ڕاپۆرتی جیهانی

11:31 - 29/03/2021

رزگارکردنی ئێڤەر گیڤن لە قوڕگی جیھان‌

پەیسەر

دوای ھەفتەیەک لە گیرخواردنی لە کەنداوی سوێس و کەوتنە سەر لم و خۆڵی کەنداوەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەشتی ئێڤەر گیڤن بە "رێژەیی" سەر ئاو خرایەوە و یەکەم قۆناغی رزگارکردنی کەشتییەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی ھات.

گەرووی جیھان دەکرێتەوە
کۆمپانیای ئینچ کەیپ بۆ خزمەتگوزاری بارکردنی دەریایی لە تویتەرەوە ھەواڵی رزگارکردنی کەشتییە گیرخورادووەکەی نۆکەندی سوێسی بڵاوکردەوە و نووسی، "کاتژمێر ٠٤:٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، توانرا بە سەرکەوتوویی کەشتیی ئێڤەرگیڤن سەر ئاو بخرێتەوە و لە ئێستادا کەشتییەکە سەلامەتە".

پێگەی بی بی سی لە ھەواڵەکانی سەرلەبەیانیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سەرەڕای سەرئاوخستنی کەشتییەکە، بۆ ئەوەی نۆکەندەکە بە رووی ھاتوچۆدا بکرێتەوە، پێویست بە کاتی زیاتر دەکات.

گرتنی قوڕگی جیھان
ئێڤەر گیڤن کە ھێندەی چوار یاریگای تۆپی پێ درێژە، لەگەڵ ئەوەی ژاپۆنییە و ئاڵای پەنەمای لەسەرە، بەڵام ماوەی سێ ساڵە لەلایەن کۆمپانیای (Evergreen Marine)ی تایوانییەوە بەڕێوەدەبرێت، لە کەناری باشوری نۆکەندەکەدا گیری خواردبوو، ئەمەش بووە ھۆی داخستنی نۆکەندی سوێس کە قوڕگی بازرگانی جیھانە.

کەشتی ئێڤەر گیڤن چەند رۆژێک پێش ئێستا بە ئاڵای پەنامەوە و بە بارێکی قورس و گرانەوە کەناراوەکانی چینی بەجێھێشت، ئامانجی گیڤن گەیشتنە بەندەری رۆتردامی ھۆڵەندا بوو، نزیکترین و ھەرزانترین رێگاش بۆ گەشتنە ئەوروپا، نۆکەندی سوێس بوو، بەڵام نەک ھەر نەگەشت، بەڵکو ئەو نۆکەندەشی داخست کە ١٢٪‏ی بازرگانی جیھانی تێدا دەکرێت و قوڕگی ئابووری جیھانە.

ئەڵقەی پێکەوەبەستنی جیھان
نۆکەندی سوێس کە ساڵی ١٨٥٩ دەست بە دروستکردنی کرا و ١٠ ساڵ دواتر بە رووی کەشتییە بارھەڵگرەکاندا کرایەوە، خاڵی پێکەوە بەستنی دەریای سور و ناوەڕاست و ئەڵقەی پێکەوە بەستنی بازرگانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپایە.

نۆکەندەکە کە درێژییەکەی ١٩٣ کیلۆمەترە، نزیکترین رێگای پێکەوە بەستنی ئاویی نێوان ئاسیا و ئەوروپایە و ساڵانە ١٩ ھەزار کەشتی پێدا تێپەڕدەبێت.


تەنھا دوێنێ بەھۆی داخستنی گەرووی نۆکەندی سوێس لەلایەن ئێڤەر گیڤنەوە، نرخی نەوت ٤٪‏ بەرزبووەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ کاریگەری قورس و گرانی ئەم نۆکەندە لەسەر ئابووری و بازرگانی جیھان.

سەدان کەشتی چاوەڕوانن
ماوەی ھەفتەیەکە نزیکەی ٤٠٠ کەشتی بەھۆی ئێڤەر گیڤنەوە کە زیانی نۆ ملیار دۆلاری رۆژانە دەدات، لە گەرووەکەدا رێگایان لێگیرا و چاوەڕوانی تێپەڕین بوون.

لەگەڵ ئەوەی حکومەتی میسر و بەرپرسانی نۆکەندەکە رێگایان دا بەشێک لە کەشتییەکان لە رێگا کۆنەکەی نۆکەندەکەوە تێبپەڕن، بەڵام تاکو سەرلەبەیانیش ١٥٠ کەشتی لە ھەردوو بەرەکەی نۆکەندەکەدا ھەر لە چاوەڕوانی رزگارکردنی گیڤندا بوون تاکو لە ئەم رێگا سەرەکییەی گەرووەکەوە تێبپەڕن.

بەپێی زانیارییەکان ئەم ١٥٠ کەشتییە نەوت، کەلوپەلی ئۆتۆمبێل و پارچەی دیکەیان ھەڵگرتووە.

گەورەترین گیرخواردن
بەپێی تۆمارەکانی نۆکەندی سوێس، لە ساڵی ١٨٦٩وە تاکو ئێستا، ئێڤەر گیڤن، گەورەترین کەشتییە لە ئەم گەروەدا گیری خواردووە.

گیڤن درێژییەکەی ٤٠٠ مەتر و پانیەکەی ٥٩ مەترە، ئەمە لە کاتێکدا پانی گەرووەکە لە ئەم شوێنەدا ٢٠٠ مەترە، بۆیە کەشتییەکە گیری خوار و بەر راستی گەرووەکە کەوت.

رزگارکردنی کەشتییەک
بۆ رزگارکردنی کەشتییەکە، کۆمپانیای (Bernhard Schulte Shipmanagement) کە بەرپرسی چاودێریکردن و کاری تەکنیکی کەشتییەکەیە، نۆ بزوێنەری رەوانەی ناوچەکە کرد.

پڕۆسەی رزگارکردنەکە بەم جۆرە بووە؛ ھەوڵ دەدرێت لە رێگەری بزوێنەرەکانەوە، کەشتییەکە لەسەر لمە کەڵەکەبووەکانی ھەردوو بەرەکەی نۆکەندەکە دووربخرێتەوە و رزگار بکرێت.

لە ھەمان کاتدا ھەوڵ دراوە، لم و قوڕی نیشتووی ژێر کەشتییەکە لە ھەردوو لاوە دەربھێنرێت تاکو کەشتییەکە زیاتر سەر ئاو بکەوێت.

کۆمپانیای (Boskalis)ی ھۆڵەندی بەرپرسی ئەم کارانەیە و لە رێگای حەفارە و ھاوشێوەکانییەوە ھەوڵی دەرھێنانی زۆرترین لم و قوڕ و لیتەی ژێر و دەورووبەری کەشتییەکە دەدات.

قۆناغی دواتر خاڵیکردنەوەی بەشێک لە بارە ٢٠٠ ھەزار تۆنییەکەی کەشتییەکە بووە.

کەشتی ئێڤەر گیڤن دەتوانێت ٢٠ ھەزار کۆنتێنەری شەش مەتری ھەڵبگرێت و بیگوازێتەوە.