ڕاپۆرتی جیهانی

09:42 - 19/04/2021

ناڤالنی لە بەردەم مەترسی مەرگدا‌

پەیسەر

پزیشکانی روسیا لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەلێکسی ناڤالنی هۆشداری دەدەن و باس لەوە دەکەن رۆژ بە رۆژ باری تەندروستی ناڤالنی خراپتر دەبێت، دواین راپۆرت و ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکانیش ئەوە پیشان دەدەن کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا گیان لەدەستبدات.

ئەگەری گیانلەدەستدان
ئەلێکسی ناڤالنی ماوەی سێ هەفەتەیە لە زینداندا مانی لە خواردن گرتووە و لەبەردەم ئەگەری تێکچوونی تەواوەتی باری تەندروستی و گیانلەدەستداندایە.

یەکێک لە پزیشکەکانی ناڤالنی بە ناوی (Yaroslav Ashikhmin) کە لە بواری نەخۆشییەکانی دڵدا پسپۆڕی هەیە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، ئەنجامی پشکنینەکانی ناڤالنی دەریانخستووە کە ئاستی پۆتاسیۆمی زۆر بەرزبووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا توشی نۆبەی دڵی بکات.

پزیشکەکە بە باسکردن لە پشکنینێکی دیکەی ناڤالنی هۆشداری دەدات و دەڵێت، بەپێی ئەنجامی پشکنینەکان، ئاستی کریاتین لە جەستەی ناڤالنیدا زۆر بەرز بووەتەوە، ئەمەش مەترسیدارە و دەکرێت ببێتە هۆی وەستانی گورچیلەکانی و بەمەش رووبەڕووی مردنی بکاتەوە.


(Anastasia Vasilyeva) کە پزیشکی تایبەتی ناڤالنییە و لە هەمان کاتیشدا سەرۆکی سەندیکای هاوپەیمانی پزیشکانی روسیایە، لە تویتەری خۆیەوە باس لە دۆخی تەندروستی ناڤالنی دەکات و ئەنجامی پشکنیەکانی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکات.

باس لەوەش دەکات، ئەنجامی پشکنینەکان مەترسیدارن و ئەگەر هەیە گورچیلەکانی بوەستێت.

چەند رۆژێکی ماوە
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی ئەوەی کە دەبێت بە خێرایی و بەپەلە پزیشک ناڤالنی ببینێت و چاودێری نەخۆشییەکانی بکات، داواکاریی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکەی کردووە.

داریای کچی ناڤالنیش لە تویتەری خۆیەوە داوای لە بەرپرسان کردووە کە رێگە بدەن پزیشکەکان باوکی ببینن.

یەکێکی دیکە لە کەسە دیارەکان لەبارەی تەندروستی ناڤالنییەوە هۆشداری داوە (Kira Yarmysh)ە کە لە ناڤالنییەوە نزیکە و سکرتێری رۆژنامەوانییەتی، لە هەژماری خۆیەوە لە فەیسبووک نووسیویەتی، ناڤالنی لە ماوەی سێ هەفتەی مانگرتنەکەیدا ١٥ کیلۆ کەمی کردووە.

کەسە نزیکەکەی ناڤالنی بە جدییەتەوە باس لە ئەگەری مەرگی سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکەی روسیا دەکات و ئاماژەی بەوە کردووە، "لە کاتێکدا خەڵک لە بەکارهێنانی وشەی مردن سڵ دەکەنەوە، ناڤالنی رووەو مەرگ دەچێت، چەند رۆژێکی ماوە. بابەتەکە تەنها بە کاتەوە بەستراوەتەوە، پارێزەرەکانیشی ناتوانن بیبینن و کەسیش نازانێت دۆخی چۆنە."
رووە و زیندان و مەرگ

ئەلیکسی ناڤالنی دیارترین کەسایەتی دیاری ئۆپۆزسیۆنی روسیا و دژبەری ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی وڵاتە. دوای ژەهرخواردکردنی کە کاریگەری کردە سەر سیستمی دەماریی، ماوەی پێنج مانگ لە ئەڵمانیا چارەسەری وەرگرت، دوای باشبوونەوەی و سەرەڕای ئەوەی دەیزانی دەستگیر دەکرێت گەڕایەوە روسیا، لە ١٧ی کانونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن پۆلیسی روسییەوە دەستگیرا و زیندانی کرا.

حکومەتی روسیا بە ژەهرخواردکردنی ناڤالنی تۆمەتبار دەکرێت و وڵاتانی رۆژئاواش داوای لێکۆڵینەوە دەکەن، بەڵام کۆشکی کریملن بە توندی سەرجەم تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، دوور و نزیک پەیوەندییان بە ژەهرخواردکردنی ناڤالنییەوە نییە.

بەشێک لەو پشکنینانەی لە تاقیگەکانی وڵاتانی ئەوروپا ئەنجام دراون پیشانی دەدەن کە سەرچاوەی ژەهرەکەی ناو جەستەی ناڤالنی روسیایە.

دوای دەستگیرکردنی لە روسیا، ناڤالنی دادگایی کرا و بە دوو ساڵ و نیو زیندانیی سزا درا.

مانگرتن
بەهۆی دروستبوونی ئازار لە پشتیدا و بێهەستیی لە قاچەکانیدا، ناڤالنی داوای بینینی پزیشکەکانی کردبوو، بەڵام داواکەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکەیەوە رەتکرایەوە.

بەهۆی رەتکردنەوەی داواکەیەوە، ئەلێکسی ناڤالنی، لە رۆژی ١٦ی ئازاری رابردووەوە دەستی بە مانگرتن کردووە.

رۆژی شەممە ٧٠ نووسەر و کەسایەتی دیاری جیهانی کە دیارترینیان بریتی بوون لە (Benedict Cumberbatch, Henry Louis Gates Jr., Orhan Pamuk, Vanessa Redgrave, J.K. Rowling) نامەیەکی کراوەیان ئاڕاستەی ڤلادیمێر پوتن کرد و داوایان کرد گەرەنتی ئەوە بدات کە بەپەلە چارەسەر بۆ ناڤالنی بکرێت.