ڕاپۆرتی جیهانی

11:47 - 13/04/2021

نەبوونی کورسی کێشەکانی تورکیا و ئەوروپا قوڵتر دەکاتەوە‌

پەیسەر

دانەنانی کورسی تایبەت بۆ ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکەی ئەنقەرەدا، گرژی خستە نێوان ئەنقەرە و برۆکسل، ڤۆن دێر لاینیش بۆ یەکەم جار قسەی کرد و رایگەیاند، جارێکی دیکە رێگە بە شتی وەھا نادات.

قەیرانی کورسی
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بۆ یەکەم جار لەبارەی دانەنانی کورسی بۆی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا قسەی کرد.

ئورسولا ڤۆن دێر لاین دوای ھەفتەیەک لە رووداوەکە لەگەڵ چارلس میشێل کۆبووەوە و رایگەیاند، "جارێکی دیکە بە ھیچ جۆرێک رێگە بە دۆخی وەھا نادەم"

ھەردوو بەرپرسەکەی یەکێتی ئەوروپا دوێنێ سێشەممە لە شاری برۆکسل کۆبوونەوەتەوە و باسیان لە بابەتە رۆتینییەکانی یەکێتییەکە کردووە.

رووداوی لەم جۆرە دووبارە نابێتەوە

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، ئورسولا ڤۆن دێر لاین لەگەڵ چارلس میشێل جارێکی دیکە نیگەرانی خۆی لەبارەی دانەنانی کورسی تایبەت بۆی و ناچاربوونی بەوەی لەسەر قەنەفەی ھۆڵی کۆبوونەوەکە دابنیشێت دەربڕیوە و وتویەتی جارێکی دیکە بە ھیچ جۆرێک رێگە بە دووبارەبوونەوەی دۆخی وەھا نادات.

لە کۆبوونەوەکەدا میشێل دڵنیایی بە لاین داوە و جگە لە دووبارە پیشاندانەوەی خەمباری خۆی بە رووداوەکە، دڵنیایی داوە کە ھەرگیز رووداوی لەم جۆرە دووبارە نابێتەوە.

وتەبێژێکیش بە ناوی کۆنسەی ئەوروپاوە رایگەیاندووە، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممەی چارلس میشێل لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا میشێل جارێکی دیکە نیگەرانی قوڵی خۆی لەبارەی رووداوەکەوە دەرببڕێت.

خەوی شەوانی تێکچووە
لە دوای رووداوەکەوە، چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لە چەند چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەکاندا نیگەرانی قوڵی خۆی لەبارەی دانەنانی کورسی بۆ ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا.

میشێل وتبووی، بەھۆی رووداوەکەوە خەوی شەوانی تێکچووە و دیمەنەکانی رووداوەکەوە بەردەوام لە سەریدا دێت و دەچێت.

لەگەڵ روونکردنەوەکانی میشێلدا، ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات، لە سەردانەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا، کەسی یەکەم چارلس میشێلی سەرۆکی ئەنجومەنەکە دەبێت، بەڵام کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئەم بۆچوونە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتییەکە و سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتییەکە لە سەردان و پرۆتۆکۆڵەکاندا ھەمان پێگەیان ھەیە.

چی روویدابوو؟
رۆژی ٦ی نیسانی ٢٠٢١، لە بەشتەپەی شاری ئەنقەرە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا و یەکێتی ئەوروپا ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوکەدا ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا بەشداربوون.

دواتر دیمەنێکی کۆبوونەوەکە ھەموو میدیاکان و دواتر بەرپرسانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپای بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد.

لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێت کە ھەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئورسولا ڤۆن دێر لاین و چارلس میشێل دەچنە ھۆڵی کۆبوونەوەکەوە، ئەردۆغان و میشێل لە سەرەوەی ھۆڵەکە لەسەر دوو کورسی دادەنیشن و کورسی بۆ ئورسولا ڤۆن دێر لاین دانەنرابوو، بۆیە بۆ ساتێک دەوەستێت و کە دەبینێت کورسی نۆ دانەنراوە ناچار دەبێت لەسەر قەنەفەی ھۆڵەکە دابنیشێت.

دوای دروستبوونی ناڕەزایەتییەکان مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کە لە کۆبوونەوەکەدا بەرامبەر لاین دانیشتبوو وتی، تورکیا بەپێی خواستی یەکێتی ئەوروپا پرۆتۆکۆڵەکەی رێکخستووە.

دواتریش سکرتاریەتی گشتیی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە کرد، لە ماوەیەکی کورتدا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن، بەڵام لایەنی تورکی رێگەیان پێنەداون ژوورەکانی کۆبوونەوە و نان خورادن ببینن، ئەگەرنا پێشنیاریان دەکرد قەنەفەکان بکرێن بە دوو کورسی تاکو ئورسولا ڤۆن دێر لاین لەسەر یەکێک لە کورسییەکان دابنیشێت.

لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی تورکیا رەتیدەکەنەوە ھەڵەکە بە مەبست بووبێت و تاوانی ئەوانی تێدا بووبێت، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا بە توندی رەخنەیان لە حکومەت و شاندی تورکی گرت.