ڕاپۆرتی جیهانی

12:04 - 20/04/2021

سەرکردایەتی ژن؛ لە مێرکڵەوە بۆ بایەربۆک‌

پەیسەر

دوای ماوەیەک لە چاوەڕوانی، پارتی سەوز، بۆ ھەڵبژاردنەکانی مانگی ئەیلول، "ئانەلێنا بایەربۆک"ی کرد بە کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران (راوێژکاری ئەڵمانیا)، بەم جۆرەش ژنە تەمەن ٤٠ ساڵەکە بە ھیوایەکی گەورەوە دەیەوێت جێگەی ئەنگێلا مێرکڵ بگرێتەوە.

پارتی سەوز بەبێ زەحمەتی و ناکۆکی، بڕیاریدا "ئانەلێنا بایەربۆک" بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٢٦ی ئەیلولی ئەمساڵ کاندید بکات، تاکو ببێت بە راوێژکاری ئەڵمانیا و جێگەی ئەنگێلا مێرکڵ بگرێتەوە کە رۆژ بە رۆژ ئاستە جەماوەرییەکەی لە دابەزینی بەردەومدایە.

بایەربۆک لە لەدایک لە ١٥ی کانونی یەکەمی ١٩٨٠ لەدایک بووە، واتە ھەمان ئەو ساڵەی پارتی سەوزی تێدا دامەزرا و ئێستا خۆی ھاوسەرۆکییەتی.

ھەر لە منداڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا بەشدارییان لە چالاکییەکاندا کردووە. باوک و دایکی لە چالاکییەکانی دژ بە وزەی ئەتۆمی بەشدارییان پێکردووە.

بایەربۆک دەڵێت لە منداڵییەوە دوو شت لە یادەوەریدا ماوەتەوە و ناسڕێتەوە؛ ئەو ئاوەی پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنییان لە کاتی خۆپیشاندانەکان بەکاریھێناوە دژیان و ئەو کێکەی لە منداڵیدا خواردوویەتی.
بایەربۆک بیروڕاکانی روون و ئاشکران و دیارترین دروشمیشی گۆڕانکارییە. دەشڵێت، "پاراستنی ژینگە ئەرکی ئەم نەوەیەی ئێستای منە" و گرنگی بە رێککەوتنی پاریس لەم بوارەدا دەدەن.

بایەربۆک یاسای تەواو کردووە، لەناو پارتەکەیدا خاوەن پەیوەندییەکی ناوخۆیی بەھێزە، وەک پسپۆڕی ژینگەی ناو پارتەکەی دەناسرێت و لە ساڵی ٢٠١٨وە تاکو ئێستا لەگەڵ رۆبەرت ھابێک ھاوسەرۆکی پارتی سەوزە.

بەپێی دواین راپرسییەکان پارتی سەوز خاوەن دەنگی ٢٢٪‏ی ئەڵمانییەکانە و لە دوای یەکێتی کریستیانەکانە (پارتی یەکێتی کریستیان دیموکرات و پارتی سۆشیاڵ کریستیان) دێت.

لە سەرەتای پەتای کۆرۆناوە خەڵکی ئەڵمانیا پێیان وابوو حکومەتی بلۆکی پارێزگار بە سەرۆکایەتی مێرکڵ سەرکەوتوو بووە و پشتیوانی ٤٠٪‏ی خەڵکی ھەبوو، بەڵام لە مانگەکانی دواتردا ئەم پشتیوانییە بۆ ٢٩٪‏ دابەزی.

لە ئێستادا بڕوا وایە پشتیوانی پارتەکانی دەسەڵات زیاتر دابەزیوە و تەنھا چوار تاکو پێنج خاڵ لەگەڵ پارتی سەوز جیاوازی ھەیە، ئەمەش بەھێزبوونی پێگەی سەوزەکان پیشان دەدات، بەھێزبوونێکی کە شانسی بردنەوەی بایەربۆک زیاتر دەکات.

سەوزەکان بۆ یەکەم جار و لە ساڵی ١٩٩٨ چوونە حکومەتی ھاوپەیمانییەوە و وەزیری دەرەوە بەر سەوزەکان کەوت.

سەوزەکان لە دوای چوونە ناو حکومەتەوە رووبەڕووی ناکۆکی ناوخۆیی بووە و ئەم ناکۆکییەش بەردەوام درێژەی کێشا.

ساڵی ٢٠١١ بۆ یەكەم جار لە ویلایەتی (Baden-Wurttemberg) پارتی سەوز پۆستی سەرۆک وەزیرانیان بەدەستھێنا.

بایەربۆک لە باڵی واقیعییەتی پارتەکەیەوە ھاتووە، بەڵام لە یەکخستنی گوتاری ھاوبەشی پارتەکەی و پێکەوە بەستنی باڵە جیاوازەکاندا توانایەکی بەرزی ھەیە.

لەگەڵ ئەوەی دەرئەنجامی راپرسییەکان لە بەرژەوەندی سەوزەکاندایە، بەڵام بردنەوەی جەنگی دەسەڵات بۆ سەوزەکان ئاسان و بێکێشە نییە.

یەکێک لە کێشە ھەرە گەورەکانی سەوزەکان ئەوەیە کە ژمارەی دەنگەکانی لە ھەڵبژاردنەکاندا کەنمترە لە ژمارەی دەنگەکانی لە راپرسییەکاندا، واتە سەوزەکان راپرسییەکان دەیانخاتە پێکەنین و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانیش ئازاریان دەدات.

ئەوانەی لە راپرسییەکاندا دەنگ بە پارتەکەی بایەربۆک دەدەن، لە رۆژی ھەڵبژاردندا بنەما ئابوورییەکان و پەیوەندییە نەریتییەکان بۆچوونیان دەگۆڕێت و پشت لە سەوزەکان دەکەن.

ئێستا دیار نییە، بایەربۆک چۆن دەتوانێت ھەمان دەنگی راپرسییەکان لە ھەڵبژاردنەکانی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ
بەدەستبھێنێت.

بایەربۆک رووی لە گەورەترین پۆستی ئەڵمانیایە و دەیەوێت ببێت بە راوێژکار، بەڵام رێگاکەی سەخت و گرانە، بە ھیوایەکی گەورەوە ھەنگاو دەنێت، بەڵام ئەوەی دوا بڕیار دەدات، ئەڵمانییەکانن.