ڕاپۆرتی جیهانی

11:33 - 28/03/2021

وەبەرهێنان بە نەوتی بەلاش؛ رێککەوتنی رزگاری یان ئێران فرۆشیی؟‌

پەیسەر

چین لە ماوەی ٢٥ ساڵی داهاتوودا ئامادەیە بڕی ٤٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە وڵاتانی ئێراندا بکات، لە بەرامبەر ئەم بڕە پارە گەورە و زەبەلاحەدا کە بۆ ئێرانی گۆشەگیرکراو و گیرۆدەی دەستی سزاکان زۆر مێژووییە، چینییەکان بە بەلاش نەوتی ئێران دەبەن. ئەمە پوختەی رێککەتنە ٢٥ ساڵییەکەی ئێران و چینە.

هەڵهاتن لە سزا
ئێران ماوەی چەند ساڵێکە کەوتووەتە ژێر سزا قورسەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەتایبەت لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە ئێستادا تاران دەیەوێت لە ئەم سزایانە رزگاری ببێت و بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

تاکە رێگا لە بەردەم ئێراندا نزیک بوونەوە بوو لە چین، چینی بەهێز و خاوەن هەژموون، بۆیە تاران رێککەوتنێکی ٢٥ ساڵی لەگەڵ پەکین واژۆ کرد، هەرچەند نەوتەکەی بە بەلاش دەبرێت، بەڵام دەیان سودی گەورە بە ئێران دەگەیەنێت و لە گۆشەگیرییەکەی کەمدەکاتەوە.

چین گەیشتە ئێران
ئێرانییەکان ویستیان بە پڕۆژەی "رێگا و کەمەری" چین بگەن، بۆیە بە کردەیی و لە رێگای رێککەوتنە ٢٥ ساڵییەکەیانەوە چوونە ناو پڕۆژەی چینییەکان کە درێژکراوەی رێگای ئاوریشمە.

بۆ واژۆکردنی رێککەوتنە ٢٥ ساڵییەکە و چەند رێککەوتنێکی دیکە لە بواری ئاسایش و ئابووری، وانگ یی وەزیری دەرەوەی جین بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە تاران.

رێککەوتنەکان لەلایەن وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە واژۆ کران، بەڵام بەرپرسانی ئێران لەبارەی رێککەوتنەکانەوە هیچ روونکردنەوە و زانیارییەکانیان بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان نەداوە.

رێککەوتنە ٢٥ ساڵییەکە
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، دەقی رێککەوتنە ٢٥ ساڵییەکە کە واژۆ کراوە، هەمان ئەو دەقەیە کە ساڵی رابردوو لەلایەن رۆژنامەی نیو یۆرک تایمزی ئەمریکییەوە بڵاوکرایەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە و دیاری تێدا نەکراوە.

جگە لەو بوارانەی کە بڵاوکراونەتەوە، مانۆری سەربازی، پەروەردە، توێژینەوەی هاوبەش، گەشەپێدانی چەک، ئاڵۆزگۆڕکردنی زانیاری هەواڵگری و دەیان پڕۆژەی هاوبەشی دیکە لەنێو رێککەوتنە ٢٥ ساڵییەکەدان.

بۆ ئێران: پڕۆژە
بەپێی رێککەوتنە ٢٥ ساڵییە واژۆ کراوەکە، لە ماوەی ٢٥ ساڵی ئایندەدا، چینییەکان لە بوارەکانی پەیوەدنی، تەلەفۆنی، بەندەر، رێگای ئاسن، خزمەتگوزاری تەندروستی، تەکنۆلۆژیای زانیاری و چەندین بواری دیکە کاری وەبەرهێنان لە وڵاتی ئێراندا دەکەن.

بەپێی دەقی رێککەوتنە واژۆ کراوەکە، ئەو بڕەی کە چین ئامادەیە لە ئێراندا وەبەرهێنانی تێدا بکتا، دەگاتە ٤٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی، کە بۆ ئێرانییەکان خەونیکی گەورەیە و دەروازەیەکی گەورەی رزگار بوونە لە بێدۆلاریی و بێپارەیی.

بۆ چین؛ نەوتی بەلاش
لە بەرامبەر ئەم وەبەرهێنانە گەورەیەدا، ئێران ئامادەیە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ، بە نرخی داشکێنراو کە هێندە کەم و رەمزییە  بە "بەلاش" ناودەبرێت نەوتی ئێران دەبات و بەکاریدەهێنێت.

چین کە یەکێکە لە وڵاتە پیشەسازییە گەورەکانی جیهان، پێویستی بە نەوتێکی زۆر هەیە بۆ کارگەکانی، بەدەستهێنانیی ئەم بڕە زۆرە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ بە بەلاش، وەها دەکات چین کەمتر پشت بە وڵاتانی دیکە ببەستێت.

ئەم پڕۆژە ٢٥ ساڵییە چەند ساڵێکە ئامادەکاری بۆ دەکرێت و دەقەکەشی چەند ساڵێک تەمەنیەتی. یەکەم جاریش لە ئاستی باڵادا لە ساڵی ٢٠١٦ کاتێک شی جینپینگ سەرۆکی چین سەردانی تارانی کرد ئاماژەی پێکرا.

ئێران فرۆشتن
رەخنەگرانی حکومەتی ئێران لە دەرەوە و تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی ناو حکومەتی ئێران رەخنە لە ئەم هەنگاوە دەگرن و رێککەوتنەکە بە فرۆشتنی سەرچاوە سروشتییەکانی ئێران بە چین ناو دەبەن.

ئەوانەی رەخنە دەگرن، پێیان وایە ئێران فرۆشراوە و زیانێکی گەورە بە وڵات دەگەیەنرێت و دەڵێن، ئەم رێککەوتنە تاکلایەنەیە و تەنها چین سودی لێدەبینێت و زیانێکی مەترسیدارە بۆ ئێران و ئایندەی وڵات.

داو یان رزگاری؟
رەخنەگران دەڵێن، ئەم رێگای ئاوریشمی بە گشتی و ئەم رێککەوتنە ٢٥ ساڵییە بەتایبەتی، داوێکی چینییەکانە بۆ راوکردنی وڵاتانی لاواز و گۆشەگیرکراو تاکو بیانبەستێت بە خۆیەوە و بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵەوە، چونکە بەپێی پڕۆژەکە ئێران چووەتە ناو داوەکەوە و زەحمەتە لێیبێتە دەرەوە.

لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئێرانی و بەتایبەت ئەوانەی کە بەشداربوون لە داڕشتنی دەقی رێککەوتنەکەدا، پێیان وایە ئەم رێککەوتنە رێگای دەربازبوونی ئێرانە لەو سزایانەی لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە سەریان و بەم جۆرە دەتوانن لە ئەم گۆشەگیرکردنە نێودەوڵەتییە رزگاریان ببێت.