ڕاپۆرتی جیهانی

01:19 - 16/03/2021

ناتۆ: لەگەڵ تورکیا ناکۆکی جددیمان هەیە‌

پەیسەر

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری رێکخراوی ناتۆ دەڵێت، لە بابەتەکانی (ئێس ٤٠٠، رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و مافە دیموکراسییەکاندا) ناکۆکی جدییان لەگەڵ تورکیادا هەیە. "لێرەوە نیگەرانییە جدییەکانم لەو بارەیەوە دەردەبڕم."

ناتۆ نیگەرانە
یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری رێکخراوی ناتۆ رووی لە پەرلەمانی ئەورووپا کرد و لە دانیشتنێکی تایبەت بە نوێنەرانی بەرگری و دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا بە نیگەرانییەوە قسەی لەسەر ناکۆکییەکانی ریکخراوی ناتۆ و تورکیا کرد.

سکرتێری رێکخراوی ناتۆ لە وتارەکەیدا وتی، لەبارەی رەفتار و کارەکانی تورکیاوە نیگەرانی جددییان هەیە و بە هیواشە پلاتفۆرمێک لەبارەی کێشەکانی ناو رێکخراوی ناتۆ ببەسترێت.

ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەش کرد، "نیگەرانییە جدییەکانم باس کرد و هەمووشمان دەزانین کە لەگەڵ تورکیا ناکۆکی جددیمان لەبارەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ و مافە دیموکراسییەکان و چەند بابەتێکی دیکە هەیە."

سکرتێری ناتۆ لەبارەی گفتوگۆی کێشەکانیان لەگەڵ تورکیاش وتی، "لانی کەم بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەم بابەتانە و بە رۆژەڤ کردنیان، پێویستمان بە گفتوگۆی بەرفراوان هەیە."

سکرتێری ناتۆ ئاماژەی بە جیاوازی تورکیا لە رووی مێژووی، جوگرافی و سیاسەتەوە کرد و جەختیشی لەسەر رۆڵی ناتۆ لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و یۆنان کردەوە لەبارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

کێشەکانی ناتۆ و تورکیا
ئێس ٤٠٠
تورکیا لە هێزە گەورەکانی ناو رێکخراوی ناتۆیە، ئامادەییەکی گەورە و بەرفراوانی هەیە. هەر گۆڕانکارییەکی ناو تورکیا و هەر هەنگاوێکی ئەم وڵاتە بەهێزە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رێکخراوەکە و وڵاتانی ئەندام هەیە، بۆیە ناتۆ لەو هەنگاوانەی تورکیا نیگەرانە کە زیان لە رێکخراوەکە دەدەن.

دوای دروستبوونی کێشەی جددی لەنێوان تورکیا و ئەمریکا، ئەنقەرە نەیتوانی بەو جۆرەی دەیەوێت دەستی بە سیستمی بەرگری واشنتن بگات، بۆیە رووی لە مۆسکۆ کرد.

تورکەکان سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠یان لە روسیا کڕی، ئەمەش لەلایەن ئەمریکا، ئەورووپا، رێکخراوی ناتۆ و سەرجەم وڵاتانی ئەوروپاوە رەتکرایەوە، ئەمریکا ئەم هەنگاوەی بە شکاندنی هاوپەیمانییەتی ستراتیژی نێوانیان لێکدایەوە کە تورکیای هاوپەیمان رۆیشتووە لەگەڵ دوژمنە سەرسەختەکەی ئەمریکا کە روسیایە هاوپەیمانی کردووە.

ئەوەی پەیوەندی بە ناتۆە هەیە، بەرپرسانی ئەم رێکخراوە و وڵاتە ئەندامەکانیشی دەڵێن، جێگیرکردنی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی لەسەر خاکی تورکیا کە لەناو چوارچێوەی ناتۆدایە، مەترسییە بۆ سەر رێکخراوەکە، سیستمی بەرگرییەکەی و فڕۆکەکانیشیان.

ناتۆ پێی وایە کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی لەلایەن تورکیاوە، وەک ئەوەیە دەست و چاوی تورکیا خرابێتە ناو سیستمی بەرگری ناتۆوە کە روسیا بە دوژمن دەناسێنێت.

سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەکانی ئەوروپا، ئەمریکا و ناتۆ، تورکیا سیستمەکەی کڕی و تەنانەت تاقیشی کردەوە، ئەمەش وەهای کرد گەورەترین کێشە لەنێوان ناتۆ و تورکیادا سەرهەڵبدات، بەجۆرێک ئێستا سکرتێری رێکخراوەکە بە ناکۆکی جددی ناوی ببات.

رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست
تورکیا خاوەن مێژوویەکی درێژە لە ناکۆکی، شەڕ و ململانێ لەگەڵ یۆناندا، کەم قۆناغی مێژوویی هەیە ئەم دوو وڵاتە دۆستی یەک بووبن، هەندێک جار هەنگاوێک لەلایەن یەکێکیانەوە، ئاگری ناکۆکی نێوانیان خۆشدەکاتەوە، هەنگاوی ئەمجارەیان لەلایەن تورکیاوە بوو لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەم هەنگاوەیان هەر یۆنان نا، بەڵکو ئەمریکا و ناتۆشی توڕەکرد.

تورکیا ساڵی رابردوو لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەستی بە گەڕان کرد بە دوای غازی سروشتی و سەرچاوە سروشتییەکاندا، دواتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان دۆزینەوەی بڕێکی زۆر گەورەی غازی سروشتی لەم ناوچەیەدا وەک مژدە بە خەڵکی تورکیا دا. ئەم هەنگاوە نیگەرانی قوڵی یۆنان، ئەمریکا و ناتۆی لێکەوتەوە.

ناتۆ بە ئاشکرا رایگەیاند، ئەم هەنگاوە دوورە لە هاوپەیمانییەتی نێوان دوو وڵاتەوە کە هەردووکیان لەناو رێکخراوی ناتۆدان، بەڵام تورکیا گوێی بە ناڕەزایەتییەکان نەدا، ئەمەش وای کرد رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش ببێت بە یەکێکی دیکە لە کێشە گەورەکانی نێوان تورکیا و ریکخراوی ناتۆ.

رێکخراوی ناتۆ دەیزانی ئەوەی لەم کارەدا نایاسیی کردووە، تورکیایە، بۆیە بە ئاشکرا و بێپێچ و پەنا پشتگیری یۆنانی کرد، ئەمەش کێشەکانی نێوان رێکخراوەکە و تورکیای قوڵتر کردەوە.

مافە دیموکراتییەکان
ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا و رێکخراوی ناتۆ بەردەوام لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافە دیموکراسییەکانەوە هۆشدارییان بە تورکیا داوە و رەخنەیان ئاڕاستەی ئەنقەرە کردووە.

ئەوروپا و رێکخراوی ناتۆش خۆیان بە بەرگریکاری دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەگرن، بۆیە پێیان وایە تورکیاش وەک ئەندامێکی ناو رێکخراوەکە دەبێت رێز لە دیموکراسی و ئازدییەکان بگرێت.

ئەوروپییەکان چەندین جار داوایان لە تورکیا کرتووە زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکات، مەفەکانی مرۆڤ پێشێل نەکات و ئازادی راگەیاندن فەراهەم بکات، چەندین جاریش داوای ئازادکردنی دەمیرتاش و سیاسییە زیندانیکراوەکانی دیکەیان کردووە، بەڵام تورکیا هەموو داواکاریی و بڕیارەکانی دادگای ئەوروپاشی رەتکردووەتەوە.