ڕاپۆرتی جیهانی

02:18 - 11/06/2021

راپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی له‌سه‌ر سه‌ركوتكارییه‌كانی ئیگۆرییه‌كانی چین‌

پەیسەر

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا وتی ئەو سەرکوتکارییەی سەدان هەزاران کەس لە ئیگۆری چین ڕووبەڕووی دەبنەوە " وەکو تاوانێک دژی مرۆڤایەتی " هەژمار دەکرێت.


ڕاپۆرتە 160 پەڕەییەکەی ڕێکخراوەکە گەواهیدانی ئەو کەسانەشی تێدایە کە پێشتر لە کامپەکانی هەرێمی شینگیانگ لە باکووری ڕۆژئاوای چین دەستگیرکرابوون، ڕێکخراوەکە تیایدا بە وردەکاری باس لە " هەڵمەتی بەرنامە بۆ داڕێژراوی دەوڵەت دەکات بۆ زیندانیکردنی بە کۆمەڵ و و ئەشکەنجەدان و چەوساندنەوە بە ڕادەیەک کە دەگاتە ئاستی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی."


ڕاپۆرتەکە بە بەڵگەوە باس لەوە دەکات کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ناوی لێدەنێن " توندترین ڕێوشوێن " کە لە ساڵی 2017 ەوە بەرپرسانی چین دژی کەمینە و موسوڵمانەکانی ئیگۆر گرتوویانەتەبەر.


سکرتێری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی جیهانی ئاگنێس کالامارد وتی " بەرپرسانی چین دۆزەخێکیان لەسەر ئاستێکی پێوانەیی لە هەرێمی شینگیانگ دروستکردووە."


کالامارد وتی " ئیگۆر و کازاخ و کەمینە موسوڵمانەکانی دیکە ڕووبەڕووی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەبنەوە، ئەمە جگە لەوەی ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بوونەتەوە."


وتیشی " ئەوە شتێکە دەبێت ویژدانی مرۆڤ بجوڵێنێت."
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە لە سەرەتای ساڵی 2017 دا ژمارەیەکی زۆر لە پیاو و ئافرەت لە شینگیانگ بەبێ هۆ دەستگیرکراون.


ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو دەستگیرکردنی بەبێ هۆ " سەدان هەزاران کەسی گرتۆتەوە لەوانەی ڕەوانەی زیندان کرابوون، هەروەها سەدان هەزاران کەسی دیکە.. یاخود تەنانەت ملیۆنێک یان زیاتر لەوانەی ڕەوانەی کامپەکانی گرتن کراون."


سەرجەم ئەو 50 کەسەی کە پێشتر دەستبەسەر کرابوون و ڕێکخراوی لێبوردنی جیهانی چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردوون دەڵێن لەسەر وێنەیەکی ئایینی یاخود قسەکردن لەگەڵ کەسێک لە دەرەوەی وڵات دەستگیرکراون.


هەروەها دەڵێن لێدان و خەو تێکدان و زۆر قەرەباڵغکردن باو بوون، هەروەها لە ناوەندەکانی گرتن " هەموو ژیانیان لەژێر چاودێرییەکی ورددا بووە، هیچ تایبەتییەک و سەربەخۆییەکیان نەماوە و مەترسی توندترین سزایان لەسەربووە."


بەپێی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی " حکومەتی چین هەموو شتێکی کردووە تاوەکو پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانی مافەکانی مرۆڤ لە شینگیانگ بشارێتەوە."


ئەمەریکا چینی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی " کۆمەڵکوژی " لە شینگیانگ، بەڵام بەڕیتانیا ڕەتی کردۆتەوە ئەو ناساندنە بەکاربهێنێت، بەڵام مانگی ڕابردوو چووە پاڵ ئەمەریکا و ئەڵمانیا و داوای لە چین کرد کۆتایی بە سەرکوتکردنی کەمینەکانی ویگۆر بهێنێت.


لەلای خۆیەوە چین چەند جارێک ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە و دەڵێت ئەو کامپانە تەنها کامپی کارکردنن و مەبەست لێیان نەهێشتنی توندڕەویی و زیادکردنی داهاتەکانە.


کالامارد وتی " دەبێت بەزووترین کات چین کامپەکانی گرتن هەڵبوەشێنێتەوە و ئەو کەسانە ئازاد بکات کە بەبێ هۆ دەستگیریکردوون و لە زینداندان." هەروەها داواشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لەژێر یاسای نێودەوڵەتیدا لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدات.


سەرچاوە/ فرانس پرێس