ڕاپۆرتی جیهانی

09:17 - 16/05/2021

کۆمەڵکوژی یونانەکان هیچی لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کەمتر نییە‌‌

پەیسەر

لە سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمەوە کە ئیمپراتۆری عوسمانی لەبەریەک هەڵوەشایەوە، دەوڵەتمەدارانی ئەو ئیمپراتۆریەتە بۆ لەسەرپێ هێڵانەوەی دەسەڵاتەکەیان دەستیان بە کۆمەڵکوژکردنی نەتەوەکانی تری ناوچەکە کرد، یەکێک لەو نەتەوانەش 'یونانەکان' بوون کە هەزاران ساڵ بوو لەگەڵ نەتەوەکانی تر لە ئەنادۆڵ دەژیان.


لە میانەی جەنگی جیهانی یەکەمدا شەڕێکی گەورەش لەنێوان تورک و یونان هەڵگیرسا کە تا ساڵی ١٩٢٢ بەردەوام بوو. لە هاوینی ساڵی ١٩١٤ 'تەشکیلات ئەلمەخسوسە'ی عوسمانی کە لە سەرمایەدار و ئەفسەرە پلە باڵانی عوسمانی پێکهێنرابوو، فەرمانی کرد کە هەموو گەنجە یونانەکان لە سنورەکانی بوڵگاریا و لەناو خاکی یونان دەستگیربکرێن و لە ئۆردوگا سەربازیەکان، کانەکانی خەڵوز و کانزاکاندا بە زۆرەملێ کاریان پێبکرێت.


سوپای عوسمانی بە پڕۆژەیەکی پلان بۆداڕێژراو ئەو گەنجە یونانانەی بەرەو بەشی ناوەڕاستی ئەنادۆڵ گواستەوە و کاری سەختی پێدەکردن و مامەڵەی کۆیلەیان لەگەڵدا دەکرد. لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەکی زۆر گەنجی یونان بەهۆی نەخۆشی، کاری سەختەوە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریشیان بەهۆی ئەوەی زوڵمەکەیان قبوڵ نەکرد، لە لایەن سەربازە تورکەکانەوە کوژران.

تراژیدیایەکی گەورە کە ئەو کاتە بەسەر هاوڵاتیە یونانەکانەوە هێنرا، کۆمەڵکوژی ناوچەی فوکای پارێزگای ئیزمیر بوو کە هەموو دانیشتووانی خەڵکی یونان بوون.
لە ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ دا سوپای تورکیا هێرشێکی فراوانی بۆسەر ئەو شاروچەکە ئەنجامدا و بە پێی بەڵگە مێژووییەکان هەموو دانیشتووانی شاروچکەکە بە ژن و منداڵ و پیر و گەنجەوە کوژران کە ژمارەیان هەزاران کەس بوو.
لە هەمانکاتدا دەسەڵاتی یونان ڕایگەیاند، دەوڵەتی عوسمانی دەستی بە کۆمەڵکوژیەکی گشتگیر و پاکتاوی نەژادی بەرانبەر خەڵکی یونان کردووە، ئەوەندەی دەتوانن دەیانکوژن و ئەوانەی تر ناچار دەکرێن کە ئایینەکەیان بگۆڕن و ببن بە موسوڵمان. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ ئەگەر دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بیانەوێت باس لە هەبوونی نەتەوە و ئایینەکانی تر لە ناو تورکیا بکەن، دەسەڵاتی تورک بتوانێت، ئەو نەتەوە و ئایینانە وەک کەمایەتی لەقەڵەمبدات.

لە ساڵی ١٩١٨ دا جۆرج ڕندل بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند کە زیاتر لە نیو ملیۆن هاوڵاتی یونانی لەسەر خاکەکەیان دوورخراونەتەوە. 
هێنری مورگنتائۆ باڵیۆزی ئەمریکا لە دەوڵەتی عوسمانی لە بیرەوەریەکانیدا کە ساڵی ١٩١٦ نووسیویەتی دەڵێت، "لە شارەکانی تورکیا، هاوڵاتیە یونانەکانیان کۆدەکردەوە و ئەوانیان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەنادۆڵ دەگواستەوە. زۆربەیان ناچار دەکران کە بە پێی، ماوەی نێوان چەندین شار ببڕن. ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیە یونانەکان لە ڕێگادا گیانیان لەدەستدا و بە پێی ئامارەکانمان نزیکەی یەک ملیۆن یونانی لە لایەن سوپای عوسمانیەوە کوژران."
کوسوا ئانکارسوارد باڵیۆزی ئەو کاتەی سوید لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٩١٧ لەبارەی کۆمەڵکوژی یونانەکاندا دەڵێت، "سوپای عوسمانی بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە نەک تەنها پیاوەکان بەڵکو ژن و مندالی یونیان کۆمەڵکوژ کردووە و ئامانجەکەی لەناوبردنی هەموو یونانەکان بووە و تاوانی پاکتاوی نەژادی ئەنجامدراوە.

میرڵ پترسون پرۆفیسوری مێژوو لە زانکۆی ڤێرجینیای ئەمریکا لە بابەتێکیدا باسی لە کۆمەڵکوژی یونانەکان کردووە و دەڵێت، بە تەنها لە باکووری تورکیای ئێستا کە دەکەوێتە سەر دەریای ڕەش ٣٥٠ هەزار هاوڵاتی یونانی بێ جیاوازی ژن و منداڵ و گەنج و پیر لە لایەن سوپای عوسمانیەوە کوژراون.


کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە لایەن زۆربەی وڵاتە کاریگەرەکانی جیهانەوە وەک کۆمەڵکوژی و جینوسای ناسراوە، بەڵام تا ئێستاش دەوڵەتی تورکیا دانی بە کۆمەڵکوژیەکەدا نەناوە.


لە مێژووی دەوڵەتی عوسمانیدا بە سەدان کۆمەڵکوژی بەم شێوەیە لەبەرانبەر نەتەوەکانی تری ناوچەکە بە تایبەتی، کورد و ئەرمەنەکانیش کراوە کە بەناوبانگترینیان کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانە و بە پێی هەندێک سەرچاوە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئەرمەنی کۆمەڵکوژکران، بەڵام کۆمەڵکوژی یونانەکانیش بەو پیێەی باس لە کوشتنی ملیۆنێک کەس دەکرێت، هیچ لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کەمتر نییە.