ڕاپۆرتی جیهانی

10:17 - 22/04/2021

دیکتاتۆرە ئازاکە؛ ئەو سەرۆکەی کوشتنی لە کورسییەکەی جیایکردەوە‌

پەیسەر

هاوڵاتیانی نجامێنا پایتەختی چاد چاویان لەسەر کۆشکی سەرۆکایەتی بوو، چونکە بڕیار بوو ئیدریس دیبی وتاری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتدا پێشکەش بکات و باسی پێنج ساڵی داهاتووی خۆی بکات، بەڵام شایی بوو بە شیوەن، چونکە تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵات گیانلەدەستدانی "سەرۆکی لە شەڕی دوژمنانی وڵات" راگەیاند.

لە شوانکارەییەوە بۆ سەرۆکایەتی
ئیدریس دیبی ئیتنۆ لە ساڵی ١٩٥٢ لە خێزانێکی شوانکارە لە ناوچەی ئینیدی لە باکوری چاد لەدایکبووە. لە قوتابخانەیەکی قورائانیدا دەست بە خوێندن دەکات، دواتر دەچێتە قوتابخانەی سەربازی لە نجامێنای پایتەخت، پاشان دەچێتە قوتابخانەی فڕۆکەوانی لە فەڕەنسا و دوای گەڕانەوەی بۆ چاد مۆڵەتی فڕۆکەوانی وەردەگرێت.

ئەو کاتەی دیبی دەگەڕێتەوە، چاد گیرۆدەی جەنگی ناوخۆیی بوو. دیبی لەگەڵ حسێن حیبری، هاوپەیمانی دەبەستێت کە یەکێکە لە فەرماندە دیارەکانی شەڕی ناوخۆ و سەرۆک وەزیرانی وڵاتیشە، حیبری بە هاوکاری دیبی لە ساڵی ١٩٨٢ دەبێتە سەرۆکی وڵات.

حیبری بەردەوام باس لە توانا و پشتیوانییەکانی دیبی دەکات و بڕیار دەدات بیکات بە فەرماندەی سوپا و دواتریش لە چوارچێوەی راهێنانی فەرماندە گەورەکاندا، دەینێرێت بۆ قوتابخانەی باڵا لە فەڕەنسا.

دیبی لەو کەسە دیارانە بووە کە رۆڵێكی گەورەی لە شەڕ و ململانێکانی نێوان وڵاتەکەی و لیبیا هەبووە لە رۆژهەڵاتی چاد. بەشداریەکی گەورەشی لە "جەنگی تۆیۆتا" هەبوو (بۆیە ناونراوە تۆیۆتا لەم شەڕەدا بارهەڵگرەکانی ئەم کۆمپانیایە بە چڕی بەکارهێندرا) و لەم شەڕەدا لیبییەکان زیانێکی زۆریان پێگەیشت و هەزاران کوژراویان هەبوو، ئەمەش هێندەی دیکە دیبی بەناوبانگ کرد.

لەسەر پشتی دەبابە
مانگی هەنگوینی نێوان دیبی و حیبری زۆری نەخایاند و ناکۆکی قورس کەوتە نێوانیانەوە؛ حیبری، دیبی بە هەوڵی کودەتا تۆمەتبار کرد، دیبی ناچار بوو هەڵبێت بۆ سودان و لەوێشەوە بۆ دوژمنەکەی دوێنێی کە لیبیایە، قەزافی پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی.

دیبی گەڕایەوە بۆ سودان و "بزوتنەوەی رزگاری نیشتمانی" دامەزراند، لێرەوە دیبی جەنگی لە دژی حیبری راگەیاند، دیبی توانی لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٩٠ بە هێزەکانییەوە بگاتە پایتەخت و حیبری لە دەسەڵات بهینێتە خوارەوە.

لەگەڵ گەیشتنە روخاندنی دەسەڵاتەکەی حیبریدا، دیبی دەستوری هەڵوەشاندەوە و بە سەرۆکایەتی خۆی کابینەی نوێی حکومەتی چادی پێکهێنا.

بوونە سەرۆک
دیبی خۆی وەک سەرۆکی کاتیی وڵات راگەیاند، ساڵی ١٩٩٦ و دوای پەسەندکردنی دەستوری نوێ، دیبی بە هەڵبژاردن بوو بە سەرۆکی وڵات و ساڵی ٢٠٠١یش بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆک، هەڵبژاردنەکانیش رووبەڕووی رەخنەی زۆر کرایەوە.

بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەم بتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە، دیبی دەستوری هەموار کردەوە و ئەوە بوو توانی بەشداری هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٦ بکات و ببێتەوە بە سەرۆکی وڵات، ئەمەش رووبەڕووی رەخنە و ناڕەزایی ناوخۆی و دەرەکی کردەوە.

دیبی کە بە خوێنڕێژی هاتە سەر کورسی سەرۆکایەتی ئامادەنەبوو دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت، بۆیە جارێکی دیکە و لە ساڵی ٢٠١١ بۆ جاری چوارەم بەشداری هەڵبژاردنی کرد و بووەوە بە سەرۆک.

سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییە ناوخۆی و دەرەکییەکان، دیبی لە ساڵی ٢٠١٦ و بۆ جاری پێنجەم بووەوە بە سەرۆکی وڵات.

سیمبولی دیکتاتۆرییەت
دیبی لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتدا، بەڵینی دا کۆتایی بە ساڵانی ئاژاوە بهێنێت و فەرمانڕەواییەکی فرەیی و دیموکراسی دابمەزرێنێت، بەڵام ئەم بەڵێنانە نەهاتنە دی و دیبیش بوو بەو سەرۆکەی تاکو مرد وازی لە کورسییەکەی نەهێنا.

دیبی بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ سەرۆکی وڵاتەکەی بوو، بوو بە سیمبولی دیکتاتۆرییەت، دەوڵەتی تاکڕەوی دامەزارند و گەندەڵی هەموو کون و کەلەبەرێکی وڵاتی تەنی، لەگەڵ دیکتاتۆرییەکەیدا وڵات هەمیشە لە ئاژاوەدا بوو.

دیبی و دەورووبەرەکەی لە گەندەڵیدا رۆچووبوون. بۆ رووسپیکردنەوەی خۆی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و کامیرۆن رێککەوتن بۆ گواستنەوەی نەوتی هەردوو وڵات هێڵی گواستنەوەی نەوت دابمەزرێنن. دیبی دەیوت ئەم هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و گەشەپێدانی وڵاتە، بەڵام بانکی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە دەکرد کە دیبی سودەکانی ئەم پڕۆژەیەی بۆ پێقایمکردنی رژێمەکەی بەکارهێناوە، بۆیە دەستی بەسەر بەشێک لە داهاتە نەوتییەکانی دیبیدا گرت.

ساڵی ٢٠٠٦ چاد لە سەرەوەی ریزبەندی لیستی گۆڤاری فۆربێسدا بوو بۆ گەندەڵترین وڵاتانی جیهان، رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیش چادی خستە لیستی وڵاتە گەندەڵەکانەوە.

ساڵی ٢٠١٧ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دیبی بە وەرگرتنی دوو ملیۆن دۆلار بەرتیلی لە کۆمپانیایەکی نەوتیی چینی تۆمەتبار کرد، بەرتیلەکەشی لە بەرامبەر ئەوەدا وەرگرتبوو کە رێگە بە کۆمپانیا چینییەکە بدات بەبێ رکابەری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان وەبەرهێنان لە نەوتی چاددا بکات.

چاد لە سەردەمی دیبیدا بوو بە خاوەن تۆمارێکی رەش لە بواری پیشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دەستگیرکردنە هەڕەمەکییەکان، دەستگیرکردنی نایاسایی و زەوتکردنی ئازادیی میدیا. بۆ نموونە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو دەسەڵات بڕیاری راگرتنی ١٢ رۆژنامەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی دا، ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی بەردەوامی رۆژنامەوانان.

کەسێکی دیار
لەم ساڵانەی دواییدا چاد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەرکەوتنەکانی زۆرتر بوون و دیبیش بوو بە کەسێکی دیار، ئەمەش بەهۆی دەرکەوتنی گروپی بۆکۆ حەرام بوو کە لە چاد، نێجیریا و نەیجەر دەستیان بە چالاکی کرد و زیانێکی گەورەیان لە چاد دا، بۆ نموونە لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ١٠٠ سەربازی چادیان کوشت.

دیبی بە جدییەتییەکی گەورەوە رووبەڕووی چەکدارانی بۆکۆ حەرام دەبووەوە لە ناوخۆی وڵاتەکەی بێت یان وڵاتانی دراوسێ، خۆشی سەرکردایەتی شەڕەکانی لە دژی ئەم گروپە دەکرد.

دیبی لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠، سەرکردایەتی ئۆپراسیۆنی "توڕەیی بۆما"ی بۆ سەر چەکدارانی بۆکۆ حەرام کرد و بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانیش لەم ئۆپراسیۆنەدا زیانێکی گەورە بەر گروپەکە کەوتووە و هەزاران چەکداریان لێکوژراوە.

چارەنووسێکی تاڵ
هەموان چاوەڕوان بوون بۆکۆ تۆڵە لە دیبی بکاتەوە، بەڵام شمشێرەکە لە بۆکۆوە نەهات، بەڵکو بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو و لە رۆژی سێشەممە ٢٠ی نیسان، لەلایەن هەڵگەڕاوەکانی چادەوە دیبی بریندار دەکرێت، دیبی کە خۆی سەرکردایەتی شەڕەکەی کرد رووبەڕووی چارەنووسێکی تاڵ و بەئازار بووەوە.

دۆست و دوژمن ئەو بە سەرباز و فەرماندەیەکی ئازا و بوێر لە شەڕدا وەسف دەکەن، بەڵام برینەکەی کۆتایی بە خەونە بێسنورەکانی هێنا و لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا ماڵئاوایی لە کورسی، خێزان و ژیانی کرد. دیبی ئەو سەرۆکە بوو تەنها مردن توانی لە کورسییەکەی بیهێنێتە خوارەوە.

لە باوکەوە بۆ کوڕەکەی
دیبی دوای بەدەستهێانی ٧٩٪ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرەتای ئەم مانگە کە ئۆپۆزسیۆن بایکۆتی کرد، بۆ جاری شەشەم بووەوە بە سەرۆکی چاد، بەڵام مەرگ رێگەی نەدا ئاهەنگی سەرکەوتنەکەشی بگێڕێت. لە دوای راگەیاندنی مردنی سەرۆک. حکومەتی چاد قەدەغەی هاتوچۆی شەوانەی راگەیاند، ئاسمانی وڵاتەکە بە ڕووی هاتوچۆدا داخرا، ئەنجومەنێکی سەربازی بۆ ئیدارەکردنی ١٨ مانگی داهاتووی وڵاتەکە پێکهێندرا و جەنەراڵ محەمەد کاکای کوڕی دیبی کرا بە سەرۆکی ئەنجومەنەکە.

دیبی سی ساڵ سەرۆکی بەزۆر سەپێندراوی وڵاتەکەی بوو، دیکتاتۆر بوو، پێشێلکاری ئازادی و دیموکراسی بوو، بەڵام ئەوەی لە دیکتاتۆرەکانی دیکەی جیاکردەوە بوێرییەکانی بوو، ئازایی بوو لەوەی راستەوخۆ بەشداری شەڕەکانی دەکرد، ئەمەش پەیوەندی بە رابردووە سەربازییەکەیەوە هەبوو، ئێستاش کوڕەکەی لە لوتکەی دەسەڵاتدایە و دیار نییە وەک باوکی تاکو کوشتنی سەرۆکی وڵاتەکەی دەبێت یان دیموکراسی بۆ وڵاتەکەی فەراهەم دەکات.