ڕاپۆرتی جیهانی

11:24 - 29/04/2021

ئەو پیاوەی جیهانی خەمبار کرد؛ گۆڕینەوەی ژیان بە مەرگ‌

پەیسەر

هندستان لە خراپترین دۆخی تەندروستیدایە، ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنگی پێهەڵچنیوە و شەکەتی کردووە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا سێ هەزار توشبوو گیانیان لەدەستداوە، چیرۆکی یەکێک لەم مردنانە بوو بە سیمبولی بەخشین و ئازایەتی، چیرۆکێک کە گۆڕینەوەی مەرگە بە ژیان.

مرۆڤایەتی لەبیری ناکات
هەڵوێستی پیاوێکی بەتەمەنی هندستان، جیهانی توشی سەرسوڕمان و لە هەمان کاتدا خەمبار کردووە، ئەم پیاوە هندییە کە توشبووی کۆرۆنا بوو، بە هەڵوێستە ئازایانەکەی ناوی چووە مێژووەوە و مرۆڤایەتی لەبیری ناکات.

رۆژنامەی نیوزویک راپۆرتێکی لەبارەی نارایان دابالکار بڵاوکردووەتەوە کە بە مەرگی خۆی ژیانی بۆ گەنجێک کڕییەوە.

دابالکار تەمەنی ٨٥ ساڵە، چەند رۆژێک بوو توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو، گواسترابووەوە بۆ نەخۆشخانە لە ناوچەکەی خۆی کە "ناجبور"ە لە ویلایەتی ماهاراشترا، ئەم ویلایەتە لەو پێنج ویلایەتەی هندستانە کە زۆرترین توشبووی کۆرۆنای تێدا تۆمار کراوە و دووەم ویلایەتە لە زۆرترین توشبوودا.

قوربانیدان
ئاساواری کوسیوان کوڕی دابالکارە و بەم جۆرە چیرۆکە خەمگینەکەی باوکی دەگێڕێتەوە؛

تەواوی ئەندامانی خێزانەکەمان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووین، لە شەشی ئەم مانگە پشکنینمان بۆ باوکمان کرد و دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بۆیە لە ماڵەوە دەستمان بە چارەسەرکردنی کرد.

لە ٢٢ی نیسان ئاستی ئۆکسجین لە جەستەی باوکمدا بە رێژەیەکی زۆر هاتە خوارەوە، دوای هەوڵدانێکی زۆر توانیمان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شارەکەمان قەرەوێڵەیەک بۆ باوکمان پەیدا بکەین کە تایبەت بوو بە توشبووانی کۆرۆنا.

لەگەڵ ئەوەی پزیشکەکان دەیانوت دۆخی تەندروستی خراپە، بەڵام دوای دوو کاتژمێر لە خەواندنی لە نەخۆشخانە، باوکم سور بوو لەسەر ئەوەی بیبەینەوە ماڵەوە، ئەم بڕیارەشی لەبەرئەوە بوو کە دەیویست جێگاکەی خۆی بۆ توشبوویەکی گەنجی کۆرۆنا چۆڵ بکات.

من بەشی خۆم ژیاوم
باوکم ژنێکی دیبوو بە دوای قەرەوێڵەیەکی چۆڵدا دەگەڕا بۆ هاوسەرە گەنجەکەی کە توشبووی کۆرۆنا بووە و تەمەنی ٤٠ ساڵ بووە، بەڵام بەهۆی زۆری توشبووانەوە قەرەوێڵەی بەتاڵی دەستنەکەوتووە، بۆیە باوکم بڕیاری داوە قەرەوێڵەکە بۆ ئەم گەنجە چۆڵ بکات.

باوکم دەیەویست کۆتا ساتەکانی ژیانی لە ماڵەکەی خۆماندا بێت و دوای ئەوەی شوێنەکەی بۆ گەنجەکە چۆڵ کرد پێی وتین، "من بەشی خۆم ژیاوم، باشترە ژیانم بدەمە دەست قەدەر لەبری ئەوەی دوو سێ رۆژی تر و لەسەر حسابی گەنجێک ئەم قەرەوێڵە داگیر بکەم."

لەگەڵ ئەوەی هەڵوێستی ئەم پیاوە وەک ئازایەتی و قوربانیدان تەماشا دەکرێت، بەڵام نیشانەی لاوازی سیستمی تەندروستی هندستانە کە ناتوانێت بەرگەی ئەم پەتایە بگرێت و رووبەڕووی ببێتەوە، هەر بۆیە هەڵوێستی ئەم پیاوە و مەرگەکەی دەرگای لەسەر ئەو راستییە کردەوە کە هندستان ناتوانێت پەتاکە رابگرێت.

هندستان دەناڵێنێت
هندستان چەند رۆژێکە لەسەر یەک ریکۆردی زۆرترین توشبووی کۆرۆنا لە جیهاندا دەشکێنێت و رۆژانە سەرووی ٣٥٠ هەزار حاڵەتی توشبوون تۆمار دەکرێت.

تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٣٦٠ هەزار حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە و سێ هەزار توشبووش گیانیان لەدەستداوە.

تاکو ئێستا لە هندستان ١٨ ملیۆن و ٣٧٦ هەزار و ٥٢٤ کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە ٢٠٤ هەزار و ٨٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٥ ملیۆن و ٨٦ هەزار و ٨٧٨ توشبووش چاکبوونەتەوە.

تەنها لەم مانگەدا لە هندستان شەس ملیۆن توشبووی کۆرۆنا تۆمار کراوە.

هۆکارە سەرەکییەکان
زۆری ژمارەی دانیشتوان، قەرەباڵخی وڵاتەکە، کەمی کەلوپەلی تەندروستی و توانای نەخۆشخانەکان و کۆبوونەوە دینییەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵکشانی رێژەی توشبوونن بە کۆرۆنا لە هندستان.

لە ملیارێک و ٣٦٦ ملیۆن هاوڵاتی هندی، تاکو ئێستا کوتان بۆ ١٥٠ ملیۆن کەس کراوە و بڕیارە لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە بەرنامەی کوتان چڕتر بکرێتەوە.

یەکێک لە کێشەکانی ئێستا هندستان کەمبوونەوەی ئۆکسجین و ڤاکسینە و حکومەتی هندستانیش دەڵیت هەموو هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ تاکو زۆترین توشبوو رزگار بکەن.