ڕاپۆرتی جیهانی

01:10 - 17/04/2021

داخستنی دەریای رەش و دەرکردنی دیپلۆماتکارەکان؛ روسیا چۆن وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە؟‌

پەیسەر

لەگەڵ ئەگەری کۆبوونەوەی جۆ بایدن و ڤلادیمێر پوتن، ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و روسیا پەرەدەسێنن، واشنتن بەردەوامە لە سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا و مۆسکۆش جگە لە دەرکردنی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان چەکی داخستنی دەریای رەشی بەدەستەوەیە.

رۆژی هەینی روسیا داوای لە ١٠ دیپلۆماتکاری ئەمریکی کرد خاکی وڵاتەکەی بەجێبهێڵن و بڕیاریشیدا دەریای رەش بە رووی کەشتییە جەنگییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا دابخات، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ دەرکردنی چەند دیپلۆماتکارێکی روس لەلایەن ئەمریکا و بانگکردنەوەی باڵیۆزی ئەمریکا بۆ واشنتن.

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیاش رەزامەندی لەسەر سزاکانبۆ سەر ئەمریکا دەربڕی کە بەشێکە لە کۆمەڵێک سزای گەورە و فراوانتر و وەڵام و تۆڵەی مۆسکۆن بۆ سزاکانی واشنتن.

لەگەڵ ئەوەی روسیا زۆر خێرا وەڵامی سزاکانی ئەمریکای دایەوە، بەڵام دەرگای گفتوگۆ و رێککەوتنی دانەخستووە و پیشنیارەکەی جۆ بایدنیشی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن رەتنەکردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئێستا کاتی ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیڕەوی لە لۆژیکی ئاشتیانە بکات و روو لە رووبەڕووبوونەوە نەکات، ئەگەرنا بڕیاری بە ئازار دژی ئەمریکا دەدەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، روسیا چەند هەڵبژاردەیەکی لە بەردەستدایە بۆ زیانگەیاندن بە ئابووریی ئەمریکا و کەمکردنەوەی ژمارەی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لە وڵاتەکەی بۆ ٣٠٠ کەس، بەڵام لە ئێستادا ئەم هەنگاوەیان وەستاندووە.

روسیا لەگەڵ دەرکردنی ئەمریکییەکاندا، بڕیاری دا پێنج دیپلۆماتکاری پۆڵەندی دەربکات، چونکە لەگەڵ بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ سزادانی روسیا، پۆڵەنداش سێ دیپلۆماتکاری روسیای لە وڵاتەکەی دەرکردبوو.

لای خۆشیەوە وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، لە ٢٤ی نیسان تاکو ٣١ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، جوڵەی کەشتییە سەربازی و فەرمییەکانی بیانییەکان لە سێ ناوچەی ئاویی قرم رادەگرێت کە کەوتوونەتە رۆژئاوای قرمەوە.

لە وەڵامی بڕیارەکەی روسیادا، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، بڕیارەکەی مۆسکۆ لەبارەی راگرتنی جوڵەی کەشتییەکان لە نزیک نیمچە دورگەی رقم، زیان لە سەقامگیرییی ئۆکرانیا دەدات و هێزەکانیشیان لەم ناوچەیەدا بە شێوەیەکی رۆتینی چالاکییان هەیە.

جۆن کیربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیارەکەی روسیا بۆ راگرتنی جوڵەی کەشتییەکان ئارامی ئۆکرانیا تێکدەدات و داواشی لە مۆسکۆ کرد، واز لە هەڕەشەکردن لە کەشتییە بیانییەکان لەو ناوچەیدا بهێنێت و بڕیاری دانانی هێزی سەربازیش لە سنوری ئۆکرانیا رابگرێت.

وتەبێژەکە جەختیکردەوە، سەرەڕای بڕیارەکەی روسیا، لە چالاکییە رۆتینییەکانیان لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبن و کەشتییەکان لە جوڵە بەردەوام دەبن.

رۆژی هەینیش هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) نیگەرانی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی روسیا دەربڕی.

(Oana Lungescu) وتەبێژی ناتۆ لە بەیاننامەیەکی نووسراودا داوای لە روسیا کرد رێگا بە هاتوچۆی کەشتییەکان لەو ناوچەیە بدات.

وتەبێژەکەی ناتۆ جەختیشیکردەوە، بڕیارەکەی روسیا بۆ رێگریکردن لە کەشتییە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا کارێکی ناڕەواتە و هەڵوێستی روسیا بۆ تێکدانی سەقامگیری پیشان دەدات، ئەمە لە کاتێکدایە لەوەتەی روسیا بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی بەسەر ئەم ناوچەیەدا گرتوو، هێزی سەربازی خۆی لەم نیمچە دورگەیەدا زیاد کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵەکانی روسیا بۆ زیادکردنی بوونە سەربازییەکەی لە قرم و دەریای رەش، هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر سەربەخۆیی ئۆکرانیا و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە، بۆیە پێویستە لەسەر روسیا بە پەلە گرژییەکان کەم بکاتەوە و رێز لە پابەندییە نێودەوڵەتییەکان بگرێت. جەختیش دەکەنەوە کە ئەندامانی ناتۆ بە هیچ جۆرێک دان بە رەوایەتی نایاساییانەی روسیا لە قرمدا نانێن.

وتەبێژەکەی ناتۆ جارێکی پشتیوانی رێکخراوەکەی بۆ سەروەری و ئاسایشی ئۆکرانیا دووپات کردەوە.

ئەم گرژییانەی مۆسکۆ و واشنتن لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی بایدن باسی لە گفتوگۆی لوتکەی خۆی و پوتن کرد پەیوەندییەکانی روسیا و ئەمریکا باشییەکی رێژەیی بەخۆیەوە بینی.

ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، سزاکانیان بۆ سەر روسیا لەبەرامبەر دەستوەردانەکانی مۆسکۆیە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، دزەکردنی ئەلیکترۆنی و هەڕەشەکردن لە ئۆکرانیا.