ڕاپۆرتی جیهانی

11:55 - 19/03/2021

کۆرۆناش چەک فرۆشیی رانەگرت‌

پەیسەر

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی زۆربەی کارگە گەورەکانی جیھان، بەڵام کارگەکانی بەرھەمھێنانی چەک بەردەوام بوون و کڕینی چەکیش لەلایەن وڵاتانەوە بەردەوامی ھەبووە. رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش گەورەترین کڕیاری چەکی رۆژئاوا بووە.

کۆرۆناش چەکی رانەگرت
پەیمانگای نێودەوڵەتیی ستۆکھۆڵم بۆ لێکۆڵینەوەی ئاشتی لە دواین راپۆرتیدا، ئاماژەی بە بەردەوامی کڕین و فرۆشتنی چەکە قورسەکان کرد، لە کاتێکدا کۆرۆنا جیھانی تووشی گەورەترین قەیرانی ئابووری و دارایی کرد.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی زیادبوون لە کڕین و فرۆشتنی چەکدا رووینەداوە، بەڵام رێککەوتنە گەورەکانی نێوان وڵاتان بۆ کڕین و فرۆشتنی چەکە قورسەکان بەردەوام بووە.

فرۆشیارە گەورەکان
بەپێی راپۆرتەکەی پەیمانگای ستۆکھۆڵم، ئەمریکا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا گەورەترین فرۆشیاری چەک بوون و زۆرترین ھەناردەی چەکە قورسەکانیان ھەبووە.

ئەمە لە کاتێکدایە ھەردوو وڵاتی چین و روسیا کە رکابەر و ململانێکاری سەرسەختی ئەمریکان، ھەناردە و فرۆشی چەکیان کەمبووەتەوە.

ناڕوونی داھاتوو
لەگەڵ ئەوەی لە دوای چەندین ساڵ فرۆشتنی چەکی قورس زیادبوونی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام بەڵام فرۆش و کڕینی چەک بەردەوامە و نەوەستاوە.

لە راپۆرتەکەی پەیمانگای ستۆکھۆڵمدا ھاتووە، کۆرۆنا قورسایی خستە سەر ئابووری جیھان و چالاکی ئابووری راگرت، بۆیە دیار نییە کۆرۆنا تاکو کەی دەتوانێت کاریگەری لەسەر فرۆشی چەک ھەبێت و رێگە بە زیادبوونی نەدات. پەتای کۆرۆنا بەشێک لە وڵاتانی ناچار کردووە، ھەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بەو داھاتەدا بکەن کە لە رێگای فرۆشتنی چەکەوە لە ساڵانی داھاتوودا دەستیان دەکەوێت.

ئیمارات؛ کڕیارە زەبەلاحەکە
تەنانەت کە لە ساڵی رابردوودا کە کۆرۆنا ھەموو جیھانی خستە دۆخێکی قورسەوە، بەشێک لە وڵاتان رێککەوتنی گەورە و بەھا گەورەیان کردووە.

ئیمارات کە کڕیارە گەورەکانی سەردەمی کۆرۆنا. ئیمارات رێککەوتنی کڕینی ٥٠ فڕۆکەی جۆری ئێف ٣٥ و ٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردووە کە بەھای رێککەوتنەکە ٢٣ ملیار دۆلارە.

رۆژھەڵاتی چەک
رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە بووە بە خاڵی گەرمی جیھان و ناوەندی جەنگ و پێکدادانە خوێناوییەکان، لە سەردەمی کۆرۆناشدا وڵاتانی ئەم ناوچەیە بەردەوام بوون لە کڕینی چەک.

کڕینی چەک لەلایەن وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە چاو ٢٠١١ بۆ ٢٠١٥، لە ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٠، ٢٥٪‏ زیادی کردووە. سعودیە بە ٦١٪‏ و قەتەر بە ٣٦١٪‏ گەورەترین کڕیار بوون.

چەکە قورسەکان
ئاسیا و ئۆقیانوسیا گەورەترین ھاوردەی و وەرگری چەکە قورسەکان بوون، کە لە نێوان ساڵابی ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢، ٤٢٪‏ی چەکە قورسەکانی جیھانیان ھاوردە کردووە.

ھندستان، ئوسترالیا، چین، کۆریای باشور و پاکستان لەو وڵاتانەی ئەم ناوچەیە بوون کە زۆرترین بڕی چەکی قورسیان کڕیوە.

یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی کڕینی چەک لەلایەن ھندستان، ئوسترالیا، کۆریای باشور و پاکستان، ترسیانە لە بەھێزبوونی چین.