانتر بەکارھێنانی توندوتیژی دژی ژنان.

دۆخی ژنان لە ئێستادا
ئەگەر لە سەردەمە کۆنەکاندا ژنان بەوشێوانەی كە لە پێشەوە باسكران چەوسێنرابنەوە و تا ئێستاش لە هەندێك وڵاتان و كۆمەڵگەكاندا مابێتەوە، ئەوا لەسایەی ڕژێمی سەرمایەدارییدا ژنان بەجۆرێكی دیكە دەچەوسێنرێنەوە، جیاوازییەكەشیان ئەوەیە كە لەشێوازی كۆن و كلاسیكیەكەدا ژنان خۆیان دەیانزانی كە ستەمیان دەرهەق دەكرێت و دەچەوسێنرێنەوە، بەڵام لەسەردەمی نوێدا بە پێچەوانەوەیە، بەشێك لە ژنان خۆیان بەدوایدا ڕادەكەن و خۆیان داوا دەكەن پیاوانی سەرمایەدار وەك كۆیلەی جەستەیی لێیان بڕوانن، لە نموونەی (لەشفرۆشی) كە لە هەموو كۆمەڵگەكاندا باوەو لە ئێستاشدا بەناوی جۆراوجۆرەوە دێنەوە ناو كۆمەڵگە و ئەوەی كە تاوان و خراپەی ئەو دیاردەیەی بەسەردا دەشكێتەوە خودی فرۆشیارەكانن و ئەم سەردەمەش وەك سەردەمە كۆنەكە پیاوان و ڕەگەزیی نێرینە تیایدا سەلامەتەو بە هیچ شێوەیەك لە كریارەكان ناپێچرێتەوە، (ڕیكلام)ی بازرگانی بە جەستەیی ئافرەتان و بەكاڵاكردنیان كە جیهانی سەرمایەداریی زۆر بایەخی پێدەدات، بە رێكخراوكردنی كۆیلایەتی سەردەمی ژنان هیچی كەمتر نیە لە شێوازە كۆنەكەی چەوساندنەوەی ژنان، هەربۆیە تەنها بەیەك رۆژ نە مافی ژنان دەستەبەر دەبێت و نەتەنها ڕێكخراوەكانی ژنانیش بەتەنها دەتوانن لەبەر دەم  ئەو ستەمكارییانەی دەربارەی ژنان دەكرێت ڕابوەستن و كۆتایی پێبهێنن، بەڵام ئەوەی كە سەیرە لەو نێوەندەدا، ئەوەندەی پیاوان باس لە ئازادی ژنان و رۆژی هەشتی مارس دەكەن، ئەوەندە خودی ژنان قسەیان نییە، تۆبڵێی ئەو ماسەتە موویەكی تێدا نەبێت؟