ڕاپۆرتی جیهانی

09:36 - 20/03/2021

جەژنەکانی بەهار لەناو گەلانی دیکەی جیهاندا‌‌

پەیسەر

نەورۆز جەژنێکی سروشتییە، کۆتایی وەرزی زستان و سەرەتای وەرزی بەهار و بوژانەوەی سروشتە، هەربۆیە بەپێی ئەم گۆڕانکارییە سروشتییە و بەهۆی کۆتایی هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە و دەستپێکردنی وەرزی بەهارەوە زۆرێک لە گەلان ئەم بۆنە سروشتییەیان کردووەتە جەژن.

 
ئەوەیکە چ گەلێک یەکەمجار ئەم گۆڕانکارییە سروشتییەی کردووەتە جەژن بابەتی ئەم راپۆرتە نییە، هەرچەندە بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن یەکەمجار دەگەڕێتەوە بۆ سۆمەرەکان کە دانیشتووی کوردستان و عیراقی ئێستا بوون، کوردیش ئەم جەژنەی لەوانەوە وەرگرتووە، بەڵام بەو جیاوازییەوە کە کورد واتایەکی دیکەی بەو جەژنە بەخشیوە، بۆ کورد نەورۆز و جەژنی بەهار تەنیا جەژنێکی سروشتی نەبووە، بەڵکو بەپێی ئەفسانەکان هەر لە کۆنەوە واتایەکی سیاسیشی بەو جەژنە بەخشیوە، لە کۆندا ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک هەبووە کە بەپێی ئەفسانەکە زوحاک دەسەڵاتدارێکی خوێنمژ بووە و خەڵکی کورد بە سەرکردایەتی کاوە لە دژی راپەڕیون و لە رۆژی نەورۆزدا کۆتاییان بە دەسەڵاتی زوحاک هێناوە.

لە سەردەمی نوێشدا لەناو شێعر و ئەدەب و سیاسەتی کوردیدا بایەخێکی زۆر بە نەورۆز دراوە، نەورۆز بووەتە بەشێکی گرنگ لە شوناسی نەتەوەیی کورد و ئەم بۆنەیە بەکارهێنراوە بۆ دژایەتیکردنی داگیرکاری وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، لە سەردەمی پیرەمێرد لە سلێمانی ئاگری نەورۆزی کردەوە و کردییە هێمایەک بۆ دژایەتی داگیرکاری عەرەب، لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردووشدا لە باکوری کوردستان بە هەمان شێوە نەورۆز بووەتە هێمایەکی گرنگ بۆ دژایەتیکردنی داگیرکاری تورک و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا واتایەکی سیاسی پێدراوە و نەورۆز بە شێوەیەکی زۆر جیاواز لە ئێرانییەکان بەڕێوەدەچێت و کراوەتە بۆنەیەکی سیاسیی و نەتەوەیی کورد لە دژی داگیرکاری ئێرانی.

جیا لە کورد چەندین گەلی دیکەی ناوچەکەش جەژنی نەورۆز بەرێوەدەبەن، لە ئەفغانستان و تاجیکستان، ئۆزبەکستان، ئێران و ئازەربایجان و هەندێک ناوچەی هیندستان بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەناو کورددا ئەم بۆنەیە گەرموگوڕتر بەڕێوەدەچێت و واتایەکی سیاسیی و نەتەوەیی پێدراوە و کورد خۆی بە خاوەنی ڕەسەنی ئەم جەژنە دەزانێت و هەندێک لە لێکۆڵینەوەکانیش ئەم خاوەندارێتییەی نەورۆز بۆ کورد پشتڕاست دەکەنەوە.
جگە لە نەورۆز، جەژنی گۆڕانی سروشت و هاتنی بەهار بە شیوازێکی جیاواز لەناو هەندێک لە گەلانی دیکەش بەڕێوەدەچێت، گرنگترین ئەمانەن:

جەژنی هاتامی یان جەژنی گوڵی گێلاس لە ژاپۆن
لە ژاپۆن هەموو ساڵێک کاتێک داری گێلاس گوڵ دەکات، وەکو سەرەتای هاتنی بەهار سەیر دەکرێت و لە رۆژێکی دیاریکراودا خەڵک دەچنە ناو سروشتەوە، هاتامی وەک جەژنی خۆشەویستی و ئاشتی لە ناو ژاپۆنییەکاندا ناسراوە.
جەژنی هۆلی یان جەژنی ڕەنگەکان لە هیندستان
جەژنی هۆلی یان ڤستیڤاڵی ڕەنگەکان بۆنەیەکی گرنگی هیندستانە و تا رادەیەک لە نیپال و لە بەشێکی پاکستانیش ئەم جەژنە بەڕێوەدەچێت، کاتەکەی لە ناوەڕاستی مانگی مارس ( ئازار) دایە، ئەم بۆنەیە جگە لەوەی کە جەژنێکی سروشتییە، بەپێی ئەفسانەکانی هیندستان جەژنی سەرکەوتنی خێر بە سەر شەڕ و خراپەیە، ئەوانیش وەک کورد ئاگر دەکەنەوە بۆ ئەوەی شەیتان لە خۆیان دوورخەنەوە، رەنگ دەگرنەوە و بە شێوازی شەڕە ئاو، رەنگ دەکەن بە سەر یەکتردا.

جەژنی سونگکران لە تایلەند
ئەم جەژنە لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا بەڕێوەدەچێت و ماوەکەی سێ رۆژە، بۆنەیەکی گرنگی تایلەندە و بە سەرەتای هاتنی بەهار و دەستپێکردنی بارانبارین دادەنرێت، خەڵکەکە لەو رۆژەدا شەڕەئاو دەکەن و پێیانوایە بە ئاو بەیەکترداکردن بەدبەختی لە یەکتر دووردەخەنەوە، ئەندامانی خێزانەکان هەموو لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و دەچنە ناو سروشتەوە، ئەم جەژنە واتایەکی دیکەشی هەیە ئەویش رێزگرتنە لە دەرودراوسێ.
جەژنی هێلکە لە بۆسنە
هەموو ساڵێک لەسەرەتای وەرزی بەهاردا بەشێک لە دانیشتوانی بۆسنە بە تایبەتیش لە شاری زنیکا بەیانی زوو لە خەو هەڵدەستن و دەچنە ناو سروشتەوە، لەناو مەنجێڵکی گەورەدا خواردنێک لە هێلکە دروست دەکرێت کە بە هێلکەی پڵیشێنراو ناسراوە، هەربۆیە جەژنەکەش بە جەژنی هێلکە ناسراوە.

جەژنی تیۆتیهۆئاکان لە مەکزیک
تیۆتیهۆئاکان شوێنەوارێکی مێژووییە لە نزیک مەکزیکۆسیتی پایتەختی مەکزیک، شوێنەوارەکە هەرەمێکی بەجێماوی شارستانیەتێکی کۆنێکی ئەو وڵاتەیە، دانیشتوانی مەکزیک هەموو ساڵێک لە رۆژی ٢١ی ئازار سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و بەم شێوەیە سەرەتای هاتنی بەهار دەکەن بە جەژن، هەندێک لەو کەسانەی سەردانی شوێنەکە دەکەن بەسەر ٣٥٠ قادرمەدا سەردەکەون تا دەگەنە لوتکەی هەرەمەکە و پێیانوایە لە نوکی هەرەمەکەدا لە سەرچاوەی ئەنەرجی جیهان نزیک بوونەتەوە.
جەژنی فایا لە ئیسپانیا
هەموو ساڵێک لە سەرەتای بەهاردا لە شاری ڤالنسیای ئیسپانیا ئەم جەژنە بەڕێوەدەچێت، جەژنەکە بە جەژنی خواردنەوە و سەماکردن ناسراوە، ماوەیەکی زۆر ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی جەژنەکە دەکرێت، هەر گەڕەکێکی شار بوکەڵەیەکی گەورە دروست دەکەن کە زۆرجار بوکەڵەکان بۆ گاڵتەپێکردن بە کەسایەتییەکی سیاسی دروست دەکرێت، هەر گەڕەکێک باشترین بوکەڵەی دروست کردبێت ئەو وەک براوەی جەژنەکە دەناسرێن، لە کۆتایی جەژنەکەدا هەموو بوکەڵەکان دەسوتێندرێن.

جەژنی گوڵ لە دورگەی مادیرای پۆرتوگال
هەموو ساڵێک لە سەرەتای بەهاردا دانیشتوانی مادیرا شارەکەیان بە چەندین جۆر گوڵ دەڕازێننەوە و لە رۆژی جەژنەکەدا ژن و پیاو جلوبەرگی رازاوە لەبەر دەکەن و لەناو شاردا دەست دەکەن بە خواردنەوە و سەماکردن.
جەژنی بەهار لە سکۆتلەندا
دانیشتوانی شاری ئێدینبۆرۆی سکۆتلەندا هەموو ساڵێک لە کۆتایی مانگی نیساندا بەپێی نەریتێکی کۆن جەژنی بەهار بەڕێوەدەبەن، جلوبەرگی کۆنی نەتەوەیی خۆیان لەبەر دەکەن و ئاگردەکەنەوە و تا درەنگانی شەو لە شەقام و جادەکاندا دەخۆنەوە و سەما دەکەن.
جەژنی مارزانا
جەژنی مارزانا نەریتێکی کۆنی پۆلۆنیایە کە لە کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاری هەموو ساڵێک بەڕێوەدەچێت، لەو رۆژەدا جۆرە بوکەڵەیەکی پڕ لە کا دروست دەکرێت و بەدەم گۆڕانی وتن و سەماکردنەوە بوکەڵە دەخەنە ناو ئاوی روبار یان دەریاچەیەکەوە.

جەژنی ماسیلنیزا یان ماڵئاوایی لە زستان لە روسیا
لە کۆتایی زستاندا لە روسیا بۆ ماڵئاواییکردن لە زستان جۆرە رۆنێک دروست دەکرێت و لەو بۆنەیەدا ئەو ڕۆنە بۆ خواردن بەکار دەهێنرێت، جەژنی ماسیلنیزا دەسپێکی حەوت هەفتەیە کە بە حەوت هەفتەی خۆشگوزەرانی و ڕابواردن ناسراوە، لەو جەژنە دەخۆنەوە و سەما و هەڵپەڕکێ دەکەن، بە هەمان شێوەی پۆڵۆنیا جۆرە بوکەڵەیەکی پڕ لە کایان دروست کردووە، بەڵام لە کۆتایی جەژنەکەدا بوکەڵەکان دەسووتێنن.
جەژنی واپۆ لە فینلەندا
رۆژی یەکی ئایار بەڕێوەدەچێت، جلوبەرگی نیشتمانی خۆیان لەبەردەکەن و لەسەر شەقام و لە شوێنە گشتییەکاندا جۆرە شەرابێکی تایبەت کە هەنگوین و ئاوی تێکەڵکراوە دەخۆنەوە و سەما و هەڵپەڕکێ دەکەن.

جەژنی پاسەح یان پێسەح یان فەسەحی جولەکەکان
وشەی پاسەح لە تەوراتدا هاتووە و ئاماژەیە بۆ ئازادی گەلی جولەکە، ئەم جەژنە لە ١٥ی نیساندا بەڕێوەدەچیت، بۆ جولەکەکان وەبیرهێنەرەوەی دەرچوونی جولەکەکان لە میسر و ئازادبوونی گەلی بەنی ئیسرائیلە.
جەژنی بابا  مارتا لە بۆلغاریا
بابا لە زمانی بولغاریدا بە واتای داپیرە یان دایە گەورەیە، مارتا ش بە واتای مانگی مارس دێت، بابامارتا کەسایەتییەکی ئەفسانەییە بە مزگێنی کۆتایی زستان و سەرەتای بەهار بە خەڵک دەدات، بەپێی ئەفسانەکان دواین بەفری ساڵ ئاماژەیە بۆ ئەوەی بابامارتا خەریکی خاوێنکردنەوە ماڵەکەیەتی و لەکاتی هەڵتەکاندنی دۆشەکەیدا توکی ناو دۆشەکەی بڵاوبووەتەوە و بە شێوەی بەفر زەوی سپی کردووە.