ڕاپۆرتی جیهانی

12:05 - 22/03/2021

ژنێك لەوانی تر نەدەچوو، نەوەد ساڵ خەبات لەپێناوی ئازادیی دا‌

پەیسەر

نەوال سەعداوی، پزیشک و نووسەر و داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی مرۆڤ، ئافرەتان و هاوڕەگەزخوازان لە تەمەنی 90 ساڵیدا لە شاری قاهیرە بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد، لەكاتێكدا ئەو داكۆكی لە زۆرینەی رەهای ژنان دەكرد كە خودی ژنانی وڵاتەكەی باوەڕیان بە ئازادی ژنان نەبوو، سەرەڕای ئەوەی سێ جار تەڵاقی وەرگرت لە هاوسەرەكانی كەچی دەڵێت 95%ی پیاوان خیانەت لە هاوسەرەكانیان دەكەن، نەوال سەرەڕای زیندان، ئاوارەیی، ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی ، هێشتا لەزانكۆ بەناوبانگەكانی جیهاندا وانەی دەگوتەوە، ئەو پێی وابوو عەرەب پێش لەوەی پێویستیان بە شۆرشی سیاسی و چەكداریی هەبێت، پێویستیان بە شۆرشی رۆشنبیریی هەیە .

جەنگاوەرێكی بێ چەك:
سەرەڕای ئەوەی نەوال بە ژنێكی بێ ئابڕووی دەم هەراش و بێ چاووڕوو لەقەڵەم دەدرا، بەڵام جەنگاوەرێکی ڕاستەقینەبوو لە مەیدانی ئازادی و مافی مرۆڤ و ژندا، ئەو ژنێک بوو جیاوازو لەهیچ ژنێکی دیکە نەدەچوو لەگەل قەڵەمەکەیدا شۆڕشی دژی پیاوانی کۆمەڵگەی عەرەبی بەرپا کرد، زیندان، دەرکردن لە نیشتیمان و سانسۆرکردنی نوسینەکانی چۆکی پێدانەدا، نە لە قسەی خەڵك و نەلە ئابڕووچونی كۆمەڵایەتی دەسڵەمییەوە، كاتێك ئەو بە ئاشكرا باسی كۆئەندامی زاووزێی نێرو مێی دەكرد، هاوسەرەكان شەرمیان لە پەیوەندیی نێوان خۆشیان دەكرد، بەڵام  لە کۆی بەرهەمەکانیدا داوای ئازادی (مرۆڤ، ژن و نیشتیمان) دەکات، وەك دەڵێت” ئازادی ژن و ئازادی نیشتیمان لەیەک جیاناکرێتەوە”، ئەو لە زۆرێک لە وڵاتانی دنیا خەڵات دەکرێت، بەڵام لە نیشتیمانەکەی خۆیدا ئاوارەو قەدەغە کراوە بەهۆی باوەڕ و نوسینەکانیەوە یەکێکە لەو ژنانەی لە لیستی تیرۆردا لە ڕیزبەندی یەکەمدا بووە بۆ کوشتن، بەڵام لە مردن، نەخۆشی ، زیندان و کوشتن نەترسا، ئەو ژنەی لەگەڵ کاغەزێکی سپیدا لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکاندا شۆڕشی بەرپا کرد “نەوال السعداوی” بوو، وەك شارەزایان باسی دەكەن سەعداوی ئەگەر لە كۆمەڵگەیەكی رۆژئاواییدا بوایە، پێدەچوو بەئەندازەی وڵاتێكی نەریتخوازی وەك میسر ئازار نەدرایە، لە لایەكی تریشەوە بیروبۆچوونەكانی بەئەندازەی ئێستا دەنگی نەدایەتەوە.

ژیان بەخشین:
وەك دەگوترێت (ناوی مرۆڤ زۆرجاركاریگەریی لەسەر كەسایەتیەكان هەیە و زۆرجاریش بە پێچەوانەوە) ناوەی نەوالیش بە زمانی عەرەبی، بەواتەی بەخشین دێت.
نەوال هەموو ژیانی خۆی بۆ ئازادی ژنان بەخشی و هیچ کاتێک نەیدوەیست بە ناوی سەعداوی باوکی بانگ بکرێت بەڵکو دەیەوێت پێی بوتریت (نەوال زەینەب)، بەڵام دواجار كۆمەڵگەی نەریتخوازی میسر ناچاری كرد بە بەكارهێنانی ناوی باوكی، هەرچەندە بەشێك لە شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن ئەوە كاردانەوەیەكی زانستی نەبووەو تەنها وەك نیشانەی یاخیبوون لە كۆمەڵگەی نێرسالاری ئەو كارەی كردووە، بە دیوەكەی تردا ئەو دەیویست  وەك ڕێزێك بۆ قوربانی و ماندوبونەکانی دایکیەتی کە لە جیهاندا ژنان بەش خوراوترین بوونەوەرن بەتایبەت دایکان، نەوال لە کتیبی ( قضايا المرأة المصرية) دەڵێت “کاتێک فێری نووسینی ناوی خۆم بووم بەدوای ناوەکەمدا ناوی دایکم دەنووسی، بەڵام ڕۆژێک باوکم هاتوو ناوەکەی دایکمی سڕیەوە ناوی سعداوی خستە پاڵ ناوەکەم لەو ڕۆژەوە ڕقم لە ناوی سعداویە چونکە بووە هۆی سڕینەی ناوی دایکم”.

بێ باوەڕیی بە دین:
هەر كات نەوال سەعداوی دەركەوتبێت،بینەرەكانی چاوەڕێی ئەوەیان لێكردووە كە بۆچوونەكانی كاردانەوی لێبكەوێتەوە، لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكانی ساڵی 2014 یدا دەڵێت: ڕیشەی چەوساندنەوەی ژنان لەناو سیستەمی سەرمایەدارییدایە كە دامەزراوە دینیەكان پشتیوانی دەكەن.
نەوال بۆچوونەكانی خۆی لەبارەی دینەوە بەم دێڕانە دەربریوە:
-دین ڕەگەزپەرەستی بەرجەستە دەكات، هەموو خوداكان ئیرەیی دەبەن بە یەكتریی، لایەنگرانی یەكتری دەكوژن لەبەر ئەوەی خودا ڕاستەقینەكە ناپەرستن.
- ماچكردنی بەردەڕەشەكە و گەڕان بەدەوری كەعبەدا كاری بت پەرستانە.
- ئافرەت لە هەموو دینەكاندا چەوسێنراونەتەوە.
- هەموو سیستەمە سیاسیەكان بە ئارەزووی خۆیان دین شرۆڤە دەكەن.
- دایكم پێی گوتووم ئاگری دۆزەخ بوونی نیە، منیش هەروام گوتووە.
- فرەژنی درێژە پێدان و شەرعیەت پێدانی كۆیلایەتییە.
- خودا هەموو زمانەكان دەزانێت، دەبوو بە هەموو زمانێك كتێبەكانی بناردایە تا هەمووان لێی تێبگەن.
لەگەڵ ئەوەشدا كە هەرگیز خۆی وەك ژنێکی بێباوەڕ نەناساندووە، بەڵام  بەهۆی بیرو باوەڕەکانیەوە لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا بە ژنێکی بێباوەر(کافر) پێناسە كراوە، یەكێك لەوانەی كە بە كافری داناوە دانشگای ئەزهەر بووە، لەبەر ئەوەی بۆچوونەكانی لە بارەی دینەوە بەدڵی ئەوان نەبووە، نووسین و بابەتەکانی لە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکانی جیهانی عەرەبی و کۆمەڵگەی میسڕیدا قەدەغە ، بەڵام هەمیشە دژی بازرگانیکردن بە ئاین و ئەو کۆت و بەندانەیە کە پیاوانی ئاینی سەپاندویانەو مرۆڤ بە گشتی و ژنان بەتایبەتی بونەتە قوربانی دەستی ئەو کۆت و بەندانە.

پیاو بێ شەرەفە!
 نەوال لەسەرجەم بۆچوون و نوسینەكانیدا دژی بە سیمبول کردنی ژنان وەک شەرەف دەوەستێتەوە، لەبارەی شەرەفەوە دەڵێت ” ئەگەر بونی چەند ئەندامێکی جەستەی ژن بەتایبەتی بوونی پەردە لە کچاندا هێمای شەرەف بێت ئەی پیاوان بە بی پەردە لە دایك دەبن کەواتە بە بێ شەرەفی لە دایک دەبن “ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە نەوال زۆترین شۆرشی لەبارەیەوە بەرپا کردووە ئەم خاڵە بۆتە هۆی قوربانی هەزاران ژنی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان.

باڵا پۆشی:
یەکێکی دیکە لەوانەی كە نەوال دژی دەوەستێتەوە باڵاپۆشی ژنانە، لەو بارەیەوە دەڵێت “من دژی حیجابم لەبەرئەوەی دژی ئەخلاقم، پێش لەوەی ژنان خۆیان داپۆشن، بەڵکو دەبێت پیاوان چاویان داپۆشن، ناکرێت پیاوان لە جێگای فەرمی و سەر شەقامەکاندا بە چاوی حەزەوە سەیری ژنان بکەن، بەڵکو دەبێت چاوی ئەو پیاوانە دابخرێت، ژنانیش وەك پیاوان ئارەزویان هەیە کەواتە دەبیت پیاوانیش جەستەیان داپۆشن تا ژنان سەیریان نەکەن “.

خەتەنەی ژنان:
بەهۆی دواکەوتوی خێزانەکەیەوە نەوال لە تەمەنی ٦ ساڵیدا خەتەنە كراوەو نەیشاردووەتەوەو چەندین جار بە راشكاوی باسی كردووە، ئەمەش وا دەکات کە دژی ئەو کارە بوەستێتەوە، نەوال لەبارەی خەتەنەکردنەكەیەوە لە کتیبی (قضایا المرأە المصریة) دەڵێت ” باوکم پێی دەوتم خودا دروستکارێکی کامڵ و تەواوە سەرجەم کارەکانی تەواو و کامڵە لەش و لاری ئێمەی بە جوانترین شێوە دروست کردووە، بەڵام لە شەوێکی تاریکدا ژنێك بە گوێزانەوە هات بۆ خەتەنە کردنم، ئەوکاتە تەمەنم شەش ساڵ بوو پارچەیەکەی لە ئەندامیکی لەشم بڕی و وتی ئەوە فەرمانی خودایە، نەم دەتوانی بپرسم چۆن خودا فەرمان بە بڕینی پارچەیەکی جەستە دەکات کەخۆی دروستی کردووە!.”.

هاوڕەگەزبازیی:
نەوال سەعداوی پێی وایە كە هاوڕەگەزبازیی شتێكی قەدەغەو تابۆ نیەو لەو بارەیەوە دەڵێت: هاوڕەگەزبازیی بەشێكی بۆ بۆماوەیی دەگەڕێتەوە، بەشێكیشی ترس و شێوازی پەروەردەكردنە، ئەو كارە پێوستی بە شرۆڤەو لێكۆڵێنەوە هەیە، هۆكاری كۆمەڵایەتی و بایۆلۆژیی خۆی هەیە، زیندان چارەسەر نییە، دەبێت ئازادی بۆ هەمووان بەرقەراربێت، كۆمەڵگەو دین هیچ دەستێوەردانێكیان بۆ ڕەگەز نییە، پەیوەندی ڕەگەزایەتی وسێكسی شتێكی زۆر كەسییە.


ژیانی توێژەر:
نەوال سەعداوی، ژنە نووسەر وداکۆکیکاری بواری مافەکانی ژنان و پزیشکی نەخۆشیە دەرونیەکان لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣١ دا لە گوندی کەفەر تحلە، سەر بە پارێزگای القلیوبیە، لە دایك بووە ، نەوال لە خێزانێکی پارێزگار بە داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانەوە لە دایكبووە،  دووەم منداڵی خێزانەکەی بووە لە کۆی ٩ خوشک و برا. باوکی بەرپرسی حکوومی بووە لە وەزارەتی پەروەردە. دایک و باوکی زوو کۆچی دواییان کردووە و بەرپرسیارێتی گەورەی خێزانەکەی کەوتووەتە سەر..

لە ساڵی ١٩٥٥ بڕوانامەی بەکالوریوسی لە پزیشکی لە زانكۆی قاهیرە بەدەستهێناوە دواتر بۆتە پزیشکی نەخۆشییە دەرونییەکان، هەر لەهەمان ساڵدا لەگەڵ یەکێك لە هاوپیشەکانی بەناوی ئەحمەد حلمی، هاوسەرگیری ئەنجام دەدات، بەڵام ماوەی هاوسەرگیریەکەی زۆر ناخایەنێت و دوای دوو ساڵ لە هاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە كاتێك لەو بارەیەوە لێی دەپرسن دەڵێت: هاوسەری یەكەمم پیاوێكی زۆر گەورەبوو، هاوڕێم بوو لە كۆلێژی پزیشكی، زۆرۆپیاوێكی باشیش بوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی دژایەتی بەریتانیەكانی كرد لە كاتی هەڵكەندنی نۆكەندی سویس دا، دەستگیركرا، ئەو كارەساتە زۆر قورس بوو لەسەری، تووشی ئالوودەبوونی خواردنەوە بوو بە خراپی، ئەو پەیمانی ئەوەی پێدام ئەگەر هاوسەرگیریی لەگەڵ بكەم چاك دەبێت و واز لە خواردنەوە دێنێت و خۆی لە ئالوودەبوون دوور دەخاتەوە، بەڵام وا دەرنەچوو، دۆخی دەروونی تا دەهات خراپتر دەبوو، جارێكیان ویستی بمكوژێت، بۆیە لێی جیابوومەوە .

دوای کۆتایهاتنی هاوسەرگیری دووەمی كە ئەویش زۆری نەخایاندووە و شوی بە یاساناسێك كردووەو لە ئەنجامدا جیابوونەتەوە، لە ساڵی ١٩٦٤ دا لەگەڵ پزیشك و ڕۆمانوس شەریف حتاتە، ژیانی هاوسەری پێکهێناوە لەو هاوسەرگیریەدا بۆتە خاوەنی کچ و کوڕێک دوای ٤٣ پێکەوە بوون کۆتایی بە هاوسەرگیری سێیەمیش دەهێنێت.

ئەو لەباسی هاوسەری سێیەمیدا دەڵێت: ئەو پیاوێكی زۆر ئازاد بوو، ماركسی بوو، لەسەر ئەو بیروباوەڕەشی زیندانیش كرا، 43 ساڵ لەگەڵی ژیام، هەمووان دەیانگوت ئەو تاكە پیاوێكە لەسەر زەویدا كە هێندە گرنگی بە ژنان بدات، بەڵام ناچاربووم لێی جیاببمەوە، چوون درۆی لەگەڵ دەكردم، پەیوەندی لەگەڵ ژنانی تر هەبوو، سەیربوو، ئەو كتێبی لەبارەی هاوسەنگی لەنێوان ژنان و پیاوندا دەنووسی ، بەڵام دواجار خیانەتی لە هاوسەرەكەی كرد، من لەوەش دڵنیام  كە 95%ی پیاوان ئەو كارە دەكەن. بەڵام من لێی جیابوومەوە.

لە ساڵی ١٩٧٣ بۆ ساڵی ١٩٧٦ نەوال گرنگی بە ڕوانگەی مافەکانی ژنان داوە لەگەڵ نەخۆشیە دەماریەکان لە کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی (عین الشمس)، لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ساڵی ١٩٨٠ بۆتە ڕاوێژکاری نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری ژنان لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

زیندانیکردن:
نەوال سەعداوی یەکێکە لەو کەسایەتیانەی کە لەلایەن حکومەتی میسڕەوە دوچاری زیندانیکردن و دەربەدەرکردن بۆتەوە، لە ساڵی ١٩٨١ دا بەشدار دەبێت لە دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی تایبەت بە ژنان بە ناوی (ڕوبەڕوبونەوە) ئەمەش دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی میسڕ بە سەرۆکایەتی ئەنوەر سادات، و ماوەی مانگێك لە زینداندا ژیان بەسەر دەبات نەوال ڕۆژەکانی زیندان بە جوانترین ڕۆژەکانی ژیانی ناودەبات لەبارەی زیندانی کردنیەوە دەڵێت “ترس بەشێک بوو لە ژیانم کاتێک قەڵەم و نووسینم بەرز کردەوە، بەڵام ئێستا هیچ شتێك لە گوتنی ڕاستی ترسناکتر نییە لە كاتێكدا كە جیهان لێوان لێوە لە درۆ“.
نەوال کاتێک بۆماوەی سێ مانگی تر لە زینداندا دەبێت دەست بە نوسینی کتێبێکی بەناوبانگی دەکات بەناوی (بیرەوەریەکانی زیندانی ژنان) لەساڵی ١٩٨٣ دا .

سەندنەوەی ڕەگەزنامە:
دژایەتیكردنی نەوال تا دەهات زیادی دەكردو تەنانەت گەشتە ئەوەی كە ڕەگەزنامەی وڵاتەكەی لێوەربگرنەوە  و لە ١٢ی مارسی ٢٠٠٨ دا دادگای میسڕ ڕەتی کردەوە ڕەگەزنامەی میسڕی لەنەوال سعداوی بسەنێتەوە کە لەلایەن پارێزەرێکی میسڕیەوە بەهۆی بیروباوەڕەکانیەوە داوای لە دژ بەرزکرابۆوە تا ڕەگەزنامەی میسڕی لێبسەندرێتەوە.

ڕاكردن لە وڵات و دەربەدەریی:
لە دەرئەنجامی دەربڕین و كتێب و چاوپێكەوتنەكانی و وەگەڕخستنی داوای یاسایی لە لایەن ئیسلامیەكانی وڵاتەكەیەوە لە ژێر پاساوی –سوكایەتیكردن بە ئایین- دا و دانانی ناوەكەی لە لیستی ئەو كەسانەی كە لە ڕووی دینیەوە پێویستە بكوژرێن، هەروەها بە ئاشكرا لە دژی وانەی ئایین بووە لەناو سیستەمی پەروەردەدا و پێداگریی كردووە لە لابردنی وانەی هەموو ئاینێك لە نێو سیستەمی پەروەردەدا بەتایبەتی ئەو بابەتانەی كە پەیوەندییان بە ئاینی ئیسلامەوە هەیە، ئەمەش زیاتر ئیسلامیەكانی ئەو وڵاتە و ڕای گشتی لە دژی وەستانەوەو ناچار بوو لە ساڵی 1988 دا بچێتە دەرەوەی میسرو ڕوو لەئەمەریكا بكات و لە ویلایەتی كالۆرینایا بووەتە مامۆستای زانكۆو وانەی گوتووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جگە لە میسر لەم  زانكۆیانەی تر وانەی گوتووەتەوە: هارفارد، كۆڵۆمبیا، سۆربۆن، جۆرج تاون، كالیفۆڕنیا، دوای ساڵی 1996 گەڕاوەتەوە میسر، دوای خۆپیشاندانەكانی میسرو نەوال یەكێك بووە لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەكان.


بەربژێری سەرۆكایەتی:
لەگەڵ ئەوەشدا نەوال تەمەنی هەڵكشا بوو، ناڕەزایەتی زۆری لەسەر بوو، بەڵام لایەنگران و خوێنەری بیروباوەڕەكانیشی بایی ئەوە دەبوون كە پشتیوانی لێ بكەن بۆیە لە ساڵی 2004 دا خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری میسر بەربژێر کرد و بووە رکابەری حوسنی موبارەک، سەرۆکی ئەوکاتی میسر، بەڵام لە هەڵبژاردن سەرنەکەوت .

کارەکانی نوسەر:
بەشێک لە کتێبەکانی سەعداوی بۆ 40 زمان وەرگێڕدراون و لە دەرەوەی میسر چەندین خەڵاتی جیهانی و بڕوانامەی رێزلێنانی پێبەخشراوە، تەنانەت گۆڤاری تایم لە ساڵی 2020 دا سەعداوی بە یەکێک لە کاریگەرترین سەد ئافرەت لە جیهان ناوبردووە. 

سەرەتای نووسینی نەوال دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکێکی کورت بە ناونیشانی (فێری خۆشەویستی بووم) لێرەوە سەرەتای درەوشانەوەی خامەی نەوال دەستی پێکرد، دواتر لە ساڵی ١٩٥٨ دا یەکەمین ڕۆمانی بەناوی (بیرەوەریەکانی دکتۆرەیەک) بڵاوکردەوە کە ئەم ڕۆمانە زادەی ئەزمونی کاری نەوال بووە لەماوەی پیادەکردنی پیشەی پزیشکیدا .

تەواوی کتێب وڕۆمان و نووسینەکانی نەوال کاریگەری گەورەیان لەسەر هزری خوێنەر دروست کردوە شۆڕشێکی فکریان لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا دروست کردووە
خەڵاتەکانی:
نەوال سەعداوی بەهۆی بەپێزی و کاریگەری نووسین و کارەکانیەوە لە چەند وڵاتێکی جیهان خەڵات کراوە لەوانە:
خەڵاتی باکور و باشور لە ئەنجومەنی ئەوروپا ساڵی ٢٠٠٤.
وەرگرتنی خەڵاتی من لە کوێم لە وڵاتی بەلجیکا ساڵی ٢٠٠٥.
وەرگرتنی خەڵاتی ستیغ داغیرمان، لە سوید ساڵی ٢٠١١.
وەرگرتنی خەڵاتی ماکبراید بۆ ئاشتی لە سویسرا ساڵی ٢٠١٢.


كۆچی دوایی:
دوای تەمەنێكی دوورو درێژی 90 ساڵی، دواجار بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی قاهیرە رۆژی 21 ئازاری 2021 كۆچی دوایی كرد. چەند رۆژێك بەرلەوەی كۆچی دوایی بكات بە رۆژنامەی –الاهرام- ی میسری گوتووە: من ژنێكم زۆر شتم لێ قەدەغەكرا، دەیانەویست دەنگم كپ بكەن، نەهێڵن كتێب و بۆچوونەكانم ڕووناكی ببینن، بەڵام نەیانتوانی، ئەگەر كات بگەڕایەتەوە زۆرتر یاخی دەبووم، شۆڕشم بەرپا دەكرد، لە هەموو قۆناغەكانی ژیانمدا هیچ كاتێكم بە فیرۆ نەدەدا بۆ ئەوەی داهێنانە ئەدەبی و فیكرییەكانم زۆرتر بكردایە.