ڕاپۆرتی جیهانی

11:26 - 14/04/2021

هەواڵگری ئەمریکا باس لە دوو بەڵاکەی سەریان دەکات؛ چین و روسیا‌

پەیسەر

دەزگای هەواڵگری ئەمریکی راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکردەوە، کە ساڵی یەکەمی ئیدارەکەی جۆ بایدنە، دوو گەورەترین سەرچاوەی هەڕەشەش روسیا و چینی رکابەری ئەمریکان.

چین و روسیا
راپۆرتەکە رۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە و بە وردی باس لەو مەترسییانە دەکات کە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکان، لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەکانی ئەم هەڕەشانە جۆربەجۆرن، بەڵام گەورەترینیان ئەو چەپۆکانەن لە مۆسکۆ و پەکینەوە دێن و بەر کەلەی واشنتن دەکەون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەوڵەکانی چین کە دەیەوێت ببێت بە هێزێکی جیهانیی گەورەترین مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و کۆششی روسیاش کە خۆی بە هێزێکی سەرەکی جیهان دەزانێت ئامانجەکەی کەمکردنەوەی هەژموونی ئەمریکایە، ئەمەش دیسان هەڕەشەیەکی دیکەی گەورەیە.

هەڕەشەکانی ساڵی ٢٠٢١
راپۆرتەکە بۆ هەڵسەنگاندنی هەڕەشەکانی ساڵی ٢٠٢١ی سەر ئەمریکایە و بۆچوون و شیکردنەوەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکای لەخۆگرتووە، ئەم هەڕەشانەش بۆ جۆ بایدن ئاسان و بچوک نین، بەتایبەت کە ئیدارەکەی لە ئێستادا سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە وڵاتەکەی شەکەت و ماندوو کردووە.

ئامادەکارانی راپۆرتەکە، سەرەڕای باسکردنی هەڕەشەکانی پەکین و مۆسکۆ لەسەر واشنتن، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران و کۆریای باکور هێشتا دوو سەرچاوەی دیکەی هەڕەشەن بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

راپۆرتەکە بۆ ئیدارەکەی جۆ بایدن گرنگە، چونکە ئەم هەڕەشانە بۆ سەر ئەمریکا کاری تیمەکەی بایدن سەختتر دەکەن، ئەگەر ئیدارەکانی پێشوو تەنها سەرقاڵی ئەم مەترسییانە بووبن، ئەوا ئەم ئیدارەیە هێشتا گیرۆدەی پەتای کۆرۆنان و دەیانەوێت بەسەریدا زاڵ ببن.

رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە گفتوگۆکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران بۆ ئەم راپۆرتە تەرخان کراوە کە رەوانەی کۆنگرێسی ئەمریکا کراوە.

راپۆرتەکە پەیوەست بە بابەتەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ یەکەم جار و دوای دەستبەرکابوونیان، بڕیارە هەریەک لە (Avril Haines) بەڕێوەبەری هەواڵگریی خۆجێی و (William J. Burns) بەڕێوەبەری هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا وتاری خۆیان پێشکەش بکەن.

مەترسییەکانی چین
لەبارەی مەترسییەکانی چینەوە، راپۆرتەکە نووسیویەتی، حزبی شیوعی فەرمانڕەوا هەوڵەکانی حکومەتی بۆ فراوانکردن و بەهێزکردنی هەژموونی وڵاتەکەی لە جیهان و کەمکردنەوەی هەژموونی ئەمریکا چڕکردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکەی هەواڵگری ئەمریکا، حکومەتی چین هەوڵ دەدات ناکۆکی بخاتە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تاکو هەژموونی واشنتن لە ئاستی جیهنادا لاواز بکات، ئەمە جگە لەوەی هەوڵ دەدات رووی رژێمەکەی خۆی لە چاوی جیهاندا جوان بکات.

لەگەڵ ئەوەی راپۆرتەکە باس لە پلان و هەوڵە بەردەوامەکانی چین دژی ئەمریکا دەکات، لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکردەکانی چین دەیانەوێت ئەو هەلانە لەدەستدەن کە وا دەکەن گرژییەکانی نێوانیان لەگەڵ ئەمریکا کەمببێتەوە.

لەبارەی توانا گەورەکانی چینەوە ئامادەکارانی راپۆرتەکە هۆشداری دەدەن و باس لەوە دەکەن کە چین لە بواری هێرشی ئەلکرۆنیدا توانایەکی گەورەی هەیە و لە توانایاندایە بە شێوەی سنوردار و کاتی ژێرخانە زیندووەکانی ئەمریکا بوەستێنن.

مەترسی روسەکان
راپۆرتە هەواڵگرییەکەی ئەمریکا بە وردیش باسی لە هەڕەشە و مەترسییەکانی روسەکان لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە.

هەواڵگری ئەمریکا دەڵێت، روسیا هەوڵ دەدات هەژموونی ئەمریکا کەم بکاتەوە و ناکۆکی و لێکترازن بخاتە نێوان وڵات و هاوپەیمانییەتییەکانی نێوان رۆژئاواییەکان، ئەمە لە کاتێکدا روسیا توانای هەیە لە ئاستی جیهاندا رووداو دروست بکات و وەک لایەنی سەرەکی جیهان کاریگەری دابنێت و سەرچاوەیەکی سەرەکی هەڕەشەی ئەلکترۆنیشە.