ڕاپۆرتی جیهانی

10:07 - 18/05/2021

بەرەو سیستمێکی جیهانیی نوێی شێواو‌‌

پەیسەر

لە گەرمەی شکستهێنانی یەکێتی سۆڤیەت و جەنگی ئەمریکا لەدژی عێراق لە ساڵی ١٩٩١، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا جۆرج بۆشی باوک سیستمێکی جیهانی نوێی ڕاگەیاند. فرانسیس فۆکۆیاما بیرمەندی ئەمریکی، هەر ئەوکاتە دڵخۆشی خۆی بۆ ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک بۆش لەڕووی تیۆرییەوە لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی "کۆتایی مێژوو" خستەڕوو. هەروەها چارلز کروسامەری نووسەر وڕۆژنامەنووسیش پاڵپشتی خۆی بۆ سیستمە نوێیەکە لەڕێی بڵاوکردنەوەی کتێبی  "جیهان لە یەک جەمسەردا" خستەڕوو.

هەربۆیە لەمڕۆدا زۆرینەی بیرمەندان و شارەزایانی سیاسی تیۆریی خۆیان لەبارەی  ئەو سیستمە نوێیە جیهانییەی پێشووەوە دەخەنە بەرباس. بەڵام لەئێستادا جیهان لە دۆخێکی شێواودایە و ئەگەر بەم ئاڕاستەیەی ئێستادا بەردەوام بێت هیچ کام لە بەرەو پێشچوونەکان نابنە هۆی بونیادنانی "جیهانێکی نوێ" و هۆکاریش بۆ ئەمە زۆرە، لەوانە:

1.بەوپێیەی لە ئێستادا دەوڵەتەکان ڕووبەڕوی قەیرانی ئابووری بوونەتەوە، کۆمپانیا و دەزگاکان مایەپووچ بوون و بازرگانی جیهانی لە کشانەوەدایە، دەوڵەتان سەرچاوەکانیان لەپیناو ژیاندنەوەی ئابووری خۆیاندا دەخەنە کار. هەموو کارێکی دیکەی وەک پاراستنی ژینگە، دەستوورەکانی یاسا و مافەکانی مرۆڤ فەرامۆش دەخرێن یان دوادەخرێن.

2.گفتوگۆی هەڕەشە جیهانییەکانی وەک چەکی ئەتۆمی و گۆڕانی کەش وهەوا، بۆ کاتێکی نادیار دوادەخرێت، بەو مانایەی چەکی ئەتۆمی زیاتر لە دەستی وڵاتاندا دەبێت، کە ئەمەش شکستی پابەندبوونە بەو ئامانجەی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی کەش و هەوا لە پاریس ڕێککەوتنی لەسەرکراوە، کە تێیدا ڕێککەوتوون گەرمی کەش و هەوا لە ٢ پلەی سیلیۆزی تێنەپەڕێت.

3.پرسی جیهانی پەنابەران دەتەقێتەوە. زۆرینەی وڵاتان بەهۆکاری ئابووری ڕێگری لە هاتنە ژوورەوەی پەنابەران و کۆچبەران دەکەن. هەروەها کێشەی ڕەگەزپەرستی بەرەو خراپتر دەچێت و لەسەر بنەمای نەژاد و ئایین لە بەرامبەر شکستی ئابووری و کێشەکانی کەرتی تەندروستی گشتی پەنابەران و کۆچبەران بەرپرسیاردەکرێن.

4.دیموکراسییەت لە کشانەوەدا دەبێت لەکاتێکدا سیستمی دیکتاتۆریەتی ڕاستڕەو و چەپڕەوەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان لە بڵاوبونەوەدا دەبێت. هاوڵاتیانی زۆرینەی وڵاتەکان بەدوای سەرۆکێکی بەهێزدا دەگەڕێن کە بتوانێت گەرەنتی پاراستنیان لە هەڕەشە گەورەکان پێبدات. هەروەها کۆت و بەند دەخریتە سەر ئازادی تاکەکەسی و جەنگی "تۆڕی کۆمەڵایەتی" لەنێوان وڵاتاندا بەرپا دەبێت.

5.ئەگەری زۆرە دەوڵەتانی دیکتاتۆر هەوڵبدەن سەرکێشی لە سیاسەتی نێودەوڵەتییاندا بکەن وەک داگیرکردنی زەوی وڵاتانی دراوسێیان.

6.ئەگەری زۆرە ڤایرۆسێکی کوشندەی دیکە سەرهەڵبدات و ببێتە هۆی کارەساتی سروشتی. ئەمەش بە قوڵی کاریگەری لەسەر داڕشتنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەبێت. ئەوانەشی زۆرترین ئازار دەچێژن چینی هەژاران و وڵاتانی هەژارنشینن.

7.وڵاتە دەوڵەمەندەکان لە هەیمەنەتی خۆیان بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام دەبن، بەڵام هاوسەنگیی هێزو دەسەڵات گۆڕانیان بەسەدا دێت. چین لە پێگەیەکی بەهێزدا دەبێت کە تێیدا ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەر لە جیهاندا دەگێڕێت.

لێرەدا وانە گرنگەکە ئەوەیە کە هەتا ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبونەوەی نەخۆشیی درمی دیکە بەردەوامبێت، ئابووری وڵاتان زیاتر دەڕوخێت و پێکدادانە جیهانییەکان دەتەقێتەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەر پێش ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا لە چاکسازی لە بوارە گرنگەکانی وەک کەش و هەوا، چەکی ئەتۆمی و نەهێشتنی هەژاریدا شکستی هێناوە، ئێستاش لەگەڵ ئەوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بەرەو خراپتر دەچێت چەندین پرسیاری بنەڕەتی دێنە ئاراوە، لەوانەش: ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕاستی دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە گرنگانەدا بکات؟ واز لە "سیستمێکی نوێی جیهانی"ش بێنە، ئایا دەتوانین هیچ نەبێت لەبارەی "سیستمێکی جیهانی"ـەوە بدوێن؟