ڕاپۆرتی جیهانی

04:22 - 14/01/2019

یادی سەد ساڵەی کوژرانی ژنە بیرمەند و شۆڕشگێڕ رۆزا لۆکزامبۆرگ‌

پەیسەر

ئەڵمانیای سەدەی ٢١ بە ئانگێلا مێرکلەوە دەناسرێتەوە، ساڵانێکە وەک بەهێزترین ژن لە جیهاندا دەناسرێت، بەڵام سەد ساڵ بەر لە مێرکل، ژنێکی گەنج چ وەک سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕ و چ وەک بیرمەند و فەیلەسوف هەموو ئەڵمانیا و ئەوروپای بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو، ژنێکی ئاسنین کە داکۆکیکارێکی سەرسەختی چینی کرێکار و زەحمەتکێش بوو و نەیارێکی سەرسەختی سیستەمی سەرمایەداریش بوو، بەهۆی بیروبۆچوونەکانییەوە تەنانەت لەناو سۆسیالیستەکانیشدا دوژمنی زۆر بوو، بەڵام کەسایەتییەکی ئەوەندە بەهێزی هەبوو کە نەیاری بیروبۆچوونەکانی  چ ئەو کات و چ دوای سەد ساڵ لە کوژرانی بە سەرسوڕمانەوە باسی کەسایەتییە بەهێزەکەی دەکەن، ئەو ژنەش رۆزا لۆکزامبۆرگە. 

 
ئەڵمانیا ساڵی ١٩١٩ی بە شۆڕشی سپارتاکیستەکان دەستپیکرد، هێزەکانی سوپای ئەڵمانیا کە ماوەیەکی کورت بوو لە جەنگ گەڕابوونەوە بە بڕیاری حکومەتی کاتی دەستیان کرد بە سەرکوتی سپارتاکیستەکان، لە رۆژانی ٨ بۆ ١٢ی کانوونی دووەم بە سەدان ئەندامی سپارتاکیستەکان لەناو شاری بەرلین کوژران، رۆژی ١٥ی کانوونی دووەم رۆزا لۆکزامبۆرگ کە سپارتاکیستەکان شوێنکەوتووی بیروبۆچوونە شۆڕشگێڕییەکانی ناوبراو بوون، لە ماڵێکدا لە بەرلین دەستگیرکرا، دوای لێپرسینەوەیەکی کورتدا هەر هەمان رۆژ کوشتیان و تەرمەکەیان فڕێدایە ناو زێرابەوە، مێژوو نووس ئایزاک دۆیچێز دەڵێت بە کوشتنی رۆزا لۆکزامبۆرگ ئەڵمانیا دەرگای بەڕووی هیتلەردا کردەوە.

دوای چوار مانگ تەرمەکەی دۆزرایەوە و لە گۆڕستانێکی بەرلین بە خاک سپێردرا، کەچی نەوەد ساڵ دوای کوژرانی لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئاشکرابوو ئەو تەرمەی لە گۆڕستانەکەدا بە خاک سپێردراوە تەرمی رۆزا لۆکزامبۆرگ نییە، بەڵکو تەرمی رۆزا لۆکزامبۆرگ هێشتا لە بەشی ساردخانەی نەخۆشخانەی شاریتە راگیراوە.

رۆزا لۆکزامبۆرگ کێ بوو؟
ساڵی ١٨٧٠ لە خێزانێکی جولەکە لە پۆڵەندا لە دایکبووە، هەر لە تەمەنی گەنجێتیدا دەبێتە کەسێکی مارکسی، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا ناچار دەبێت لە وڵاتەکەی رابکات و چووە سویسرا، لە سویسرا لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا دکتۆرای لە بواری ئابوری سیاسییدا تەواو کردووە، دوای ئەوەی لەگەڵ کرێکارێکی ئەڵمانی هاوسەرگیری کرد بووە خاوەن ڕەگەزنامەی ئەڵمانی.
لە ئەڵمانیا دەبێتە ئەندامی حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا، کاتێک بووە ئەندام، پارتی سۆسیال دیموکرات بەسەر دوو باڵدا دابەش ببوو، کە باڵێکیان بە سەرۆکایەتی ئیدوارد برنشتاین سەرقاڵی پێداچوونەوەبوون بەسەر هەندێک لە بیروبۆچوونەکانی مارکس، برنشتاین پێیوابوو سیستەمی سەرمایەداری ناڕووخێت و دەبێت لەڕێی تێکۆشانی پەرلەمانییەوە هەوڵ بدرێت دۆخ و ژیانی چینی کرێکار و زەحمەتکێش باشتر بکرێت.

بەڵام رۆزا لۆکزامبۆرگ لەڕێی نووسینی وتار و نامیلکەوە بە توندی دژی بیربۆچوونەکانی برنشتاین دەوەستێتەوە، نووسینەکانی لۆکزامبۆرگ لەناو چەپەکانی ئەوروپا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو و توانی تا رادەیەک لەناو پارتەکەیدا پاشەکشێ بە بیروبۆچوونەکانی برنشتاین بکات.
لە ساڵانی ١٩٠٢ بۆ ١٩٠٤ لە بەلجیکا چەندین جار کرێکاران مانگرتنی گشتیان بەڕێوەبرد، لە ساڵی ١٩٠٥یشدا لە روسیا مانگرتنی گشتی زۆر گەورە و بەربڵاویان بەڕێوەبرد، لۆکزامبۆرگ کەوتە ژێر کاریگەری ئەو جووڵەیەی کرێکارانەوە، ئەوە لە کاتێکدابوو لەو سەردەمەدا حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا و زۆربەی چەپەکانی ئەوروپا دژی مانگرتنی گشتی بوون یان وەک تەکتیکی کاتی بۆ فشاردروستکردن لەسەر دەسەڵات سەیری مانگرتنی گشتیان دەکرد.

لە بەرامبەردا لۆکزامبۆرگ لە نووسینەکانیدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد مانگرتنی گشتی دەتوانێت چینی کرێکار یەکگرتوو بکات و چەکێکی کاریگەرە بۆ رووخاندنی سیستەمی سەرمایەداری.
لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا لە پەرلەمان دەنگیاندا بە دابینکردنی بودجەدا بۆ بەشداری ئەڵمانیا لە جەنگ، بەم بڕیارە، لۆکزامبۆرگ بە تەواوی لە حیزبی سۆسیال دیموکرات بێ هیوا بوو و رێگەی خۆی لەو حیزبە جیا کردەوە و دژی بەشداری ئەڵمانیا لە جەنگ وەستایەوە و لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئەڵمانیایان دامەزراند و داوای یەکێتی هەموو کرێکارانی جیهانی دەکرد.
بەهۆی نووسین و وتارەکانی دژی جەنگ بە درێژایی ساڵانی جەنگ لە زینداندا بوو، بەڵام لە زینداندا چەند کتێب و نامیلکەی گرنگی نووسی، لەوانە کتێبی پاشەکەوتی سەرمایە کە بە گرنگترین کتێبی رۆزا لۆکزامبۆرگ دادەنرێت و لەو کتێبەیەدا باس لەوە دەکات کە ئەمپریالیزیم دواین قۆناغی سیستمی سەرمایەدارییە.

کاتێک لە زیندان بوو لە ساڵی ١٩١٧ شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیا روویدا، لۆکزامبۆرک دڵخۆش بوو بە شۆڕشەکە و بە نووسینەکانی پشتگیری لە لینین سەرکردەی شۆڕشەکە دەکرد، بەڵام هەر ماوەیەکی کورت دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکە بووە رەخنەگرێکی جدی لینین و پێیوابوو کە هەنگاوەکانی لینین و هاوڕێکانی دواجار دیکتاتۆرییەتێکی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە، خوێندنەوەی رۆزا لۆکزامبۆرگ بۆ دیکتاتۆری پرۆلەتاریا جیاوازبوو لە خوێندنەوەی لینین، داکۆکی لە دیکتاتۆرییەتی پرۆلەتاریا دەکرد بەوپێیەی زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی جیهان لە چینی کرێکار و زەحمەتکێشن کە واتە دەبێت ئەم چینە دەسەڵاتداربن، بەڵام بە بۆچوونی لۆکزامبۆرگ دیکتاتۆرییەتی پرۆلەتاریا بەو واتایە نییە کە حیزبێک یان کۆمەڵێک کەس بە ناوی نوێنەرایەتیکردنی چینی کرێکارەوە دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن و حوکمێکی دیکتاتۆری بەڕێوەببەن، بەڵکو دەبێت لەناو چینی کرێکاردا سیستەمێکی دیموکراسی رادیکاڵ هەبێت، ئەو دیکتاتۆرییەتەی لە یەکێتی سۆڤییەت لۆکزامبۆرگ هۆشداری دەدا و لێی دەترسا، هەمان ئەو دیکتاتۆریەتە بوو کە لە دوای مردنی لینین، لەلایەن ستالینەوە پەیرەوکرا و چەندین ملیۆن کەس لەژێر دەسەڵاتی ستالیندا کوژران و چینی کرێکار و زەحمەتکێشیش بەرهەمی شۆڕشەکەی ١٧ی ئۆکتۆبەریان نەچنییەوە.

رۆزا لۆگزامبۆرک بەردەوام جەختی لەسەر دیموکراسی لەناو سیستمی سۆسیالیستیدا دەکردەوە و ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی لۆکزامبۆرگە لەگەڵ بیرمەندە مارکسییەکانی سەردەمی خۆی و پێش خۆی و لەمبارەیەوە دەڵێت: " ئازادی راستەقینە بە واتای ئازادی جیابیران دێت". 
 هەرچەندە لە سەدەی بیستەمدا بەهۆی یەکێتی سۆڤیەتەوە ناو و ناوبانگی لینین سێبەری بەسەر ناو و ناوبانگی رۆزا لۆکزامبۆرگدا کێشابوو، بەڵام دوای سەد ساڵ چ لەناو چەپەکان و چ لەناو رەخنەگرانی بیری چەپیش، ئێستا زیاتر نووسینەکانی رۆزا لۆکزامبۆرگ دەخوێندرێتەوە تا نووسینەکانی لینین.