ڕاپۆرتی جیهانی

11:06 - 20/03/2021

فینلەدا؛ خاکی خۆشبەختی؛ ئەفغانستان خاکی نیگەرانی‌

پەیسەر

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنەکانی بۆ ١٤٩ وڵاتی جیهان، راپۆرتی دڵخۆشی جیهانی بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە فینلەندا دڵخۆشترین وڵاتی جیهان و ئەفغانستانیش نیگەرانترین وڵاتی جیهانە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە راپۆرتی خۆی لەبارەی ژیان و گوزەران لە وڵاتانی جیهان بڵاودەکاتەوە ئایا کام وڵات و تا چ ئاستێک دڵخۆشن.

لە ١٠ دڵخۆشترین وڵاتانی جیهان نۆ وڵاتیان لە کیشوەری ئەوروپان و تەنها نیوزلەندا لە ئەوروپا نییە و لە ١٠ وڵاتە خۆشبەختەکەی جیهانە.

لە ساڵی ٢٠١٢وە تاکو ئێستا ئەم راپۆرتە بڵاودەکرێتەوە، لەو کاتەوە تاکو ئێستا چوار وڵاتنی ئەوروپا ریزبەندی یەکەمیان گرتووە کە بریتین لە دانیمارک، سویسرا، نەرویج و فینلەندا.

دانیمارک لە ساڵانی ٢٠١٢، ٢٠١٣ و ٢٠١٦ دڵخۆشترین وڵاتی جیهان بووە.

سویسرا ساڵی ٢٠١٥ دڵخۆشترین وڵاتی جیهان بووە.

نەرویج ساڵی ٢٠١٧ دڵخۆشترین وڵاتی جیهان بووە.

فینلەنداش لە کۆتایی چوار ساڵی رابردوودا واتە ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ دڵخۆشترین وڵاتی جیهان بووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە لەگەڵ هاوڵاتیانی ١٤٩ وڵاتی جیهاندا گفتوگۆ دەکات و ئەم راپۆرتە ئامادە دەکات. راپۆرتەکە لەسەر چەند بنەمایەک ئامادە دەکرێت کە گرنگترینیان بریتین لە؛ پشتیوانی کۆمەڵایەتی. تێکڕای ماوەی ژیانی تەندروست، ئازادی هاوڵاتیان لەو بڕیارانەی کە تایبەتە بە ژیانی تایبەتی خۆیانەوە، دڵفراوانی لە پارە بەخشین و نەبوونی گەندەڵیی.

تورکیا ساڵ بۆ ساڵ دۆخی خراپتر دەبێت، خراپی دۆخی ئابووری، قەیرانی دارایی و هەڵئاوسان کاریگەری گەورەیان هەبووە و لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رەنگی داوەتەوە.

تورکیا ساڵی ٢٠١٩ لە ریزبەندی ٧٩دا بوو، ساڵی ٢٠٢٠ هاتە دواوە بۆ ٩٣ و ئەمساڵی هێندەی دیکە دواکەوت و گەیشتە ١٠٤.

بەریتانیاش دۆخی بەرەو خراپی رۆیشتووە، چونکە ساڵی پار لە پلەی ١٣ بوو، بەڵام ئەمساڵ هاتووەتە دواوە بۆ پلەی ١٧.

نیگەرانترین وڵاتانی جیهان بەپێی راپۆرتەکە بەم جۆرەیە؛ لێسۆسۆ، بۆتسوانا، رواندا، زیمبابۆی و ئەفغانستان.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری گەورەی لەسەر ئاستی دڵخۆشی وڵاتانی جیهان هەبووە.

ئەنجامدەرانی راپۆرتەکە باسیان لەوە کردووە، یەک لەسەر چواری ئەو کەسانەی پرسیاریان لێکراوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاری کردووەتە سەر ئاستی خۆشبەختیان.

 ئەوەی رووداوێکی نوێ بووە بۆ ئامادەکارانی راپۆرتەکە ئەوە بووە، کە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا هەستێکی هاوبەش و گیانی یەکگرتووەیی لای خەڵکی جیهان دروست کردووە، واتە لەبری ئەوەی خەڵکی جیهان بە تەنها ئەم بارە سەختە هەڵبگرن، بە هاوبەشی نیگەرانی یەکترن.

بەپێی راپۆرتەکە ئاستی متمانەکردن بە یەکتر لە فینلەندا زۆر بەرزە، ئەمەش بۆ مانەوە لە ژیاندا لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ئاشکرا و روونی دیار بووە و هەموان لە خەمی مانەوەی یەکتردا بوون.

فینلەندای ٥،٥ ملیۆن کەسی، لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرناشدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا. تەنها ٧٠ هەزار حاڵەت و ٨٠٥ مردن بە کۆرۆنایان هەیە.

لە کاتێکدا کوردستان ئاستی دانیشتوانەکەی نزیکە لە فینلەندا، زیاتر لە ١١٥ هەزار تووشبووی کۆرۆنای تۆمار کردووە و ٣٥٨٥ کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.

١٠ خۆشبەخترین وڵاتی ئەمساڵ بریتین لە؛
یەکەم؛ فینلەندا
دووەم؛ دانیمارک
سێیەم؛ سویسرا
چوارەم؛ ئیزلەندا
پێنجەم؛ هۆڵەندا
شەشەم؛ نەرویج
حەوتەم؛ سوید
هەشتەم؛ لوکسمبۆرگ
نۆیەم؛ نیوزلەندا
دەیەم؛ نەمسا

نیگەرانترین وڵاتانی جیهانیش بۆ ئەمساڵ بریتین لە؛
١٤٠؛ بوروندی
١٤١؛ یەمەن
١٤٢؛ تەنزانیا
١٤٣؛ هایتی
١٤٤؛ مالاوی
١٤٥؛ لێسۆسۆ
١٤٦؛ بۆتسوانا
١٤٧؛ رواندا
١٤٨؛ زیمبابۆی
١٤٩؛ ئەفغانستان