ڕاپۆرتی جیهانی

11:02 - 02/04/2021

٢١ شەڕ لە ٢٠٢٠دا‌

پەیسەر

٢٠٢٠ ساڵێكی سەخت و دژوار بوو بۆ جیهان، ساڵی کۆرۆنا و گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس بوو. ئەوەی مایەی سەرنج بوو لە ئەم ساڵەدا کە جیهان لە بەردەم گەورەترین مەترسی کۆرۆنادا بوو، ٢١ جەنگ و شەڕی خوێناوی لە جیهاندا روویاندا. مرۆڤ هەم لەگەڵ ڤایرۆس هەم لەگەڵ خۆشیدا لەجەنگدا بوو.

ئەنیستیتوی نیودەوڵەتی (Heidelberg) بۆ لێکۆڵینەوەی جەنگی راپۆرتێکی لەبارەی ئەو جەنگ و پێکدادانە خوێناوییانەوە بڵاوکردووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ روویانداوە و ئاماژە بەوە کراوە تەنها لە ساڵی رابردوودا ٢١ جەنگ و شەڕ روویداوە.

بەپێی ئەو راپۆرتەی (Heidelberg) ئامادەی کردووە و ناوی "بارۆمەتری پێکدادانی ٢٠٢٠"ە، لە ساڵی رابردوو ٢١ شەڕ روویانداوە، کۆی ئەو شەڕانەشی لەنێوان گروپ، دەوڵەت و پێکهاتەکاندا روویانداوە گەیشتووەتە ٢٢٠ پێکدادان.

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵێک پێشتر واتە ٢٠١٩، تەنها ١٥ شەڕ روویدا بوو، واتە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ لە ساڵی ٢٠٢٠دا شەش جەنگ زیاتر روویانداوە.

بەپێی راپۆرتەکانی ئەنیستیتوی نیودەوڵەتی (Heidelberg) بۆ لێکۆڵینەوەی جەنگی، لە ساڵی ٢٠١٤ تاکو ئێستا، ساڵی ٢٠٢٠ زۆرترین جەنگی تێدا بووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو جەنگانەی لە ساڵی رابردوودا دەستیان پێکردووە یان پێشتر هەبوون و دیسان دەستیان پێکردووەتەوە، لە ئەم وڵاتانەدا روویانداوە، باشوری یەمەن، کاراباخ، کۆنگۆی دیموکرات، مۆزەمبیق، باشوری سودان و ئەتیوپیا.

ناوەندەکە دەڵێت، بەشێکی زۆری شەڕەکان لە وڵاتانی بیابانی باشوری کیشوەری ئەفریقان. ژمارەی شەڕەکان لە ئەم ناوچەیەدا لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە١١ شەڕ، پێنج دانە لە ئەم شەڕانە پێشتر هەبوون، بەڵام ساڵی رابردوو دیسان دەستیانپێکردووەتەوە.

لە رۆژهەڵاتی نزیک و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا لە وڵاتانی ئەفغانستان، لیبیا، سوریا، یەمەن و لەنێوان پەکەکە و تورکیا روویداوە.

پێکدادانەکانی سنوری ئۆکرانیا ئارامییان بە خۆیەوە بینی، بەڵام جەنگی خوێناوی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان بوو بە یەکێک لە شەڕە گەورەکانی ساڵی رابردوو کە هەزاران کەسی تێدا کوژرا و بە سەرکەوتنی ئازەربایجان کۆتایی هات.

جەنگی مادە هۆشبەرەکان
راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر شەڕەکان لە کیشوەری ئەمریکای باشوریش، بەڵام شەڕەکانی ئەم کیشوەرە زۆر جیاوازن، چونکە شەڕە لەپێناو مادە هۆشبەرەکان.

شەڕی مادە هۆشبەرەکان لە هەریەک لە بەڕازیل و مەکسیک پێشتر هەبوون، بەڵام لە ساڵی رابردوودا دیسان دەستیان پێکردووەتەوە.

کۆڵۆمبیاش لەو وڵاتانەیە کە ژمارەیک پێکدادانی قورس تێیدا روویانداوە.

راپۆرتەکە چوار شەڕی سنورداری لە ساڵی رابردوو لە هەریەک فلیپین و میانمار تۆمار کردووە، لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی شەڕەکانی ئەم ناوچەیە پێنج شەر بوون.

هۆکاری شەڕەکان
ئامادەکارانی راپۆرتەکە باسیان لە هۆکارەکانی شەڕەکانی ساڵی ٢٠٢٠ کردووە، لەوانەش؛ ئاینی، ئایدیۆلۆژی، ئەتنیکی، نەتەوەیی و ناکۆکی لەسەر خاک و ئاو.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بریتی بووە لە دەستگرتن بەسەر زۆرترین خاک و سەپاندنی هەژموون، بۆ نموونە شەڕی سوریا و کاراباخ.

شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا یەکێکە لەو شەڕانەی  کە هەموو ساڵەکان دووبارە دەبنەوە. پێکدادانەکانی نێوان تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش وەک بەشێک لە درێژکراوەی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا تەماشا دەکرێت.

ئەنیستیتوی نیودەوڵەتی (Heidelberg) بۆ لێکۆڵینەوەی جەنگی، لە ساڵی ١٩٩١ تاکو ئێستا و هەموو ساڵێک لەبارەی شەڕ، ناکۆکی و پێکدادانەکانی جیهانەوە راپۆرت ئامادە دەکات و لە هەموو جیهانەوە زیاتر لە ٢٠٠ پسپۆڕ بەشداری لە ئامادەکردنی راپۆرتەکان دەکەن.