ڕاپۆرتی جیهانی

11:27 - 22/04/2021

هندستان بەرەو مەرگێکی لەسەرخۆ؛ ٣١٥ هەزار حاڵەت لە رۆژێکدا‌

پەیسەر

هندستان لەبەردەم یەکێک لە ساتە هەرە بە ئازار و سەختەکانی مێژووی خۆیدایە؛ ڤایرۆسی کۆرۆنا هندییەکانی بەگیرهێناوە و بەرەو مەرگێکی لەسەرخۆیان دەبات. تەنها لە ماوەی شەو و رۆژێکدا هندستان نزیکەی ٣١٥ هەزار حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنای تۆمار کرد، بەمەش ریکۆردی زۆرترین توشبووی رۆژانەی لە ئاستی جیهانیدا شکاند.

هندستان لە لوتکەی کۆرۆنادا
هندستان لە ماوەی مانگی رابردوودا بۆ چەند جارێک لەسەر یەک، ریکۆردی زۆرترین توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای شکاندووە، ئەمەش هندییەکانی خستووەتە بەردەم ترس و تۆقینێکی بێوینەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە وەزارەتی تەندروستی چین ترسناکترین ئاماری وڵاتی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣١٤ هەزار و ٨٣٥ حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە، بەم جۆرەش بوو بە یەکەم وڵات زۆرترین ژمارەی رۆژانەی کۆرۆنا تۆمار بکات.

بەم جۆرە کۆی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هندستان بۆ ١٥ ملیۆن و ٩٣٠ هەزار و ٩٦٥ بەرزبووەوە. بەم پێیە هندستان پێش بەڕازیل کەوت و لە دوای ئەمریکا دووەم وڵاتە زۆرترین توشبووی کۆرۆنای تێدایە.

مەرگێکی لەسەرخۆ
ژمارەی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هندستان بەردەوام و بە شێوەیەکی ترسناک بەرزدەبێتەوە؛ تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا دوو هەزار و ٧٤ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

بەم جۆرە ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە هندستان بۆ ١٨٤ هەزار و ٦٧٢ کەس بەرزبووەوە، بەمەش لە دوای ئەمریکا، بەڕازیل و مەکسیک، بوو بە چوارەم وڵات کە زۆرترین حاڵەتی مردن بە کۆرۆنای تۆمار کردووە.

شەڕی گەورە
لە دوای بەرزبوونەوەی خێرای حاڵەتەکانی توشبوون و مردن بە کۆرۆنا، ناریندرا مودی سەرۆک وەزیرانی وڵات لە تەلەفیزیۆنەوە قسەی بۆ هاوڵاتیان کرد و رایگەیاند، هندستان و ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دانیشتوانەکەی "دیسانەوە رووبەڕووی شەڕێکی گەورە" بوونەتەوە.

سەرۆک وەزیرانی هندستان بە نیگەرانییەوە داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتە قەرەباڵخەکەی کرد هەوڵی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە بدەن و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.

کەمیی ئۆکسجین
لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون و حاڵەتە مەترسیدارەکاندا، باس لە کەمبوونەوەی بڕی ئۆکسجین دەکەن لە نەخۆشخانەکانی هندستاندا و ئەمەش هاوڵاتیانی وڵاتەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکی کردووە.

دوێنێ چوارشەممە دادگای باڵای نیودەلهی فەرمانی بە حکومەتی هندستان کرد، ئەو ئۆکسجینەی لە پیشەسازی و بواری دیکەدا بەکاردەهێندرێن بگوازرێنەوە نەخۆشخانەکان، تاکو گیانی زۆرترین نەخۆشی کۆرۆنا رزگار بکرێت.

رێوشوێنی بەپەلە
دادگاکە لە وەڵامی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی نیودەلهیدا ئەم بڕیارەی دا و رایگەیاند، "ناکرێت لەبەرئەوەی ئۆکسجین نەماوە خەڵک بۆ مردن بەجێبهێڵدرێن."

هەوڵەکانی حکومەتی هندستان بۆ دابینکردنی زۆرترین بڕی ئۆکسجین بەردەوامیی هەیە؛ هارش فاردان، وەزیری تەندروستی هندستان رایگەیاند، سات بە سات چاودێری داواکارییەکانی دابینکردنی ئۆکسجین دەکەن.

وەزیری تەندروستی هندستان لە تویتەرەوە باسی لەوەش کردووە، بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکان و دابینکردنی زۆرترین بڕی ئۆکسجین، حکومەتی هندستان لە حەوت وڵاتی زیانلێکەوتووەکەی وڵاتەکە بڕی ئۆکسجینی زیاد کرد.

ژمارە راستەقینەکە
بەپێی زانیاری بەشێک لە میدیاکانی هندستان و دەرەوەی هندستانیش، ئەو ژمارانەی وەزارەتی تەندروستی هندستان رایگەیاندووە زۆر کەمترن لە ژمارە راستییەکان و توشبوون چەند هێندەی ژمارە فەرمییەکانە.

لەگەڵ ئەوەی ژمارەی توشبوون لە هندستان لە لوتکەدایە و ریکۆردی شکاندووە، بەڵام بەراورد بە ژمارە زۆرەکەی دانیشتوانەکەی، هێشتا توشبوون لە وڵاتانی دیکە کەمترە.