ڕاپۆرتی جیهانی

09:37 - 03/04/2021

ئەوەی وترا راست دەرچوو؛ چین ئیگۆرەکان کۆمەڵکوژ دەکات‌

پەیسەر

ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی چین ئەوە پیشان دەدەن کە سیاسەتی زۆردارانەی حکومەتی پەکین دژی مسوڵمانەکانی ئەو وڵاتە کاریگەری زۆر قورس و مەترسیداری هەبووە. بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ژمارەی لەدایکبوون و گەشەی دانیشتوانی ناوچە مسوڵمانەکانی چین بە ئاستێکی مەترسیدار کەمی کردووە.

ئاماری مەترسیدار
ئامارەکانی ساڵی رابردووی هەرێمی شینگیانگی باکوری رۆژئاوای چین بڵاوکرایەوە، کە ناوچەی نیشتەجێبوونی مسوڵمانەکانی ئەو وڵاتەیە و بەپێی راگەیەندراوەکانی حکومەتی ئەمریکا لەژێر ستەم و چەوساندنەوەیەکی قورس و سەختدان.

بەپێی تۆماری ئاماری ساڵانەی چینی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کە نووسینگەی نیشتمانی بۆ ئامار ئامادە دەکات، تێکڕای لەدایکبوون لە ساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێمی شنگیانگ بۆ هەر ١٠٠٠ کەسێک ٨،١٤ بووە، ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٧ تێکڕای لەدایکبوون بۆ هەر ١٠٠٠ کەسێک ١٥،٨٨ بووە، واتە رێژەی لەدایکبوون لەنێو ئیگۆرە مسوڵمانەکانی چیندا بۆ نیوە کەمی کردووە.

هەر بەپێی ئامارەکەی حکومەتی چین، گەشەی دانیشتوان لەناو مسوڵمانە ئیگۆرەکاندا کەمیکردووە، گەشەی دانیشتوان لە شینگیانگ لە ساڵی ٢٠٢٠ بریتی بووە لە ٣،٦٩ لە کاتیکدا لە ساڵی ٢٠١٧ گەشەی دانیشتوان ١١،٤ بووە، واتە گەشەی دانیشتوان ٦٧٪ کەمی کردووە، ئەمەش دابەزینێکی زۆر گەورە و ترسناکە لە گەشەی دانیشتوانی مسوڵمانەکان.

لەگەڵ ئەوەی ئاستی لەدایکبوون لە هەموو ناوچەکانی چین کەمی کردووە، بەڵام ئەم کەمبوونەوەیە لە ناوچەی شینگیانگ لە هەموو ناوچەکانی دیکە مەترسیدارتر بووە، بەتایبەت لە باشوری شنگیانگ کە بە نزیکەیی هەموویان ئیگۆری مسوڵمانن.

بۆ نموونە لە پارێزگای خوتان کە ٩٧٪ی دانیشتوانەکەی ئیگۆرە، تێکڕای لەدایکبوون لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٨،٥٨ بووە بۆ هەر ١٠٠٠ کەسێک، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٧ تێکڕای لەدایکبوون بۆ هەر ١٠٠٠ کەسێک ٢٠٪ زیاتر بووە.

لەگەڵ ئەوەی چین پێی وایە ئەم کەمبوونەوەی تێکڕای لەدایکبوونەوە دەرئەنجامی سیاسەتی وڵاتە لەبارەی خێزانەوە، بەڵام ئەمریکا و وڵاتانی دیکە پێیان وایە ئەم کەمبوونەوەیەی تێکڕای لەدایکبوون و گەشەی دانیشتوانەی مسوڵمانەکانی چین، دەرئەنجامی سیاسەتی داپڵۆسێنەرانەی حکومەتی پەکینە دژ بە ئیگۆرەکان تاکو رێژەیان لە جیندا کەمبکاتەوە.

کۆمەڵکوژی
جوان سمیس  فینلی، پسپۆڕی کاروباری چین لە زانکۆی نیوکاسڵی بەریتانیا دەڵێت، حکومەتی چین نیگەرانە لە بەرزبوونەوەی گەشەی دانیشتوان لەناو کەمینەکان بەراورد بە کەمی گەشەی دانیشتوان لە ناو چینییەکانی وڵاتدا، ئەمە لە کاتێکدا هەموو پێکهاتەکان بە یەکەوە تەنها ٩٪ی دانیشتوانی چین پێکدەهێنن.


فینلی باس لەوە دەکات، حیزبی فەرمانڕەوا زۆر نیگەرانە لەوەی گەنجان منداڵی دووەم ناخەنەوە، حیزبی فەرمانڕەوا سورە لەسەر ئەوەی کە دووەم منداڵیش بخرێتەوە، چونکە دەستی کار کەمی کردووە و لە ساڵانی رابردووشدا ژمارەی دانیشتوانی ناو پێکهاتەکان زیادی کردبوو، ئەمەش ترسی خستبووە دڵی حکومەتی چینەوە.

 پاکتاوی ئیگۆر
چین ماوەی چەند ساڵێکە دەستی بە چەند پڕۆگرامێک کردووە کە هەموویان دژ بە ئیگۆرەکانی وڵاتەکەیە، لە هەموویان ترسناکتر "سەربازگەکانی ئامادەکردنەوەیە" کە تێیدا گەنجان و خەڵکی ئیگۆری تێدا ئامادە دەکرێتەوە و بەپێی ئامارەکانیش ژمارەی ئیگۆرەکانی ناو ئەم سەربازگانە زیاتر لە یەک ملیۆنن و لێرەدا راگیراون.

تاکو ئێستا چەندین جار ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رێکخراوەکانی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ رەخنەی توندیان لە مامەڵەی حکومەتی چین بەرامبەر مسوڵمانە ئیگۆرەکان گرتووە و بە کۆمەڵکوژی ناویان بردووە.

هەموو راپۆرتەکان ئاماژە بە ستەم و زۆرداریی حکومەتی چین دەدەن لە دژی ئیگۆرەکان، تەنانەت بەشێک لە راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن لە رێگەی دەرمان و پڕۆگرامی پزیشکیی تایبەتەوە کار لەسەر ژنە ئیگۆرەکان دەکرێت تاکو توانای منداڵبوونیان کەمبکەنەوە یان هەر لەناوی ببەن.

تیم جروس، پڕۆفیسۆری بەشدار لە لیکۆڵینەوەکانی تایبەت بە چین لە (Rose-Hulman Institute of Technology) دەڵێت، بەڵگەمان لایە کە ئەو خێزانانەی لە سنوری رێگەپێدراوی حکومەت زیاتر منداڵیان دەبێت، رووبەڕووی زیندانیکردن دەبنەوە.

لە بەرامبەردا حکومەتی چین سەرجەم تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، سەربازگەکانی ئامادەکردنەوە بۆ دەبازکردنی خەڵکە لە هەژاری و پەروەردە و راهێنانیشیان بۆ دابین کراوە.

فینلی بە پێچەوانەی حکومەتی چین باسی سەربازگەکانی ئامادەکردنەوە دەکات و ناوی لێدەنێت "سەربازگەکانی دەستگیرکردن و سزادان."