ڕاپۆرتی جیهانی

07:12 - 26/12/2021

جيهان ئینسانێکی گەورەی لەدەستدا‌

پەیسەر

کەسایەتی دژە ئەپارتایدی ئه‌فریقای باشوور دێسمۆند توتو، کە بە مۆرکی ڕەوشتی وڵاتەکە ناودێرکراوە، ڕۆژی یەکشەممە لە تەمەنی تەمەن 90 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

سەرۆکی ئه‌فريقای باشوور سیریل ڕامافۆسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " کۆچی دوایی گەورە قەشە دێسمۆند توتو قۆناغێکی تری خۆڕاگری وڵاتەکەمان بۆ ماڵاوایی کردن لەو نەوە بێوێنەیەی ئافریکای باشوور کە ئافریکای باشوورێکی ئازادکراویان پێبەخشین."

پاش ئەوەی وەک مامۆستایەک کاری کرد و زانستی ئاینی تەواو کرد لە ساڵی 1961 بوو بە قەشە. لە ساڵی 1976 وەکو گەورە قەشەی ناوچەی لێسۆتۆ دەستنیشان کرا. لە ساڵی 1978 بوو بە یەکەم سکرتێری گشتی ڕەشپێستی ئەنجومەنی کڵێساکانی ئافریکای باشوور، کە گروپێکی زۆر کاریگەرەو نزیکەی 15 ملیۆن ئەندامی هەیە کە خەباتی دژ بە ئەپارتاید ( جیاکاری و ڕەگەزپەرستی) دەکەن.

لە ساڵی 1984 توتو خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبەخشرا بەهۆی دژایەتیکردنی ڕژێمی ئەپارتایدی ئافریکای باشوور. لە هەمان ساڵدا بوو بە یەکەم گەورە قەشەی ڕەشپێستی جۆهانسبەرگ کە داوای سزای کرد لە دژی ڕژێمی سپیپێستە کەمینەکانی ئەو وڵاتە.

لە ساڵی 1986 بوو بە سەرۆکی قەشەکانی کەیپ تاون و سەرۆکی کڵێسای ئەنجیلیکانی ئافریکای باشوور کە دوو ملیۆن شوێنکەوتووی هەبوو.

دوو ساڵ پاش کۆتاییهاتن بە ئەپارتاید لە ساڵی 1996 بوو بە سەرۆکی لیژنەی ڕاستیەکان و ئاشتەوایی کە دەستیکرد بە گوێگرتن لەو دڕندایەتیانەی کە سەردەمی ڕژێمەکەی پێشوودا ئەنجامدرابوون. ساڵێک دواتر و لە 1997 توشی شێرپەنجەی پرۆستات بوو و دەستیکرد بە چارەسەرکردن بۆ ماوەی چەند ساڵێک. لە ساڵی 2007 هاوکاربوو بۆ دامەزراندنی گروپێکی پیرانی ڕیبەرانی جیهان بۆ کارکردن لە پێناو ئاشتی و مافەکانی مرۆڤدا و تا ساڵی 2013 ڕێبەرایەتی ئەو گروپەی کرد.

لە تەمەنی 79 ساڵیدا و لە ساڵی 2010 توتو خانەنشینی خۆی لە ژیانی گشتی ڕاگەیاند. لە ساڵی 2013 ڕایگەیاند چیتر دەنگ نادات بە کۆنگرەی نەتەوەی ئافریکا، پارتی دەسەڵاتداری لەمێژینەی ئافریکای باشوور، ئاماژەی بە نایەکسانی، توندوتیژی و گەندەڵی کرد لەگەڵ چەند هۆکاریكی تر. لە ساڵی 2016دا ئەو چووە پاڵ داکۆکیکارەکان کە داوای مافی یارمەتی مردنیان دەکرد. دواجاریش لەم ساڵدا ساڵی 2021 توتو دەرکەوتەوە کاتێک ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرت و بڵاوی کردەوە بۆ هاندانی خەڵکی تا ڤاکیسنەکان وەربگرن. ئەو لە نەخۆشخانەکەوە بە کورسی چەرخدار هاتەدەرةوەو دەستی بۆ خەڵکەکە بەرزکردەوە بەڵام قسەی نەکرد.

دیسمۆند توتومان وته‌یه‌كی به‌ناوبانگی هه‌یه‌ و ده‌ڵێت «ئەگەر لە دۆخێکدا چەوساندنەوە و ناعەدالەتی هەبێ تۆ بێلایەن بی، ئەوا تۆ لای چەوسێنەرت هەڵبژاردوە. ئەگەر فیلێک پێی خستبێتە سەر کلکی مشکێک و تۆ بڵێی لەو دۆخەدا بێلایەن دەمێنیتەوە، مشکەکە رێز بۆ ئەو بێلایەنییە دانانێت».

قەشەی ئاشتیخواز و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ديسموند توتو ئەمڕۆ لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. تا مرد دژ بە ئاپارتاید و ناعەدالەتی و شەڕ و چەوساندنەوە تێکۆشا. توتو لە چەندان شوێنیش داوای ئاشتیی و ئازادیی بۆ کورد کرد، بەتایبەت داوای ئازادیی ئۆجەلانی کرد و پشتیوانی پڕۆسەی ئاشتیی بو لە ٢٠١٢. توتو دۆستی نزیکی ماندێلا و یەکێک لە رەمزەکانی باشوری ئەفریقا. ئەگەر توتو نەبوایە، ئازادیی باشوری ئەفریقا زەحمەتتر دەبو.