ڕاپۆرتی جیهانی

11:48 - 21/04/2021

رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا؛ ئەو وڵاتانەی سیمبولی لەسێدارەدانن‌

پەیسەر

بەپێی دواین راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، لە پێشەوەی ھەموو ناوچەکانی جیھاندان لە جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان لە ساڵی رابردوودا.

لە راپۆرتەکەدا ھاتووە؛ لە پێنج وڵاتی پێشەوەی ریزبەندییەکەدا، چوار وڵاتیان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقادان، کە بریتین لە ئێران، میسر، عێراق و سعودیە.

راپۆرتەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کردووە، ٨٨٪‏ی ئەو لەسێدارەدانانەی لە ھەموو جیھاندا و لە ساڵی رابردوودا ئەنجامدراون لە ئێران، میسر، عێراق و سعودیە بوون.

ئەوەی گرفتی بۆ ژمارەکانی ئەم راپۆرتە دروستکردووە ئەوەیە کە باس لە ژمارەی لەسێدارەدانەکانی چین نەکراوە، کە بڕوا وایە تەنھا ساڵی رابردوو ھەزاران کەسی لەسێدارەدابێت و یەکەم وڵاتی جیھان بێت لە بڕی لەسێدارەداندا.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات، ئێران لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٢٤٦ کەسی لەسێدارەداوە، ١٠٧ کەسیش لە میسر بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە.

بەپێی راپۆرتەکە، عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بەسەر ٤٥ کەسدا جێبەجێکردووە.

سعودیەش کە بەردەوام لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە رووبەڕووی رەخنە دەکرێتەوە، لە ساڵی رابردوودا سزای لەسێدارەدانی بەسەر ٢٧ کەسدا جێبەجێکردووە.

ئەوەی جێگای سەرنجە بەرزبوونەوەی زۆر بەرچاوی بڕی لەسێدارەدانە لە میسر و بەپێی راپۆرتەکە، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئاستی لەسێدارەدان لە میسر سێ ھێندە بەرزبووەتەوە.

خاڵێکی دیکەی راپۆرتەکە کە جێگای سەرنجە ئەوەیە، بڕی لەسێدارەدانی تۆمارکراو لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا  ٢٥٪‏ کەمیکردووە، ئەمەش کەمترین بڕی لەسێدارەدانە لە ١٠ ساڵی رابردوودا.

لەکاتێکدا ژمارەی لەسێدارەدراوانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ساڵی ٢٠١٩ بریتی بووە لە ٥٧٩ کەس، لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەم بڕە بۆ ٤٣٨ کەس کەمیکردووە.

ھۆکاری کەمبوونەوەی لەسێدارەدان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، بریتییە لە کەمبوونەوەی لەسێدارەدان لە سعودیە و عێراق، چونکە بەپێی راپۆرتەکە، لە ساڵی رابردوودا بڕی لەسێدارەدان لە سعودیە ٨٥٪‏ کەمیکردووە و لە عێراقیش ژمارەی کە سێدارەدان بۆ نیوە کەمیکردووە.

ئەگەر وڵاتی میسر نەبوایە، ئەوا رێژەی لەسێدارەدان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیدەکرد، چونکە میسر بەردەوام سزای کەسێدارەدان زیاتر دەکات، ساڵی رابردوو ١٠٧ کەس بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، ئەمە لە کاتێکدا ساڵێک پێشتر واتە ٢٠١٩، لەم وڵاتەدا ٣٢ کەس لەسێدارەدرابوون.

بەم جۆرەش میسر سعودیەی تێپەڕاند و بوو بە سێیەم وڵات کە زۆرترین سزای لەسێدارەدان جێبەجێدەکات.

تەنھا لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەمی ساڵی رابردوودا، میسر ٥٧ کەسی لەسێدارەداوە، ئەمەش دوو ھێندەی لەسێدارەدراوانی ھەموو مانگەکانی ھەمان ساڵە.

ئێران پارێزگاری لە پلەی یەکەمی خۆی کردووە لە ژمارەی لەسێدارەدان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کە لانی کەم ٢٤٦ کەسی لەسێدارەداوە، لە ئاستی جیھانیشدا لە دوای چین پلەی دووەمی ھەیە.

خاڵێکی دیکە کە مایەی سەرنجە لە راپۆرتەکەدا ئەوەیە، قەتەر دوای ٢٠ ساڵ یەکەم سزای لەسێدارەدانی جێبەجێکردووە.

عومانیش لە دوای ٢٠١٥وە و بۆ یەکەم جارە چوار کەس لەسێدارەدەدات.

چین لەو وڵاتانەیە کە ژمارەی لەسێدارەدراوان لە نھێنییەکانی دەوڵەتە بۆیە بە روونی دیار نییە ژمارەی لەسێدارەدراوان لەم وڵاتەدا چەندە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تاکە شوێنە کە بەم جۆرە ژنان لەسێدارەدەدات.

لە ساڵی رابردوودا لەم ناوچەیەدا ١٦ ژن لەسێدارە دراو، کە نۆ ژنیان لە ئێران بوون، چواریان لە میسر، دوونیان لە میسر و دووانی دیکەشیان لە عومان بوون.