ڕاپۆرتی جیهانی

02:28 - 14/05/2021

چیرۆكی ئەو نۆ یاریزانەی تەمەنی خۆیان ساختەكردووە‌‌

پەیسەر

ساختەكردنی تەمەن لەڕووی یاساییەوە كێشەی گەورەی هەیە. بەڵام هەندێكجار وەرزشەوانان پەنای بۆ دەبەن، بەو پێیەی تەمەن ڕۆڵی سەرەكی هەیە لە بواری وەرزشیدا، بەتایبەتی (تۆپی پێ)، دۆسیەی دەستكاریی كردنی تەمەن گومانێكەو بەردوام یەخەی بەشێك لە یانەكان دەگرێت و ژمارەیەكیش لە یاریزانانی لەسەر سزا دەدرێت و هەندێكیشیان وەك بەرزی بانان بۆی دەردەچن.

ئەگەرچی پێشتر بەشێك لە یاریزانانی كیشوەری ئەفریقیا بەوە تۆمەتبار دەكران كە تەمەنی خۆیان ساختەكردووە لەپێناوی بەشداریكردن لەیاریەكاندا، بەڵام بەپێی بەڵگەنامەكان دەردەكەوێت ئە دیاردەیە تەنها یاریزانانی ئەوكیشوەرەی نەگرتۆتەوە، بەپێی راپۆرتێك كە ماڵپەری " كروناكی دی سبولیاتویو" ی ئیتاڵی بڵاویكردۆتەوە چیرۆكی نۆ یاریزانی باسكراوە كە تۆمەتبارن بەدەستكاریكردنی بەرواری لەدایك بوونیان بەناوبانگترینیان رادامیل فالكاو یاریزانی هەڵبژاردەی كۆلۆمبی و عبیدی بیلیە، ئەستێرەی غانین ئەمەش لیستی ناوی ئەو یاریزانانەیە:

رادامیل فالكاو
بەناوبانگترین یاریزانی ئەو لیستەیە، ماڵپەرەكە دەڵێت لەماوەی رابردوودا گومان لەسەر تەمەنی راستەقینەی دروست بوو ئەوەش وایكرد، بەڵگەنامەی لەدایك بوونی بۆ رۆژنامەی " ئیل تیمبو" ی ئیسپانی بنێرێت، لەپێناوی  ئەوەی گومانەكان بڕەوێنێتەوە، ئەو كاتە دەنگۆی ئەوە لەمیدیاكان بڵاوبۆوە كە تەمەنی 29 ساڵە نەك 27 ساڵ، ئەمەش لەلایەن بەرێوەبەری پەیمانگای كۆلۆمبیاوە وروژێندرا كاتێك جەختی لەوە كردەوە كە بەڵگەی كەسیەتی فالكاوی لەلایە كە لەساڵی 1984 لەدایك بووە نەك لەساڵی 1986 و شوێنی لەدایك بوونەكەشی شاری بۆگوتای پایتەختە نەك شاری سانتا مارتا.

عەبیدی بیلیە
ئەفسانەی غانی كە سێ جار تۆپی پێی ئاڵتونی بەدەستهێناوە، ئەو لەساڵی 1994-1996 سەبارەت بەتەمەنی راستەقینەی خۆی درۆی لەگەڵ یانەی تورینو ی ئیتاڵی كردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە خولی لاواندا بكات، بەڵام دواتر لەسزای یاسایی رزگاری بوو بەهۆی ئەوەی لێكۆڵەرەكان نەیانتوانی تاوانی ساختەكاریی بەسەردا ساغ بكەنەوە.

ئەنتونی یبواه
دوای دووساڵ دووركەوتنەوەی لەیاری ئەنتونی یبواه یارزانی غانی دانی بەوەدانا كە تەمەنی راستەقینەی خۆی دووساڵ كەمترە لەوەی راگەیەندراوە و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە لەسەرەتای دەستپێكردنی بەژیانی وەرزشی لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، هەوڵیداوە یاری بكات لە خولی پیشەگەرەكاندا، بۆیە تەمەنی خۆی دووساڵ زیاد كردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەی ئەشانتی كوتوكو یاری بكات.
هەندێك لە ناسیاوەكانی رێنماییان كردووە كە ناو و بەرواری لەدایك بوونەكەی ساختەبكات

لوسیانو ئیریبرتو
ئەو ماڵپەرە دەڵێت ئەو یاریزانە بەرازیلیە ناوبانگی لەئیتاڵیا پەیداكرد، لەناكاو رایگەیاند ئەو تەمەنی سی ساڵە، لوسیانو لە میانی چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كەناڵی سكای سپۆرت دانی بەوەدانا كە لەبەرازیل بەبێ دایك و باوك گەورە بووە، ناچار بووە كار بكات بۆ ئەوەی بژیەت، هەندێك لە ناسیاوەكانی رێنماییان كردووە كە ناو و بەرواری لەدایك بوونەكەی ساختەبكات، و پێناسی دراوسێەكیان هەڵبگرێت كە لەخۆی منداڵ تربووە، دەشڵێت دوای چەند ساڵێك لەئیتاڵیا هەستی بە پەشیمانی كردووە و بڕیاریداوە ئازابێت و راستیەكە ئاشكرا بكات.

جوزیف مینالا
كاتێك تیمی لاتسیوی ئیتاڵیا یاری بە یاریزانی سەنیگالی جوزیف مینالا كرد، گومانی زۆر دروست بوو لەسەر تەمەنی ئەو یاریزانە، بەوپێیەی ئەو كاتە تەمەنی بە 17 ساڵ نوسرابوو ئەوەش لەكاتێكدابوو چەند سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی لە سەنیگالەوە ئەوەیان باسكرد كە تەمەنی راستەقینەی خۆی 42 ساڵە نەك 17 ساڵ، بەڵام دیگو تابانوی پارێزەری هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە و رایگەیاند ژیانی منداڵی قورس بووە بەهۆیەوە كاریگەری لەسەر دەركەوتنی تەمەنی دروستكردووە، گوتیشی هیچ ساختەكاریەكی لە بەرواری لەدایك بوونەكەی نەكردووە.
سەرۆكی پێشووی یانەی شاركس ئیف سی نەیجیری لەپشتە

ئەدوكی ئەمیسیماكا
چیرۆكی ئەو یاریزانە زۆر بڵاونیە، و سەرۆكی پێشووی یانەی شاركس ئیف سی نەیجیری لەپشتە، ئەو رایگەیاند ساڵی 2002 -2003 تیپێكی لەگەنجانی خوار 20 ساڵ دروستكردووە و خۆی سەرپەرشتی راهێنانی كردوون، یاریزانێكی تێدابووە كە ئەو كاتە تەمەنی 18 ساڵ بووە، بەڵام ساڵی 2010 ئەو یاریزانە بووە بە رابەری هەڵبژاردەی نەیجیریا و گوایە تەمەنی كەمترە لە 17 ساڵە.

شانسیل مبیمبا
مبیمبا لەیانەی ئەندرلختی بەلجیكی دەركەوت، ئەو ئێستا لەیانەی بورتوی پرتوگالی یاری دەكات، بەهۆی دەم و چاوی گومان لەتەمەنی دەكرێت، بەهۆیەوە فیفا بڕیاریدا لێكۆڵینەوە لەتەمەنی بكات، بەپێی بەڵگەنامە فەرمیەكان مبیمبا لە 8ی ئابی ساڵی 1994 لەدایك بووە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان ئاشكرا كرد كە پاسپۆرتی تری هەیە، و كاتێك لە كۆنگۆ یاری كردووە پاسپۆرتێكی پێ بووە كە تەمەنی بە 8ی ئابی ساڵی 1988 نوسراوە، و كاتێك لە یەكێتی كۆنگۆلی یاریكردووە پاسپۆرتێكی تری پێ بووە كە تەمەنی بە 30 تشرینی دووەمی 1991 نوسراوە.
دواتر دەركەوت سەبارەت بەتەمەنی درۆی كردووە و لەراستیدا چل ساڵ بووە،

تاریبو وست
كاتێك تاریبو وست گەیشتە یانەی پارتیزانی سربی لەساڵی 2002 رایگەیاند تەمەنی 28 ساڵە، بەڵام دواتر دەركەوت سەبارەت بەتەمەنی درۆی كردووە و لەراستیدا چل ساڵ بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە باشی یاریكردووە، زاركوزیشیفیچ سەرۆكی یانە سربیەكە رایگەیاند هەرگیز پەشیمان نیە لەوەی یاری پێكردووە، تاریبو لەریزی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی یاریكردووە، تیمی پزیشكی یانەكە ئەو كاتە گومانی بۆ دروست دەبێت سەبارەت بەتەمەنی راستەقینەی ئەو یاریزانە، بەڵام بەدووری دەزانن جیاوازیەكە 12 ساڵ بێت، بەوپێیەی لەدۆخێكی جەستەی باش دابووە.
گوانزالو كیلا دانی پێدانا و بەهۆیەوە بۆ ماوەی دووساڵ زیندانیكرا

گونزالو كیلا یان ئەنخیل كیمی
ئەو چیرۆكە لە ئیكوادۆر ڕوویدا لەساڵی 2003 كاتێك دوو هاورێ چوون بۆ تاقیكردنەوە بۆ ئەوەی لەیانەیەكی وەرزشی وەربگیردرێن، بەڵام كێشەی تەمەنیان هەبوو، بەوپێیەی مەرج بوو هیچ یاریزانێك تەمەنی لە 21 ساڵ زیاتر نەبێت، ئەو یاریزانەی كە راهێنەرەكان پێی سەرسام بوون تەمەنی گەورەتر بوو و ناوی ئەنخیل كیمی بوو، بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتەی لەدەست دەرنەچێت، بریاریدا پێناسی هاورێكەی بەكاربهێنێت كە لەخۆی بچوك كتر بوو بەناوی گوانزالو كیلا، ئەوەش بەپێی رێككەوتنێكی نێوانیان لەبەرامبەر بڕێك پارەدا، بەهۆی ئەو ساختەكاریەوە ئەو یاریزانە توانی لەخولی پیشەگەردا بدرەوشێتەوە، دواتر گوانزالو كیلا دانی پێدانا و بەهۆیەوە بۆ ماوەی دووساڵ زیندانیكرا.