ڕاپۆرتی جیهانی

09:49 - 26/12/2021

زانیاری لەسەر تەلەسکۆبی جەیمس وێب‌

ئاكۆ سەمەد

 

رۆژی ٢٥-١٢-٢٠٢١ کاتژمێر ٣:٢٠ ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی کوردستان تەلەسکۆبی جەیمس وێب لە بنکەی ئاژانسی ئاسمانیی ئەوروپی لە گییانەی فەرەنسی (ئەمریکای خواروو) ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.


 پلان وەها بوو کە ساڵی ٢٠٠٧ ڕەوانە بکرێ و تێچووی ١.٥ ملیار دۆلار بێ، بەڵام تێچووەکەی گەیشتە ١٠ ملیار دۆلار و هەڵدانەکەشی ١٤ ساڵ دواکەوت.


 سەرەتای تاقیکردنەوەی لە کۆمەڵێ تێستی زۆر دەرنەچوو، لەوانە تێستی هەززە، کە برغویەکی زۆری کەوتە خوارەوە!. پاشان زیاتر ئاڵۆزبوونی تەکنەلۆجیا و پرۆگرامسازی و کێشەی سیاسی و ئابووری و هاتنی کۆرۆنا و بەردەوام دروستبوونی کێشەی تەکنیکی هەم زۆریان دواخست و هەم تێچوویان زۆر کرد.


نەریتی ناسا و بنکەکانی تریش وایە کە هەر موشەکێک بە ناوی زانایەکەوە بکرێ، بەڵام جەیمس وێب زانا نییە، ئەو کەسێکی بیرۆکراتە؛ دووەم سەرۆکی دەزگای ناسا لە ساڵی ١٩٦١ تا ١٩٦٨.


 ئەو سەرکردایەتیی بەرنامەی ئەپۆلۆی کرد بۆ ناردنی مرۆڤ بۆ سەر مانگ و هەروەها لە ماوەی سەرکردایەتیی ئەودا ٧٥ مانگی دەستکرد ڕەوانەی بۆشایی کراون. بەڵام وەهاش مشتومڕی زۆر لەسەر ناونانەکە هەیە و زاناکان پێیان خۆش نەبوو بە ناوی ئەوەوە بێت، لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵی بابەتی گەندەڵیشەوە تێوە گلاوە.


هەرچەند تەنها ناوی ناسا بە دیارە، بەڵام ئەمە کاری هاوبەشی ناسا و ئاژانسی بۆشایی ئەوروپی و کەنەدییە، لەگەڵ بەشداریی ٣٠٠ زانکۆ و دەزگا و کۆمپانیا لە ١٥ وڵاتەوە. 


هەڵدانەکەشی لە وڵاتی گییانە لە دارستانەکانی ئەمەزۆن دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی ئەوێ لە هێڵی کەمەریی زەوی. خێرایی بەخولی زەوی لە هەموو جێیەک وەک یەکە، بەڵام ئەم خێرایی بەخولە کە دەگۆڕدرێ بە خێرایی بەهێڵ، لە جەمسەرەکاندا نزیک لە سفر دەبێت و لە کەمەری زەویدا نزیکەی ١٠٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. ئەو خێراییە زۆرەی نزیک لە کەمەری زەوی یارمەتریدەرە تا مانگی دەسکرد بە سوتەمەنیی کەمتر و ئاسانتر لە هێزی کێشکردن دەرباز بێ و زووتر بگاتە جێی خۆی.


بۆ هەڵدانەکەی موشەکی ئاریانە ٥ بەکار هات کە فەرەنسییە و زۆر بەهێز و خێرایە و پاش ٣٠ خولەک گەیاندییە ئەو جێیەی کە پێویستی بە موشەک نەمێنێت و بەهێزی خۆی بەردەوام بێ لە گەشتەکەی، کە نزیکەی مانگێکی پێدەچێت تا دەگاتە شوێنی مەبەست. ١.٥ ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوی دوور دەکەوێتەوە، نزیکەی ٤ هێندەی دووریی مانگ. تەلەسکۆبی هەبڵ نزیکەی ٥٥٠ کیلۆمەتر دوورە! هەبڵ کە گرفتی تێدەکەوت تیمیان ڕەوانە دەکرد بۆ چاککردنەوەی، بەڵام بۆ جەیمس وێب ئەمە مەحاڵە، بۆیە وەها دیزاین کراوە کە هەموو چاکسازییەکی ئۆتۆماتیک بێت، ئەمەش کردویەتی بە ئاڵۆزترین مانگی دەستکرد تا ئێستا دروست کرابێت. ڕەوانەکردنی بۆ ئەو دوورییە زۆرە بۆ جێگیرکردنییەتی لە خاڵی لاگرانج (٢).


خاڵەکانی لاگرانج ئەو خاڵانەن کە هێزی کێشکردن تیایاندا وەک یەکە و تەنەکان تیایدا بە جێگیری دەمێننەوە. بە نمونە، تەنێک بکەوێتە نێوان خۆر و زەوییەوە، لە دوورییەک کە کێشکردنی زەوی و خۆر وەک یەک بێت، ئەمە خاڵی لاگرانجە. بەم پێیە دەبێ یەک خاڵی لاگرانج هەبێ؟ نەخێر، ئەم تەلەسکۆبە لە خاڵی دووەم جێگیر دەکرێ و دەکەوێتە پێچەوانەی ئاراستەی خۆر و لە سێبەری زەویدا دەمێنێتەوە و پشت لە خۆر و ڕوو لە پێچەوانە. دیارە خۆر و زەوی وەستاو نین تا تەنها بارستایی ئەو خاڵە دروست بکات، بەهۆی تاودانی جوڵەوە تۆڕی بۆشایی – کات لەبری ئەوەی تەخت بێ و بەهۆی بارستەکانەوە بچەمێتەوە، شێوەکەی قۆقزی دەبێت و کە بارستەکان دەیچەمێننەوە ٥ خاڵی لاگرانج دروست دەکەن لەبری یەک دانە. لەم لینکەوە لە خالەکانی لاگرانج تێبگەن

: https://www.youtube.com/watch?v=7PHvDj4TDfM


ئەم تەلەسکۆبە بە دەوری زەویدا ناخولێتەوە، بەهۆی ئەوەی خاڵی لاگرانجی ٢ تەنها خاڵێکی بچوک و کەم مەودا نییە، هاوشیوەی لوتکەی تەپۆلکەیەک مەودایەکی هەیە بۆ هاموشۆ، ئەمیش لەو مەودایە بە دەوری خاڵێکی دیاریکراو و هاوکات لەگەڵ زەوی بە دەوری خۆردا دەخولێتەوە. مانەوەی لە سێبەری زەویدا گرنگە تا لە تاریکیدا چاودێری و تێڕوانین و پێوانەکاری بکات، هەروەها پێویستیی بە پلەیەکی گەرمیی زۆر نزم هەیە.


تەلەسکۆبی هەبڵ لە مەودای تیشکی بینراو و سەروو وەنەوشەیی کار دەکات، کە سەرباری دەستکەوتە زۆر گرنگەکانی، بەڵام بوونی تەنی زەبەلاح و تۆز و غوباری گەردوونی ڕێگر بوون لەوەی هەبڵ بتوانێ تەنە زۆر دووەکان ببینێت، کە نزیکن لە سەرەتای تەقینەوە گەورەکە. هەر تەنێک لە ئاسمان دەیبینین ئێستای نابینین، ئێستا بینین بوونی نییە، چونکە بینین بەهۆی تیشکی هاتووەوەیە، کە بە خێرایی ٣٠٠ هەزار کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا دەڕوات. خۆر هەشت خولەکی ڕووناکی لێمانەوە دوورە، بۆیە ئەو خۆرەی کە وا هەست دەکەیت ئێستا دەیبینیت وێنەی ٨ خولەک پێش ئێستایەتی. ئەستێرەی پۆلاری ٣٢٣ ساڵی ڕووناکی لێمانەوە دوورە (کە ئاراستەی باکوری پێ دیاری دەکەین) یانی ئەوەی دەیبینین وێنەی پێش ٣٢٣ ساڵیەتی. ئەستێرە هەیە بە چاو دەیبینین و هەزاران ساڵی ڕووناکی دوورە، ڕەنگە لەم کاتەدا ئێمە تەماشای دەکەین ئەو نەمابێ. 



تەلەسکۆبی جەیمس وێب لە مەودای شەپۆلی ژێرسور کار دەکات، کە درێژیی شەپۆلی زیاترە لە تیشکی بینراو و بەربەستەکان ڕێگر نین لە گەشتکردنی. کە تەماشای ئاگرێک دەکەیت ئەوە شەپۆلی بینراوە، بەڵام کە هەست بە گەرمییەکەی دەکەیت ئەوە شەپۆلی ژێر سوورە. کاتێ شتێک بیناییت بەربەست دەکات لە بینین، ئەو شتە ناتوانێ ڕێ لە گەرمییەکەی بگرێت. بەم پێیە وا پێشبینی دەکرێ تەلەسکۆبی هەبڵ بتوانێ تا ١٣.٥ ملیار ساڵی ڕووناکی ئەستێرە و گەلەستێرەکان ببینێت، واتا نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن ساڵ دوای تەقینەوەی گەورە و بینینی سەرەتای دروستبوونی ئەستێرە و گەلەستێرەکان. بۆ ئەمەش دەبێ تەلەسکۆبەکە لە پلەیەکی گەرمیی زۆر نزمدا بمێنێتەوە، نزیکەی ٢٣٥ پلە ژێر سفر. پێنج چین قەڵغانی دژەخۆری هەیە کە بە مادەی تایبەت دروست کراون و بە ئەندازەی گۆڕەپانێکی تێنسی سەر زەوی دەبن. لە کاتێکدا تەلەسکۆبەکە بە مانگێک دەگاتە خولگەی خۆی، بەڵام چوار مانگی پێویستە تا سارد بێتەوە و دوو مانگیش ڕیککردنەوە (کالیبرەیشن)، واتا دوای نزیکەی شەش مانگ دەست بە کارکردن و پێوانەکاری دەکات.



تەلەسکۆبەکە لە ١٨ ئاوێنەی شەشلا دروستکراوە، کە پێکەوە دەکرێنەوە و دەبەسترێن و یەک ئاوێنە بە تیرەی ٦.٥ مەتر دروست دەکەن. ئاوێنەکان لە مادەی بریلیۆم دروستکراون بە ڕووپۆشێکی ئاڵتونیی زۆر تەنک (ئەستوریی ١٠٠٠ ئەتۆم). ١٠٠ هێندەی هەبڵ هەستیار و بەهێزە، کە گەر هەنگێک لەسەر مانگ باڵەفڕە بکات ئەم لەسەر زەوییەوە دەتوانێ هەست بە گەرمییەکەی بکات! هەر لەبەر ئەمەشە کە دەبێت زۆر سارد بکرێتەوە، بوونی هەر گەرمییەک لە دەوری ئامیرەکە و گەرمیی خۆی، دەبێتە هۆی شێواندنی پێوانەکان و زانیاریی نادروست شیکار دەکەن.


ئامانجەکانی تەلەسکۆبی جەیمس وێب:


١- بەهۆی توانای پێوانەکردنی بۆ نزیکەی ١٣.٥ ملیار ساڵی ڕووناکی، دەتوانێ وێنەی سەرەتاکانی تەقینەوەی گەورە و دروستبوونی ئەستێرە و گەلەستێرە سەرەتاییەکان بگرێت. هەروەها بە پێوانەکارییەکانی تەمەنی ئەم گەردوونەشدا بچنەوە.


٢- لێکۆڵینەوە لە پەرەسەندنی گەلەستێرە (گالاکسی)یەکان، کە سەرەتا چۆن بوون و چۆن شێوەی هێلکەیی و لولپێچ وەردەگرن.


٣- لەدایکبوونی ئەستێرەکان لە تۆز و غوباری گەردوونییەوە. ئەوە زانراوە کە لە ناوەندە چرەکانی ئەو تۆز و غوبارانەوە بەهۆی چڕبوونەوەی بارستاییەوە ئەستێرەکان لەدایک دەبن، بەڵام وێنەی تۆمارکراویان نییە. وێب دەتوانێ وێنەی گەرمیی ئەو ناوەندانە بگرێت و بەچکە ئەستێرە و مامانەکەی ببینێت.


٤- گەڕان بۆ ژیان لە هەسارەکانی هاوشێوەی زەوی. بەهۆی ئەوەی هەزاران ئەستێرەی هاوشیوەی خۆر هەن و هەزاران هەسارەی هاوشیوەی زەوی لە ناوچەی شیاو بۆ ژیان لە دەوریان دەخولێنەوە، ئەگەری بوونی ژیان تیایاندا بەرزە. ئەو هەسارانە پێشتر بەهۆی زاڵیی تیشکی ئەستێرەکەیانەوە نەبینراون، تەنها بەهۆی بوای کێشکردنەوە ناراستەوخۆ هەستیان پێکراوە، بەڵام جەیمس وێب دەتوانێ وێنەی گەرمییان بگرێت؛ لەوەش گرنگتر، شیکاری بەرگەهەواکەیان بکات و ئۆکسجین و دوانۆکسیدی کاربۆن هەست پێ بکات، کە بەهۆی چالاکیی زیندەگییەوە پەیدا دەبن.

سەرچاوەکان:
https://www.nature.com/articles/d41586-021-03655-4...
https://www.space.com/21925-james-webb-space-telescope...
https://www.space.com/james-webb-space-telescope-how-and...
https://www.iflscience.com/.../hubbles-successor-jwst.../...
https://www.scientificamerican.com/.../the-james-webb.../...