ڕاپۆرتی جیهانی

10:12 - 26/04/2021

ئەمریکا و تورکیای پاش بە فەرمی ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان؛ بەرەو کوێ؟‌

پەیسەر

پەیوەندی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە رابردوودا پڕ بووە لە گرژی و گرێوگۆڵ، لە ئێستاشدا لە خراپترین ئاستیدایە. هەرکاتێک پەیوەندییەکانیش باش بووبن، تەمەنیان زۆر کورت بووە. دوای بە فەرمی ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن بایدنەوە، ئاستی گرژییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، قۆناغێک دیار نییە کۆتاییەکەی چۆن دەبێت.

متمانەی نێوانیان لاوازتر دەبێت
ئەمڕۆش کە سەرەڕای هەموو فشار و ناڕەزایەتییەکانی تورکیا بایدن وەک یەکەم سەرۆکی ئەمریکا رووداوەکانی ساڵانی ١٩١٥ – ١٩٢٣ی وەک کۆمەڵکوژی ناو بردووە، پەیوەندییەکان ئاڵۆزتر، کێشەکان زۆرتر و متمانەی نێوانیان لاوازتر دەبێت.

لە چەند ساڵی رابردوو چەند قەیرانێکی قوڵ و چارەسەرنەکراو لەنێوان ئەمریکا و تورکیا سەریانهەڵدا و تاکو ئێستاش بەردەوامییان هەیە؛

قەیرانە گەورەکان
کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ لە روسیا و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تورکیا بەهۆی ئەم کارەوە. هاوکاری و هاوپەیمانی ئەمریکا و رۆژئاوای کوردستان و کارادنەوەی توندی تورکیا. فراوانخوازییەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، سزادانی تورکیا و بانکی خەڵک بەهۆی شکاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران. رەخنەکانی ئەمریکا لە تورکیا لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان. لە هەمووشی نوێتر بەکارهێنانی وشەی "کۆمەڵکوژی"یە لەلایەن جۆ بایدنەوە.

تورکیا لە سەردەمی ترەمپدا ئاهێکی بەبەردا هاتەوە، چونکە بەردەوام چاوپۆشی لە تورکیا دەکرد و بەهۆی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ ئەردۆغان، ئەنقەرەی لە سزا و سەختییەکان دەپاراست.

کەوتنی ترەمپ و هاتنی بایدن
کەوتنی ترەمپ و هاتنی بایدن نیشانەی هاتنی سەردەمێکی خراپ و سەخت بوو بۆ تورکیا، سەرەڕای هەموو هەناگوەکانی تورکیاش بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، بەڵام پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ واشنتن و وڵاتانی ئەوروپا خراپت بوو، ئەم دانپێدانانەی بایدنیش خراپتری دەکات.

کڕینی ئێس ٤٠٠ و مەترسی ئەم سیستمە بۆ فڕۆکەکانی رێکخراوی ناتۆ و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دوو گەورەترین ناکۆکی سەربازیی نێوان تورکیا و ئەمریکان، دوو ناکۆکی کە هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنیان بەدیناکرێت.

ئێس ٤٠٠
کڕینی ئێس ٤٠٠ گەورەترین هەنگاوی تورکیا بوو کە گومانی خستە دڵی ئەمریکا و رۆژئاواییەکان و وەک کۆتایی تورکیا لە ناتۆ سەیر دەکرێت، چونکە ئەمە تەنها کڕینی سیستمێکی بەرگری نییە، بەڵکو دانانی بەردی بناغەی پەیوەندی و هاوپەیمانی ئەنقەرە و مۆسکۆیە، ئەمەش بەلای ناتۆییەکانەوە قبوڵکراو نییە کە روسیا بە دوژمنی خۆیان دەزانن.

ئەوەی ئەمریکای خستە گومان و دوو دڵییەوە ئەوە بوو کە واشنتن گومانی کرد ئەم هەنگاوەی تورکیا هاوپەیمانەکانی دیکەی وەک هندستانیش بەرەو مۆسکۆ ببات.

هەموو رێگاکان ناچنەوە واشنتن
تورکیا پێی وایە دۆخی جیهان گۆڕاوە و هەموو رێگاکان ناچنەوە واشنتن، بۆیە بە ئاسانی رووی لە مۆسکۆ و پەکینی دوژمنی ئەمریکییەکان کردووە، ئەمەش ئەمریکای ناچار کردووە بە پەیوەندییەکانیدا بچێتەوە و سزای تورکیای هاوپەیمانی ستراتیژی خۆی بدات.

ئیدارەی بایدن هەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییەکان، هاوپەیمانییەتییەکان و گەڕانەوە بۆ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەدات، لەم چوارچێوەیەشدا دەیەوێت تورکیا لە رێگای مۆسکۆ بوەستێنێت و بیگەڕێنێتەوە، بۆیە سزای بەسەردا سەپاندووە، لە کڕینی فڕۆکەی ئێف ٣٥ دەریکردووە و ئێستاش دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا دەنێت، هەموو ئەمانە فشارەکانی بایدنن، بەڵام دیار نین ئەم فشارانە تورکیا بۆ واشنتن دەگەڕێننەوە یان زیاتر لوتەلا و بێباکی دەکەن.

سەرەڕای هەموو فشارەکانی ئەمریکا، تورکیا تاکو ئیستا ئامادە نییە پاشەکشە لە سیاسەتە دەرەکییەکانی بکات و فراوانخوزاییەکانی رابگرێت، دەست لە هاوپەیمانییەتی چین و روسیاش هەڵناگرێت، ئەمەش پەیامی ئەنقەرەیە تاکو ئەمریکا و ئەوروپا دان بە پێگەی بەهێزی تورکیادا بنێن و وەک هێزێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی گەورە تەماشای بکەن، کە بە ویستی رۆژئاواییەکان هەنگاو نانێت، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی سیاسەت دەکات.