ڕاپۆرتی جیهانی

10:45 - 22/03/2021

٢٠٢٠ی ئەڵمانیا؛ ساڵی تاوان و چەک‌

پەیسەر

ساڵی ٢٠٢٠ تەنها ساڵی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و شەکەتکردنی ئەڵمانییەکان نەبوو، بەڵکو ساڵی زیادبوونی ئەو تاوانانە بوو کە هاندەری سیاسییان لە پشتەوە بووە، ئەمە جگە لەوەی لە ئەم ساڵە سەختەدا داواکاری وەرگرتنی مۆڵەتی چەکی دەنگ زیادیان کرد.

بەپێی تۆمارە فەرمییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا، ٤٤ هەزار و ٣٤ تاوان ئەنجام دراون. هەموو ئەم تاوانانەش هاندەر و هۆکاری سیاسییان لە پشتەوە بووە.

ئەم ژمارەیەش لە چاو ساڵی پێشتریدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیەوە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٩دا ٤١ هەزار و ١٧٧ تاوان ئەنجامدرابوون کە هۆکارەکەیان سیاسی بوون.

ئەم ژمارانە لە چوارچێوەی وەڵامی حکومەتی ئەڵمانیدا بوون بۆ چەند پرسیارێکی فراکسیۆنی پارتی سەوز لە پەرلەمان.

هەر بەپێی وەڵامەکان کە دەست ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (Deutsche Presse-Agentur) کەتووە، توندڕەوە راستڕەوەکان بەرپرسن لە ئەنجامدانی نیوەی تاوانەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ئەو تاوانانەشی هۆکارەکەی بۆچوونی چەپ بوون لە پلەی دووەمدا هاتوون کە نزیکەی ١١ هەزار تاوانن.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی هەزار تاوانی ساڵی ٢٠٢٠ پەیوەندییان بە ئایدۆلۆجیا "بیانییەکان"ەوە هەیە، بۆ نموونە ئایدۆلۆژیای پارتی کرێکارانی کوردستان.

لە ماوەی ساڵی رابردوودا کەمتر لە ٤٦٠ تاوان هۆکارەکەیان ئاینی بووە، ٨٢٠٠ تاوانیش هۆکاری دیکەیان هەبووە.

وەک رۆژنامەی (تاگس شبیگل) بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ئەڵمانی ئاماژە بەوە دەکەن هەندێک تاوان کە ناتوانرێت لە چوارچێوەی تاوانە ئایدۆلۆژییەکاندا پۆلێن بکرێن بە ئاستێکی زۆر زیادیان کردووە، بۆ نموونە ئەو تاوانانەی پەیوەندییان بە رەتکردنەوەی هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەیە.

لەگەڵ ئەوەی ژمارەکەی کەمە، بەڵام بەرزبوونەوە لەو تاوانانەش روویانداوە کە تایبەتن بە راست و چەپڕەوەکان.

ژمارەی ئەو تاوانانەی کە دژ بە جولەکەکانن لە ساڵی رابردوودا بۆ دوو هەزار و ٣٢٢ کەس بەرزبووەتەوە و زۆرینەشیان بە هاندەری راستڕەوەکان کراون.

ئەرینە میهالیک پسپۆڕ لە کاروباری ناوخۆیی کە سەر بە فراکسیۆنی سەوزە لە پەرلەمان بە رۆژنامەی تاگس شبیگلی وتووە، لە بەرەی راستڕەوەکانەوە تاوانەکان لە هەڵکشاندان، بەتایبەت لەو کەسانەوە کە راستڕەوی توندڕەون.

چەکی دەنگ
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکانی ئەڵمانیا داواکاری بۆ هەڵگرتنی چەکی دەنگ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

بەراورد بە ساڵی پێشووت پێدانی مۆڵەتی چەک لە ساڵی رابردوو، بەرزبوونەوەیەکی ترسناکی بەخۆیەوە بینیوە.

تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٧٠٤ هەزار مۆڵەتی ئەم چەکە لە سەرجەم ویلایەتەکان دراوە، ئەمەش ٤٠ هەزاری لە ساڵی پێشووتر واتە ٢٠١٩ زیاترە.

رۆژنامەی راینیشە پۆستیش لە راپۆرتێکیدا و پشت بەست بە زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوە کردووە پێدانی مۆڵەت بەراورد بە ساڵ ٢٠١٩، ٦٪ بەرزبووەتەوە.

لە چەند ساڵی رابردوودا داواکاری ئەم جۆرە مۆڵەتانە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە، بەڵام ساڵی ٢٠٢٠ و لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە.

ئەوەی بووەتە کێشە بۆ هێزە ئەڵمانییەکان ئەوەیە کە بە ئاسانی و لە دوورەوە ناتوانن جیاکاری لەنێوان ئەم چەکە و جۆرەکانی دیکەی چەکدا بکەن.

سەندیکای پۆلیسیش هۆشداری لەبارەی ئەوەوە دەدات کە لە دوورە ناتوارێت ئەم چەکە لە چەکی راستی و ئاسایی جیابکرێتەوە.

یەکەم قوربانی دیاری دەستی راستڕەوە توندڕەوەکان لە مێژووی نوێێ ئەڵمانیادا، ئامادۆ ئەنتۆنیۆ کیوای ئەنگۆلییە کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٠ لەلایەن نازییە نوێیەکانەوە کوژرا و دواتریش سوکایەتییان بە تەرمەکەی کرا.