ڕاپۆرتی جیهانی

09:40 - 03/04/2021

كیشوەری ئەفریقا لە ستراتیژیەتی ئیدارەكەی بایدن دا؛ ئایا هەڵەكانی پێشوو پینەدەكات؟‌

پەیسەر

گۆڤاری –فورین بولیسی- ڕاپۆرتێكی  لینسی شوتل- شارەزا لە كاروباری ئەفەریقا بڵاوكردووەتەوە تیایدا باس لە گۆڕانكارییەكانی كیشورەی ڕەش دەكات لە سایەی ئیدارەی جۆبایدن –سەرۆكی نوێی ئەمەریكا-دا و بەراوردی كردووە بە سەردەمی دۆناڵد ترامپ، جەخت دەكاتەوە كە بایدن بە پێچەوانەی پێش خۆی بایەخی زۆربەو كیشوەرە دەدات و بە دووریشی نازانێت بە هۆی دواكەوتوویی ئەو كیشوەرەوە لە ڕووی ئابوورییەوە دووچاری كێشەی گەورە ببێتەوە و بكەوێتە نێو ململانێی توندەوە.

بایدن سیاسەتەكانی ترامپ لە ئەفەریقا ڕاستدەكاتەوە:
نوسەری ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات ترامپ هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونیەوە بە وشكی و كەم بایەخی مامەڵەی لەگەڵ ئەو كیشوەرە كردووە، ئەگەر لە شوێنێكیشدا باسی لەو كیشوەرە كردبێت بە جۆرێك باسی كردووە كە وەك نوكتەو پێكەنین و گاڵتەجاڕیی بووەو لەسەر ئەو بنەمایەش سیاسەتی درەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان داڕێژراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەی ترامپ پێشوازیی لەسەرانی ئەفەریقی كردووە، هۆكارەكەشی ئەمنی بووە، لە هەمان كاتیشدا ترامپ بۆ ئەو كیشوەرە پربایەخە یەك هەنگاوی كرداریی نەهاویشتووە، بەڵام پێدەچێت ئیدارەی نوێ بە پێچەوانەوە بێت و كیشوەری ئەفەریقا لە سەر مێزی ئیدارەكەی جۆ بایدن بایەخی هەبێت و بیانەوێت گۆڕانكاریی لەو سیاسەتانەدا بكەن كە ترامپ و ئیدارەكەی دایانڕشتبوو.

سەرەتایەكی باش:
خانمە نوسەرەكە باس لەوە دەكات كە وەزیری دەرەوەی ئیدارەكەی جۆ بایدن –ئەنتۆنی بلینكن- لە وتەیەكدا نەخشە ڕێگای وەزارەتەكەی خستووەتە ڕوو كە گوتوویەتی: زۆر بە سانایی لە چوار ساڵی داهاتوودا بە چاوێكی ترەوە سەیری جیهان دەكەین، جیاواز لە چوارساڵی ڕابوردوو.
وەك شارەزایان باسی دەكەن سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكەی بایدن خزمەتی چینی ناوەند دەكات، هەروەها كار بۆ ئەوە دەكات كۆدەنگی نیشتیمانی دروست بكات، بۆ كێشە چارەنووس سازەكان و هەموو ئەو كێشانەی كە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە، بەشێوەیەك ئەوانەی كە لەچوار ساڵی سەردەمی ترامپدا فەرامۆش كرابوون لەم ئیدارەیەدا دەیانەوێت بایەخی بۆ بگێرنەوە، یەكێك لەوانەش كیشوەری ئەفەریقایە.
شارەزایان باسیان لەوە كردووە كە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان 8 تەوەری سەرەكی خستوەتە سەر مێزەكەی بایدن و دەیەوێت وەك نەخشە ڕێگا كاریان لەسەر بكات، لەناویاندا، دۆسیەی كۆچبەران، پەتای كۆرۆنا، پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین، ئاسایشی ئەلیكترۆنی، كەش و هەوا، گەشەكردنی دیموكراسیەت، نوێكردنەوەی هاوپەیمانیەكان، كێشەكانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتیمانی.
بۆ ئەو مەبەستە كیشوەری ئەفەریقا بەیەكێك لە پێگە سەرەكییەكانی ئاسایشی دادەنرێت و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە كێشە ئاسایشییەكانەوە هەیە و ئەو كیشوەرە لەڕیزبەندی پێشەوەی هەموو ئەو كێشانەوە بووە كە لە جیهاندا روویانداوە.

پرۆسەكە لە ئەسیوبیاوە دەست پێدەكات:
ئەو خانمە نووسەرە باس لەوە دەكات كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە لە ولاتی ئەسیوبیا كێشەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ زۆر زەق بووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كە ئەمەریكا چیتر بێدەنگی هەڵنەبژێرێت و گوێ لە هاواو ناڵەی مرۆڤەكانی ئەو وڵاتە كەڕبكات، ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بێ بایەخییەی ئیدارەكەی ترامپ لەماوەی چوار ساڵی دەسەڵاتیاندا پەیڕەویان كردووە، هەر بۆیە لە هەفتەی ڕابوردوودا سیناتۆری نزیك لە خودی بایدن- كریس كونز –یان ڕەوانەی ئەو وڵاتەكردووە، ئەو نیگەرانی قووڵی خۆی گەیاندووەتە سەرۆك بایدن لەبارەی پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ لە –تیگرای- هەروەها مەترسییەكانی ئەو بابەتەی بۆ سەرۆك ڕوونكردووەتەوە كەچۆن كاریگەری دەبێت لەسەر نائۆقرەیی و نەمانی ئارامی لەو كیشوەرەدا.

ناوچەی قۆچی ئەفەریقی:
كاتێك باس لە گرنگی و بایەخی ئەفەریقا دەكرێت لە ئیدارەی بایدن دا، قسە دەێتە سەر ئەوەی كە سەرۆك –جیفری فیلتمان- ی وەك نوێنەری تایبەتی خۆی دیاریكردووە بۆ كاروباری ئەو ناوچەیەی كە پێی دەگوترێت - Horn of Africa - قەڕنی ئەفەریقی یان قۆچی ئەفەریقی، كە بە نیمەچە دوورگەی ئەفەریقیش بەناوبانگەو هەریەك لە وڵاتانی (جیبۆتی، سۆماڵ، ئەریتریا و ئەسیوبیا  دەگرێتەوە)، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لەو بارەیەوە گوتوویەتی: ئەو شوێنە جێگەی بایەخی ئێمەیە لە بواری ئاسایش، تەندروستی، كەش وهەوا، ئازادیی، پەرەپێدانی دیمەكراسیەت و هەلی یەكسان بۆ هەموو كەس و لایەنێك، ئەوەی كە پەیمان پێداون دەیبەینە سەر، بێگومان هەموو ئەو بنەمایانەی كە دیاریمان كردووە كاریان لەسەر بكەین بۆ ناوچەی نیمەچە دوورگەی ئەفەریقی دێتە جێبەجێكردن.
هەرچەندە باس لەوە نەكراوە وردەكارییەكانی ئەمەریكا لە وڵاتێكی وەكو سۆماڵ چی دەبێ، بەو پێیەی كە ئەو وڵاتە گەورەترین حیزبی ئیسلامی –حركة الشباب-ی لێیە و ترماپ لەبری ئەوەی ئەو گروپە لە قاڵب بدات، كەچی لە كۆتا رۆژەكانی دەسەڵاتیدا 700 سەربازی ئەمەریكی كشاندووەتەوە.
نوسەری ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە مانگی كانوونی دووەم دا لە سۆماڵ لە كاتێكدایە كە پشێوی سیاسی و ئەمنی زۆر لەو وڵاتەدا پەرەی سەندووە، هەموو ئەوانەش بوونە هۆی ئەوەی نەتوانرێت لە مانگی شوباتی پێشوودا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بۆ كاتێكی دیكەی نەزانراو دوابخرێت.

بە عێراقی كردنی كێشەی ئەفەریقا:
نووسەر ڕەخنە لەوانە دەگرێت كە پێیان وایە بوون و هەژموونی ئەمەریكا لە هەرەباشووری ئەفەریقا –مۆزەمبیق و كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی- بووەتە هۆی كێشەی ئەمنی، لەمانگی پێشوودا چەند گروپێكی یاخی بووی ئەو ناوچەیەی خستە لیستی تیرۆرەوە بەو پێیەی پەیوەندییان بە ڕێكخراوی داعشەوە هەبووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەمەریكیەكان زیاتر دەستكراوەتر بن و بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆرلە هێزە ئەمنیەكانی مۆزەمبیق لەسەردەستی پسپۆڕانی ئەمەریكیدا سەرقاڵی ڕاهێنان و پرۆڤەكردنن.
ئەم كارەش لای بەشێكی زۆر لە شرۆڤەكارانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بووەتە كێشەو پێیان وایە مۆزەمبیق لەسایەی سیاسەتی ئەمەریكادا دەبێت بە عێراقێكی تر، لەبەر ئەوەی سوپای ئەمەریكا گوێی بەو ڕاستییە كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاینیانە نەدا كە كۆمەڵگەی عێراقی لەسەر بونیاد نرابوو،  هەربۆیە پێیان وایە لەنێوان توندو تیژیی و گەشەی داعشدا پەیوەندی ڕاستەوخۆ هەیەو بەپێیەش تا توندوتیژییان لەبەرامبەردا بكرێت، ئەوان زیاتر گەشە دەكەن و چالاكییەكانیان زیاتردەكات. ئەو ئەزموونەش پێشتر تاقیكراوەتەوە.

هێزی نەرم:
نوسەرباس لەوە دەكات ئەوەی جێگەی سەرنجە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە كیشوەری ئەفەریقادا تەنها جەخت لەسەر چالاكییە سەربازیی و ئەمنیەكان دەكاتەوە، بابەتە ئابورییەكان كەمتر بایەخی پێدراوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە هاوكارییە مرۆییەكان كارێكی ئێجگار پێویستە كە ئەمەریكا پەنای بۆ ببات، بەو پێیەی كە ئەو كیشوەرە هەژاری زۆری تێدایەو بە پێداویستی یەكەم دێتە ئەژمار.
سەرەڕای ئەوەی جۆرج بۆشی كوڕ لەئەفەریقا یاسای گەشەسەندن و هەلی كاری پەیڕەو دەكرد و لەو میانەیەشدا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی نەخۆشی ئایدز هاوكاریی زۆر گەوەری ئەو كیشوەرەی كرد، ئۆباماش پشتیوانی سەركردە ئەفەریقیەكانی بە باشی كرد، بەتایبەت گەنجەكانیان، تەنانەت ترامپیش ویستی كارێكی لەبەرچاویان بۆ بكات، بەڵام كاتی بەدەستەوە نەماو كارلەكار ترازا، ئەو دەیویست ئەفەریقا بكاتە ناوەندێكی بازرگانی و لەو ڕێگەیەوە سەرنجی جیهانی بۆ ڕابكێشێت كە كارە بازرگانیەكانیان بخەنە ئەو كیشوەرەوە بەتایبەتی كە چواردەوریی بە ئاو گیراوە. هەرچەندە چین دەستپێشخەرییەكی لەو شێوەیەی پێشكەش كرد، بەڵام دادی كیشەكانی ئەفەریقای نەدا.
بەڵام ئەم كارە كاتێك لای ئەمەریكیەكان بایەخی زۆری بۆ گەڕایەوە كاتێك بوو كە چینیەكانیان لەوناوچەیە بینی، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە لەو كێشەو بەرامبەركێیانەدا بەرژەوەندی ئەفەریقیەكان ، یان بەرژەوەندی ئەوان نەبووەتە هۆی باشی و ئاسایی بوونەوەی نێوان پەكین و واشنتۆن و بگرە بە پێچەوانەشەوە.
ئەگەر ئۆباما پشتی سەركردە گەنجەكانی وڵاتانی ئەفەریقای گرتبێت، ئەوا بەپێچەوانەوە ترامپ لەنێو سیستەمە دیكتاتۆرەكانی ئەفەریقادا لایەنگری هەبووە، وەك ئەو نوسەرەش باسی دەكات بایدن دەیەوێت گرنگی بە كیشوەری ئەفەریقا بداتەوە لەڕێگەی بوژاندنەوەی ئابوورییەوە كە بەهۆی كێشەو شەری ناوخۆیی و گروپە توندڕەوەكانەوە زیانیان بەركەوتووەو دەیەوێت كۆتایی بە ململانێ ناوخۆییەكانی ئەو كیشوەرە بهێنێت.